/شنگال
شوان سدیق
دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناحیەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگال و بەستنەوەی رێگای هاتوچۆی ناحیەكە بە ناحیەی رەبیعە 20ی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان، گەیشتنە دەروازەكانی دەوروبەری شاری شنگال لە قۆناغی ئێستا شەڕو پێكدانانەكان، لەگەڵ چەكدارانی داعش پێی ناوەتە مانگێك.
نزیك بوونەوەی پێشمەرگە لە سنووری قەزای شنگال دوای سێ رۆژ لە ئۆپەڕاسیۆنی هێزەكانی پێشمەرگە دێ بەهاوكاری فڕۆكە جەنگیەكانی وڵاتانی هاوپەیمان كاتێ توانیان لە ناحیەی زوممار پێشڕەوی بكەن.
لە بەرامبەردا چەكدارانی داعش بەرگرییەكی كەمیان هەبوو هەرزوو بەشێكی زۆر لە هێزەكانیان بۆ ناو شاری شنگال و دەوروبەری ناوچەكانی تەلەعفەر پاشەكشە پێكرد.
لەماوەی ئەو مانگەی كە چەكدارانی داعش لەگەڵ پێشمەرگە شەڕ دەكەن، هێزی پێشمەرگە توانیویەتی لەچەند گەڕەكێكی شاری شنگال پاشەكشە بەو چەكدارانە بكات كە لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەجەنگن و لە سەرەتای مانگی ئابی پارساڵەوە هاتوونەتە سنوورەكە.
فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال هۆكاری راوەستانی پێشڕەوییەكانیان، بۆ ناو شارەكە ئاشكرا دەكات.
عەمید بەهرام عەریف یاسین، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزی پێشمەرگە لەماوەی ئەم مانگە قارەمانانە شەڕیان لەدژی چەكدارانی داعش كردووە، رووبەڕووی هێرش و پلانەكانی ئەو چەكدارانە وەستاونەتەوە، چوونكە ئەوان لەو ماوەیە چەندین هێرشی جیاجیان كردووەتە سەر هێزەكانمان، جگە لەوەی هێرشەكانیان بەچەكی قورس و دوور مەودا بووە، تا ئێستا سێ عەمەلیەی خۆكوژیشیان ئەنجامداوە، خۆش بەختانە زیانێكی ئەوتۆیان بەهێزەكانی پێشمەرگە نەگەیاندوە و هێرشەكانیان تێكشكێنراون".
ئەو فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە شنگال گوتیشی "درێژكردنەوەی شەڕ لە شنگال پەیوەندی بەوەنیە، چەكدارانی داعش بەردەوام هێرشیان كردووەتە سەر هێزی پێشمەرگەو ئێمەش نەمانتوانیوە پێشڕەوی بكەین، بەپێچەوانەوە پێشمەرگە بەرنامەی خۆی هەیە ئێستاش بە كردەوە زاڵین بەسەر شاری شنگال و چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆمان دەكەین، بۆ ئەوەی پێشڕەوی بكەین".
بەهرام عەریف یاسین روونیكردەوە، ناوچەكە بەگشتی بەتایبەتی شاری شنگال لە سەدا سی لەدەستی هێزی پێشمەرگەیە ئەو بەشەی تریش كە چەكدارانی داعشی تێدان، هێزەكانیان باڵا دەستن.
لەبەشێكی تری لێدوانەكەی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال گوتی "دوای مانگێك چاوەڕوانی سەروی خۆمانین و پلانی سەربازی جێبەجێ بكەین، ئەوكاتە دەتوانین بە تەواوی قەزای شنگال لە چەكدارانی داعش خاوێن بكەینەوە".
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، قادر وەتمان رەزگەیی لە لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان و لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدی پەرلەمان دەڵێ: "هەنگاوەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچەكانی شنگال بە خاوی بەڕێوە دەچن، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێشمەرگەی نایەوێ قوربانی زۆربن، ئەمە لایەنێكی گرنگی ئۆپەڕاسیۆنەكەیە".
رەزگەیی گوتیشی "لەماوەی دروستبوونی شەڕ و ئۆپەڕاسیۆنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بۆ سەر ناوچەكانی شنگال و دەوروبەری موسڵ داعش هەموو توانایەكی سەربازی خۆی بەكارهێناوە، هەرچەندە خۆیان باش دەزانن دەبێ ناوچەكە چۆڵ بكەن، ئیتر بە شەڕكردن بێ یاخوود پاشەكشە بكەن".
قەزای شنگال ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 400 هەزار كەس دەبێ زۆربەی دانیشتووانەكەی ئێزدین و كورد لەو ناوچەیە دەسەڵاتدارە.
قەزاكە لەڕووی كارگێرییەوە سەربە پارێزگای نەینەوایە نوێنەری شنگالییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان هەیە.
دوای هاتنی چەكدارانی داعش بۆ عێراق، لە 3ی ئابی 2014 توانیان سنووری قەزای شنگاڵ كۆنتڕۆڵ بكەن، هاتنی ئەو چەكدارانەش بووە هۆی ئاوارەبوونی زۆربەی دانیشتووانی ئەو قەزایە هەر لەوكاتەدا لەلایەن داعشەوە ژمارەیەك لە كچ و ژنانی ئێزدی دەست بەسەركران، كە لە هەزار كەس بۆ سەرەوەیە ئەو رووداوانە وایكرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كار بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو پرسە بكات.