هەولێر
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکەیاتی هەرێم کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، لە دیدارەکەدا نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سوپاسی بارزانی و حکوومەت و گەلی كوردستانی كردووە كە باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان كردووەتەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی هەموویان دەپارێزن و خزمەتگوازارییان پێشکەش کردوون.
نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە درێژەی قسەكانی خۆیدا سوپاسی رۆڵی پێشمەرگەی كرد و رایگەیاند: "داوا لە بەڕێزتان دەکەم سوپاس و سڵاوی ئێمە و قەداسەتی پاپا بگەیەننە پێشمەرگەکان کە گیانی خۆیان خۆیان بەخت دەکەن بۆ پاراستنی ژیانی کەسانی دیکە و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو رۆڵە ئازایانەیەی پێشمەرگە لە پاراستنی ئاوارە و لێقەوماوان و ئەوەی پێشمەرگە کردی تەنیا بەو کەسانە دەکرێت کە بڕیاریان داوە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی خەڵک تەرخان بکەن".
لەبەرانبەردا سەرۆكی هەرێم رایگەیاند: "لە سەردانی پێشووتاندا بۆ کوردستان کە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستان بوو بە ئێوەم گوت کە یان هەموومان پێکەوە دەمرین یان تیرۆریستان تێک دەشکێنین و ئاوارەکان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، ئێستا دەبینین کە پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێک شکاند و سەرکەوتنی زۆر گەورە تۆمارکران و بەشێکی زۆر لەناوچە داگیرکراوەکان ئازاد کران و دڵنیشاتان دەکەمەوە تیرۆریستان هیچ داهاتوویەکیان لەم وڵاتەدا نییە و ئاوارەکان بەسەربەرزی دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان".
مەسعود بارزانی هەروەها بە شاندی میوانی راگەیاند کە "جارێکی دیکە لەڕێگەی ئێوەوە داوا لە خوشك و برا مەسیحییەكان دەکەم بیر لە كۆچ و جێهێشتنی وڵاتیان نەكەنەوە و دڵنیای کردنەوە کە ئێستا تیرۆریستان زۆر لاوازبوونە و دوای وەدەرنانی تیرۆریستانیش داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە دەکات و هەرگیز جارێکی تر رێگە نادەین ژیانیان بکەوێتە بەر مەترسی".