Fahrettin İbrahim / Yusuf Aydın Deniz
15 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2015
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستان و راشیگەیاندووە کە تورکیا ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان "سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە رێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شاری شنگال لە سەرۆك بارزانی كرد".
لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە: "هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكوەزیرانی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان داوە بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەروەها وێڕای دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەركەوتن لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان راشیگەیاند كە توركیا ئامادەیە بریندارەكانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەكانی خۆی چارەسەر بكات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعشی بە ئەرکێکی گرنگ وەسف کردووە و هاوکاتیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان سوورن لەسەر بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان و نەهێشتنیان لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی هیچ هەڕەشەیەک لەسەر خەڵکی ناوچەکە نەمێنێ.