Sarmand Hameed
09 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند، رێككەوتن لەسەر دۆسیەكانی كارگێڕی و ئەمنی لە قەزای شنگال كراوە و ئەو رێککەوتنە دەبێتە مایەی خێراكردن و ئاسانكاری بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ قەزاكە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە مستەفا كازمی بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت، كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە سەبارەت بە رێككەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییكردنەوەی رەوشی قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دووپاتیكردووەتەوە كە رێككەوتن لەسەر دۆسیەكانی كارگێڕی و ئەمنی لە قەزای شنگال كراوە و ئەو رێککەوتنە دەبێتە مایەی خێراكردن و ئاسانكاری بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ قەزاكە و روونیشیكردووەتەوە كە رێككەوتنەكە لە كەشێكی لێكتێگەیشتن و برایانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدرالیدا كراوە كە رەنگدانەوەیەكی باشی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها دەبێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ناوچەكانی فرە ئایینی و پێكهاتەیی لە عێراقدا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە كە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، مستەفا كازمی ئەوەی روونكردووەتەوە كە یاسا دەستبەری بنیاتنانی ژێرخانی دەوڵەتی بەهێز دەکات كە هاووڵاتیی هەست بەبوونی خۆی بكات و رەچاوی فرە ئایینی و پێكهاتەیی بكات. ئەمەش بنەمایەكە دەستبەرداری نابێت و پەیوەستە بە داهاتووی عێراق و یەكێتییەكەی ، جەختیكردووەتەوە كە دواكەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شنگال لەسەر حیسابی ئەوانە بوو كە تا دوێنێ بە دەست چەتە تیرۆریستەكانی داعشەوە ناڵدوویانە و ئەمڕۆش بەدەست كەمی خزمەتگوزارییەكانەوە دەناڵێنن و بەڵێنی داوە كە حكوومەتی عێراق تەواوی هەوڵەكانی لە پێناو گەراِن و رزگاركردنی هاووڵاتییە ئێزدییە رفێندراوەكان دەخاتەگەڕ.
باس لەوەشكراوە كە مستەفا كازمی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە حكوومەتی فیدرال بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رۆڵی سەرەكیی خۆی دەگێرێت لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە بەشێوەیەكی راست بۆ ئەوەی سەركەوتنی رێككەوتنەكە دەستەبەر بێت ئەوەیش یەكەمجار بە هاوكاری لەگەڵ دانیشتوانی شنگال دەبێت و هەروەها جەخیتكردووتەوە لەسەر پەرۆشی و جیددیبوونی حكوومەتی فیدرال لەوەی کە نابێت هیچ گرووپێکی چەکداریی لە شنگال بمێنێت جا گرووپە چەكدارە خۆجێیەکان بێت یان ئەوانەی كە لە دەرەوەی سنوورەوە هاتوون و دووپاتیشیكردووەتەوە كە ئاسایشی رۆژئاوای نەینەوا دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرال.
هەر بەپێی رێككەوتنەكە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە عێراق رەتی دەكاتەوە لەوەی خاكەكەی لە لایەن گرووپە چەكدارەكانەوە بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێیەكانی بەكار بهێندرێت چی توركیا یان ئێران یان دراوسێیەكانی دیكەی.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە هەر لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی سوپاسی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە عێراق كردووە كە پاڵپشتی لە هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق دەكات بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە دۆسیەی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكانیان و هەروەها سوپاسی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانشی كردووە كە یارمەتیدەربووە لە گەیشتن بەم رێككەوتنە و جگە لەوەیش ستایشی هەوڵی ئەو بەرپرسانەی حكوومەتی كردووە كە هەوڵەكانیان لە پێناو بەدیهێنانی ئەم رێككەوتنە و دادپەروەریی بۆ هاووڵاتییانی ئێزدی خستوونەتەگەڕ.
ئەم رێككەوتنە، گەڕانەوەی سەقامگیری لە شنگال لەگەڵ ژمارەیەك خاڵێکی تایبەت بە كارگێڕی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت و هەروەها ئەم رێككەوتنە بەهاوشانی لایەنی كارگێڕی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا لەخۆدەگرێت بە لەبەرچاوگرتنی داواكارییەكانی دانیشتوانی قەزاكە.
هەورەها لایەنی ئەمنی لە رێككەوتنەكەدا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرال بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێت، لایەنی خزمەتگوزارییەكەیش لە ئەستۆی بەرپرسیاریەتی لیژنەی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی فیدرال، حكوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا دەبێت.
لای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بە گەیشتن بەم رێككەوتنە و دووپاتی كردووەتەوە لەوەی كە ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ شنگال دوای ئەو كۆمەڵكوژییەی كە دانیشتوانەكەی لەسەر دەستی چەتەكانی داعش رووبەڕووی بووەوە و لەگەڵ هەموو ئەو ناخۆشییەی كە دوای وەدەرنانی داعش دووچاری بوونەتەوە و گوتیشی: "ئەم رێككەوتنە سەرەتایەكی راستەقینەیە بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئامادەیە پاڵپشتی بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە پێشكەش بكات".
پێشتر گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاندبوو کە هەردوو حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەکە.
ئەمڕۆ هەینی، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و ئەندامییەتی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەوەکالەت، عەبدولحەکیم خەسرۆ و سوپاسالاری پێشمەرگە، جەمال ئیمینکی و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عیسمەت ئەرگوشی گەیشتە بەغدا.