rawan nheli
30 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2015
ئەمڕۆ لە چیای زاوا لە شاری دهۆك، لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی دا، كۆتایی وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی كوردی (رەشەبا) كە باسی لە شەڕی دژی تیرور و كارەساتی شنگال دەكات راگەیەنرا.
بە گوتەی بەڕێوەبەرانی ئەو فیلمە، فیلمی (رەشەبا) 18 مانگە كار لە وێنەگرتنی دا دەكرێت و حسێن حەسەن كاری دەرهێنانی بۆ كردووە و رێكێش شەهباز پاڵەوانی فیلمەكەیە و بەرهەمی بەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای دهۆك و كۆمپانیای میتوسی ئەڵمانییە.
بەڕێوەبەری گشتی هونەری و رۆشنبری پارێزگای دهۆك ئەیوب رەمەزان لە گوتەیەكدا سەبارەت بە فیلمەکە رایگەیاند: "ئەو فیلمە دەبێتە باڵیۆزێكی هەرێمی كوردستان و نیشادانی ئەو ستەم و زوڵمەی بە سەر گەلی كورددا هاتووە بە تایبەت كوردانی ئێزدی لە شنگال و رەنگدانەوەیەكی زوری دەبێت لە سەر ئاستی جیهان".
حسێن حەسەن دەرهێنەری فیلمی رەشەبا گوتی: "چیرۆكی ئەم فیلمە لە سەر ماڵباتێكی ئێزدیە كە كچێك و كوڕێك دەیانەوێت زەماوەندی خویان بگێرن، بەڵام تیرور دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەمیان".