Sangar Hamad Azeez
15 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2015
واشنتۆن
بەمەبەستی هێورکردنی رەوشی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کە لەم چەند رۆژەی دوایی ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆن کیری سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی گوتی: "ئەمریکا دەیەوێت نێوەندگیری نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بکات و بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە جۆن کیری سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات".
لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی هیچ زانیاریەکی لەبارەی کاتی سەردانی کردنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدا.
کیربی باسی لە پەلاماردانی ئیسرائیلییەکان لەلایەن فەڵەستینییەکانی کرد و کارەکەی بە کردەی تیرۆریستی لە قەڵەم دا.
ئەگەرچی نێوانی ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینیەکان هەرگیر خۆشی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵام لەم چەند رۆژەی دوایی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بە رادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لەم چەند رۆژەی رابردوو بەهۆی پەلامار و هیرشی هەردوو لا بۆسەر یەکتر 29 هاووڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و لەبەرامبەردا 6 ئیسرائیلی کوژراون، ئەمە وێڕای بریندار بوونی بە دەیانی دیکە لە هەردوولا.