Hemn Baban
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2015
هەولێر
لە هەرێمی كوردستاندا زۆر جار لە بازاڕ یان لە پیشانگەی نێودەوڵەتی كتێب كڕیاران كتێبەكانییان دەكڕن، واتە لەسەر زەوی، بەڵام ئەمجارە لە ژێر زەوی دەبێت.
لەژێر شەقامێكی زۆر قەرەباڵغی شاری هەولێر كە بە یەكێك لە شادەمارەكانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دادەنرێت، ژمارەیەك دەزگای كتێب و كتێبخانەی شاری هەولێر و سلێمانی پیشانگەیەكی كتێب بۆ رێبوارانی رێرەوێكی ژێر شەقامەكە دەكەنەوە، پیشانگەكە لەژێر شەقامەكەدا كراوەیە، بۆ هەرێمی كوردستان نەك بەتەنها كردنەوەی پیشانگەكە لەو شوێنە ئەزموونێكی بێ پێشینە و نوێیە، بەڵكو رۆیشتن بە رێرەوەكانی ژێر شەقامەكان و پردی سەر شەقامەكانیش زۆر دەگمەنە، هەربۆیە لەو پیشانگەی كتێبە كڕیارەكان هێندەی دڵی فرۆشیارەكان خۆش بكەن.
ئەو پیشانگەی كتێبەكە كە لە رێرەوی بەستنەوەی كۆلێژی زانست بە نەخۆشخانەی دڵ لەم پەڕ و ئەو پەڕی ژێر شەقامەكەدا كراوەتەوە شوێنێكە زۆرترین كۆلێژ و پەیمانگەی زانكۆی سەڵاحەدینی لێیە و بەردەوام قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆ دەبینرێن.
زۆرێك لەو رێبوارانەی بە رێرەوەكەدا دەرۆیشتن بە رێككەوت بە رێرەوەكەدا دەرۆیشتن و پێدەچوو ئاشنایەتییان لەگەڵ كردنەوەی پێشانگەی كتێب لەو شوێنە نەبووبێت، بۆیە كتێبەكان سەرنجی بەشێكیان رادەكەێشا و بەشەكەی دیكەش نا.
رێرەوەكە لەمسەر بۆ ئەو سەر بە درێژایی دەیان مەتر بەشێوەیەكی ناوازە و سەرنج راكێش كتێبەكان لەسەر مێزەكان ریز كرابوون و زۆرێك ناونیشانی كتێبی نوێ و بە چاوپی نوێی و دیزاینی جوانەوە دەبینران، رێرەوەكەش كە پێشتر بۆنێكی ناخۆش و دیمەنێكی بێزاركەری هەبووە، ئێستا گڵوپەكان رووناكیان كردووەتەوە و بۆنێكی خۆش و دیمەنێكی خاوێنی هەیە.
مامۆستا حەمید عەزیز مامۆستا لە كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین بە عەینكەكەیەوە كتێبێكی لەدەست نابوو و پەڕەكانی هەڵدەدایەوە وەك ئەوەی بیەوێت بزانێت تاچەند بەكەڵكی ئەو دێ بۆ خوێندنەوەی، ئەو لەبارەی پیشانگەكە بەگشتی گوتی: "ئێستا كاتەكەی زۆر باشە كە قوتابیان و خوێندكاران تازە دەستیان بە خوێندن كردووە، بەڵام بەداخەوە پیشانگەكە شوێنێكی زۆر گونجاو نییە، چونكە من ئەگەر بە رێككەوت نەهاتبام نەمدەزانی پیشانگەی كتێب لێرە هەیە، یان هیچ نەبایە دەبوو ناونیشانێكی گەورەتر دابنرا كە لێرە پێشانگەی كتێب هەیە".
ئەو لەگەڵ ئەوەش دەیگوت كە كتێبەكان زۆر باشن و سەرچاوەی گرنگی زانستیین بۆ مامۆستایان و قوتابیان، بەڵام گلەیی لە گرانیی نرخەكانی گرت و گوتی ئێستا باری دارایی زۆر باش نییە، هەرچەندە كتێبەكان زۆر باشن و 30 لەسەد داشكان كراوە، بەڵام وا باشتر بوو زیاتر بایە.
ئەوانەی كە بە پیشانگەكەدا گوزەریان دەكرد وەكو سەرسوڕمانێك تەماشایان دەكرد، چونكە ئەو شوێنەی ئەمڕۆ كتێبی لێیە تەواو خاوێنە بە پێچەوانەی دوێنێوە، سەرباری ئەوەی هەموو پیشانگەكانی پێشتری كتێب لەسەر زەوی كراونەتەوە پێچەوانەی ئەمجارە كە لەژێر شەقام و زەویدایە.
خاوەنی كتێبخانەی هەنبانە بۆرینە لە شاری هەولێر عەبدوڵا عومەر نەژاد كە بە ژمارەیەك كتێبی زۆر هاوشانی چەند دەزگایەكی دیكە بەشداریی پیشانگەكەی كردبوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پیشانگەكەیان لەژێر دروشمی 'با چەند ساتێك لە ژیانماندا دڵ بە كتێب بسپێرین' بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند دەزگایەكی كتێب و ناوەندێكی كتێبفرۆشی لە هەولێر و سلێمانی كردووەتەوە و كتێبەكانیش بە زمانەكانی كوردی، فارسی، عەرەبی و ئینگلیزیین".
گوتیشی: "لە پیشانگەكەیاندا پێنج هەزار ناونیشانی جۆراوجۆری كتێب لە هەموو بەشەكان خراونەتە روو و 30 لەسەدیش داشكاندن لە نرخەكاندا وەكو رەچاوكردنی باری ئابووری كڕیاران كراوە".
عومەر نەژاد لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "پێشانگەكە بۆ ماوەی 10 رۆژە، بەڵام بەهۆی پشووەكانەوە درێژی دەكەینەوە".
گوتیشی: "یەكێك لە ئامانجەكانی ئێمە لە كردنەوەی پیشانگە لەم ژێر زەوییە و لەم رێرەوە ئەوەیە كە رێبواران رابهێنین بە رۆیشتن بە ژێر شەقامەكاندا لە بری رۆیشتن و پەڕینەوە بەسەر شەقامەكاندا، بەڵام بەداخەوە ئەم شوێنەمان بەكرێیەكی زۆر گرتووە كە رەنگە لە داهاتوودا نەتوانیین پیشانگەی تر بكەینەوە، دەبوو حكوومەت هاوكارمان بێت، چونكە ئەم شوێنە بەو چالاكی و پیشانگایانە دەبێتە مایەی سەرنج راكێشانی خەڵك و ئیدی هاتوچۆی پێدا ئاسایی و زۆر دەبێتەوە".
گوتیشی: "ئەو رێرەوە پێشتر سوودی لێوەرنەگیراوە و زۆریش پیس بوو، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبونێكی زۆر خاوێنمان كردەوە، ئومێد دەكەین حكوومەت هاوكارمان بێت بۆ كاری باشتر، چونكە ئەم چالاكییە فەرهەنگییانە بۆ راهێنانی خەڵك گرنگن".
لەكۆتایی قسەكانیدا خاوەنی كتێبخانەی هەنبانە بۆرینە رەخنەی ئەوەشی گرت كە "هێشتا لە كوردستان كولتووری خوێندنەوە برەوی پێنادرێت و هێشتا خوێندنەوەی كتێب زۆر كەمە".