Sarmand Hameed
09 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، چاودێری جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەکات کە لە نێوان هەردوو حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دروستکردنی ئیدارەی هاوبەش لە شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە کراوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەنراوێکدا بەناوی وڵاتەکەیەوە پیرۆزبایی لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هەماهەنگی هاوبەش لە شنگال.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەنراوەکەدا تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە چاودێری جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە دەکەن و هیوای خواستووە کە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی بۆ گەلی عێراق.
پێشتر گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاندبوو کە هەردوو حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەکە.
ئەمڕۆ هەینی، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و ئەندامییەتی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەوەکالەت، عەبدولحەکیم خەسرۆ و سوپاسالاری پێشمەرگە، جەمال ئیمینکی و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عیسمەت ئەرگوشی گەیشتە بەغدا.