هەولێر
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دژ بە دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی بڵاو كردەوە و داوای ئازاد كردنی كرد.
بێگەرد دڵشاد سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەدژی دەستگیر كردنی فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی شنگال لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان ناڕەزایەتی فراكسیۆنەكەی بۆ میدیاكانی هەرێم و رای گشتی راگەیاند.
سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئیدانە كرد و بە كارێكی حزبی زانی.
حەیدەر شەشۆ هاوكات لەگەڵ ئەوەی كە بە فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی شنگال ناسراوە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە.
بێگەرد دڵشاد داوای كرد كە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت و وەڵامی ئەو كردارەیان بداتەوە.
دوێنێ دووشەممە حەیدەر شەشۆ لە لایەن هێزیكی ئاسایشەوە دەستگیر كرا و لەو بارەیەوە گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە: "دوای ئەوەی تاقمێك لە دەڤەری شنگال لە هەوڵی دامەزراندنی هێزێك لە دەرەوەی هەموو چوارچێوەی یاسایی و وەزارەتی پێشمەرگە بوون، لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاگادار كران كە ڕێگە نادرێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسا دروست بكرێت و دوو مانگ مۆڵەتیان پێ درا كە پێویستە هەتا سەرەتای مانگی نیسانی 2015 خۆیان یەكلای بكەنەوە، ئەگەر مەبەستیان بێت كە خزمەتی شنگال و كوردستان بكەن دەتوانن بە شێوەیەكی فەرمی لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری بكەن و ڕێكبخرێن. كەچی ئەوان سوور بوون لەسەر هەوڵەكانیان و تەحەددای دەستەڵاتی هەرێمیان دەكرد. لێرەدا رایدەگەیێنن بە هیچ شێوەیەك رێگە نادرێت هێزی نایاسایی دروست بكرێت و سەرپێچیكارانیش بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".
گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "حەیدەر شەشۆ بەرپرسی ئەو تاقمە و چەند كەسێكی دیكە بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا دەستگیر كراون و دەدرێنە دادگا. كەسیش شوێنبزر نەكراوە و بە نهێنی دەستگیر نەكراوە".
دەگوترێ حەیدەر شەشۆ فەرماندەیی ئەو هێزە دەكات كە بە "حەشدی شەعبی شنگال" ناسراوە و لەخەڵكی كوردی ئێزدی ناوچەكە پێكهاتوون، مووچەیان لە بەغدا وەرگرتووە.