هەولێر
بێستون فایەق دەڵێت دەبێت وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان ئەو پاسەوانە زۆرەی لە كوردستاندا هەیە رێكیان بخاتەوە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بێستون فایەق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی لە هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی زۆر لە پاسەوانی كەس و بارەگاكان هەیە كە "زۆر بە ناڕێكی" دابەش كراون و دەبێت رێكبخرێنەوە.
لەوبارەیەوە روونی كردەوە: "بارودۆخی نێوخۆی هەرێمی كوردستان تا رادەیەكی باش پارێزراوە و ژمارەیەكی زۆر هێزی چەكدارمان هەیە خەڵك و دامەزراوەكان و بەرپرسانیش دەپارێزن، لە ماوەكانی رابردوو نەمانبینی بەرپرسێكی حكوومی یان حزبی بكەوێتە بەر هەڕەشە بەشێوەیەكی وا ژیانی بكەوێتە بەر مەترسی و ژمارەیەك پاسەوانی زۆری هەبووبێت".
گوتیشی: "لەماوەكانی رابردوو پاسەوانەكان زۆر بە نارێكی رێكخراون و دابەشكراون بەسەر پەرپرسانی حكوومی و حزبی و تەنانەت دەزگا حزبییەكانیش. لە هەرێمی كوردستان بە دەیان هەزار پاسەوان هەن كە زۆرن و پێویستە رێكبخرێنەوە و پێویستە تەنها ئەوانەی سیفەتی رەسمییان هەیە پاسەوانییان هەبێت، بەڵام ئێستا خەڵكێك هەیە هیچ سیفەتێكی رەسمی نییە و لە حكوومەتیش نییە، بەڵام پاسەوانی بۆ دابین كراوە".
بێستون فایەق لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "بەو شێوەیەی ئێستا ئەو ژمارە زۆرەی پاسەوان و بەو ناڕێكییە بارگرانییە بۆ سەر بوودجە و سیستەمی كارگێری هەرێم، باشترە وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی پەرلەمانەوە و بە هەماهەنگی جارێكی تر پێداچوونەوە بە پاسەوانەكان بكرێتەوە و رێكبخرێتەوە، ئەو ژمارە زۆرە بگوازرێنەوە و بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و وەزارەتی ناوخۆ دابەش بكرێن".
گوتیشی: "بە پێی ئەو ئامارەی لەبەردەستمانە نە هەرێمی كوردستان پێویستی بەو ژمارە زۆرەی پاسەوان هەیە، نە هەموو ئەو پاسەوانانەش دەوام دەكەن، بەشێكیان بن دیوارن و بێ دەوام مووچە وەردەگرن، ئەگەر ئەوانە رێكبخرێتەوە ساڵانە ملیارەها دینار دەگەڕێتەوە بۆ بوودجەی گشتی".