هەولێر
لەچوارچێوەی سەردانیكردنی حیزب و لایەنەکانی سیاسی هەرێم سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان كرد و لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوە و لە وكۆبوونەوەیەدا پرسی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێمیان تاوتوێكرد.
پاش كۆبوونەوەكە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان باسیان لەپرسی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێم و سیستەمی حوكمڕانیان كردووە پێمان باشە وەک كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان سیستەمی حوكمڕانی كوردستان بەشێوەیەك بێت، كە خەڵك خۆی حوكمڕانی خۆی بكات".
لەبەرمبەردا یوسف مەحمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەسەر بنەمای سازان لەسەر پڕۆژەی دەستوور و بەردەوامبوونی هەنگاوەكان لەو بارەیەوە كردەوە و رایگەیاند: "پڕۆژەی دەستووری هەرێم هەموو بەندەکانی گرنگن و هەوڵدەدەین بەڕەزامەندی لایەنەکان بەرنامەڕێژی بۆ دەسەڵاتەکانی حکومڕانی بکەین".
ئەمڕۆ شاندی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە پێکهاتبوون لەهەریەكە لەیوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان و جەعفەر ئیمینكی جێگر و فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمان، لەگەڵ ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان محەمەد فەرەج كۆبوونەوە و دوێنیش لەسەر هەمان ئەو مژارانەی کە ئەمڕۆ تاوتوێ کران، شاندی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی كۆبوونەوە.