هەولێر
سەرەتا بارزانی گوتی: "سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كاتێكی هەستیار و گرنگدا بووە و ئەم سەردانە هەلێكی گرنگە بۆ گفتوگۆكردن لە سەر ئایندە و راوبۆچوونەكانی هەردوولا".
لای خۆشیەوە عەبادی گوتی: "سەردانەكەمان بۆ بەشێكی خۆشەویستی عێراقە، لای ئێمە جیاوازی نییە لە نێوان پێكهاتەكان، هەموومان عێراقین ئێمە توانیمان قۆناغی رابردوو بەجێ بهێڵین و قسەمان كردووە لەسەر ئەوەی هەماهەنگی زیاتر هەبێت، حكوومەتی هەرێم ئەركێكی زۆری مرۆیی بۆ ئاوارەكان جێبەجێكردەوە، پێویستە بۆ شوێنی خۆیان بیانگەرێننەوە".
پاشان لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا عەبادی گوتی: "داعش بەخراپی شكستی هێنا باوەڕمان نەدەكرد كە تكریت بەمشێوەیە كۆنترۆڵ بكرێتەوە".
سەبارەت بەمووسڵ عەبادی گوتی: "كاتمان دیاریكردووە بۆ جوڵەی سەربازی و رزگاركردنەوەی مووسڵ دوژمن رووخاوە دەمانەوێت بە ئاشكرانەكردنی كاتەكە زیاتر بروخێت، هاوكات پەیوەندی راستەوخۆم هەیە لەگەڵ خەڵكی مووسڵ و داوای رزگاركردنی شارەكەیان دەكەن".
سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بەبوودجەی پێشمەرگە گوتی: "بەپێی بوودجەی گشتی عێراق بوودجەی پێشمەرگە رەوانە دەكەین، وەك تێگەیشتوومە حكوومەتی هەرێم مووچە دەدات و تەنیا دوو مانگ مووچە دواكەتووە و حكوومەتی بەغدا پارە دەنێرێت".
بۆ مەترسییەكانی حەشدی شەعبی حەیدەر عەبادی گوتی: "حەشدی شەعبی لە هاووڵاتی عێراقی پێكهاتوون و بەهەزاران خۆبەخشمان لە نەینەوا و هەرێم تەنانەت لە هەموو عێراق هەیە، ئەوەی باسیش دەكرێت كە گوایە خراپەكاری هەیە، ئەوانەی تۆمەت دەدەنە پاڵ حەشدی شەعبی غەدر لە نیشتیمان دەكەن چونكە ئەوان (حەشدی شەعبی) بۆ ئەوە چەكیان هەڵگرتووە تا بەرگری لە نیشتیمان بكەن".
هاوكات مەسعود بارزانی لەوەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەنووساندا گوتی: "باسی هەموو كێشەكانمان كردووە و رێككەوتووین تا كێشەكان بەتەواوی چارەسەر بكەین، بەیەكەوە كاربكەیەن و بڕیارمان داوە تەواوی كێشەكانی نیوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكەین، سەبارەت بۆ پرسی بەشداری پێـشمەرگە لە رزگاركردنی مووسڵ لیژنەیەكی هاوبەش دروست دەكرێت كە لە پسپۆرانی سەربازی و ئەمنی پێكهاتوون ئەوان دیراسەی بەشداری پێشمەرگەی كوردستان دەكەن پاشان بڕیاری كۆتایی لەباریەوە دەدەین".
لەكۆتاییدا عەبادی گوتی: "مژاری رزگاركردنی مووسڵ پەیوەندی بە بوودجەی هەرێم كوردستانەوە نییە".