Hemn Baban
15 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2015
هەولێر
نوێنەری كوردانی جوولەكە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شێرزاد عومەر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دیاریكردنییان وەكو نوێنەری كوردانی جوولەكە و نوێنەرایەتییەكەیان و وردەكاریی دیكە دەكات.
شێرزاد عومەر دەڵێت "داوای مافی جوولەكەكان دەكەن بەتایبەت ئەو زەوی و زارانەی چەندین ساڵە لێیان زەوت كراوە".
شێرزاد عومەر لەوبارەیەوە دەڵێت "لە سەرەتای نیسانی 2015 پەرلەمانی كوردستان بۆ زیاتر برەودان بە ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیانی ئاین و كەمینە ئایینی و نەتەوەكان یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكانی ژمارە پێنجی دەكرد كە باس لەوە دەكات پێكهاتە و ئایینەكان نوێنەریان لەناو وەزارەتی ئەوقاف هەبێت و دواتر وەكو جوولەكەكانی كوردستانیش نوێنەرایەتییەكیان وەرگرتووە".
ئەو دەشڵێت "زۆر خۆشحاڵین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمی كوردستان تاكە وڵاتێكە لەنێو وڵاتان كە 98 لەسەدی دانیشتوانەكەی موسوڵمان بێت و دان بە مافی نەتەوەكان و ئایینەكان بنێت، هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە كوردستان دەبێتە نموونەیەك بۆ وڵاتانی دەورووبەر و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كە هێشتا هیچ كێشەیەكی ئاین و ئاینزای نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان و حكوومەت هەوڵییان داوە ئایینەكان لەیەكتر نزیك بكەنەوە، كلتووری كوردەواریش بیروڕا و ئاین و ئاینزای دیكە رەت ناكاتەوە".
گوتیشی: "زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان كە چەند كیلۆمەترێك لەو لایەوە خەڵك لەسەر ئاین سەردەبڕێت و ئەمیش ئەم نوێنەرایەتییەی كردووەتەوە، ئەوە ئەوپەڕی لیبڕاڵییەتی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستانە یاسایەكی لەو جۆرەی دەركردووە".
21ی نیسانی ئەمساڵ پەرلەمانی كوردستان یاسای پاراستنی مافەكانی پێكهاتەكان ژمارە پێنجی دەركرد، جگە لە ئازادی بەجێگەیاندنی رێورەسمەكانی ئایینی و جێبەجێكردنییان، مافێكی زۆر بە پێكهاتەكان دراوە و مافی بەشداریكردنییان لە پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش پێدراوە، 11ی ئەم مانگەش وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمیش شێرزاد عومەر مامسانی وەكو نوێنەری كوردانی جوولەكە لە وەزارەت ناساند.
لەبارەی كاری نوێنەرایەتی كوردانی جوولەكە شێرزاد عومەر بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر نوێنەرایەتییەك نەبێت رەنگە هیچ جوولەكەیەك نەتوانێت داوای ئەرك و مافی خۆی لەم وڵاتە بكات كە ئەو خۆی بە خاوەنی دەزانێت، چونكە ئەم وڵاتە و شارستانییەتەكەی لەسەر دەستی كوردی جوولەكە و كوردی موسوڵمان و جوولەكە و ئێزدی و زەردەشتی بونیادنراوە، ئەگەر لەو چوار پایە یەكێكی لێ بكەیتەوە كامڵ نابێت، بۆیە پێویست بوو كوردانی جوولەكەش نوێنەرایەتییان هەبێت".
دەشڵێت "ئیشی ئێمە ئەوەیە چۆن بتوانیین داوای مافەكانمان بكەین و ئەو زەوی و زارانەی كە لەلایەن حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە دەستیان بەسەر دا گیراوە بۆ خاوەنەكانییان بگەڕێنینەوە و قەرەبوو بكرێنەوە، جگە لەوە خەڵكێكی زۆر جوولەكە لە هەرێمی كوردستان دەژیین رەنگە بەهۆی نەبوونی پەرستگە ئەوان نەتوانن مومارەسەی رێورەسمی ئاینی خۆیان بكەن، رەنگە لەرێگەی ئێمەوە پرۆژە پێشكەش بە حكوومەتی هەرێم بكەن بۆ ئەوەی ئێمەش بەشێك بین لەو كلتوورەی ساڵەهای ساڵە گەیاندوومانەتە ئەمرۆِ".
ساڵی 1947 جوولەكەكان رێژەی 2,6 لەسەدی دانیشتوانی عێراقیان پێكدەهێنا، بەشێكییان لە هەرێمی كوردستان دەژییان، بەڵام لە 1948ەوە تا 1951 ژمارەیەكی زۆر لە جوولەكەكان لە عێراق مانەوە، حكوومەتی عێراقیش دەستی بەسەر موڵك و ماڵَێكی زۆری جوولەكەكاندا گرت و بەشێكی خستە سەر موڵكەكانی دەوڵەت، لە ساڵی 1950ش 13 هەزار جوولەكە لە هەرێمی كوردستان دەژییان، بەڵام پاش دەركردنی بڕیاری لێسەندنەوەی ناسنامەی عێراقی لێیان زۆرینەی هەرە زۆریان بەرەو ئیسرائیل رۆیشتن و هەمان چارەنووسی براكانییان هەبوو لە وڵاتانی عەرەبی.
لەبارەی ژمارەی ئەو كوردە جوولەكانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەژیین شێرزاد عومەر گوتی: " ئێستا 430 خێزانی جوولەكە لە هەرێمی كوردستان دەژیین لە هەر چوار پارێزگاكەدا دابەش بوون، ئێمە خۆمان بە نوێنەری هەر كوردێكی جوولەكە دەزانیین لە هەر شوێنێك بێت، لە ئایندەشدا پرۆژەمان بۆ خزمەتكردنییان دەبێت، ئەوەش بەپێی توانای دارایی و سیاسی و ئەمنی و حكوومەتی هەرێم ئەوەی یاسا رێگەی پێ دەدات".
شێرزاد عومەر كە لە باپیرانی جوولەكەی كوردن و بنەماڵەكەی لە مێژە لە هەرێمی كوردستان ژیاون، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەش كرد كە نوێنەرایەتییەكەی ئەوان نوێنەرایەتییەكی نەتەوەیی كلتوورییە و هیچ پەیوەندییەكی بە سیاسەتەوە نابێت و ئومێدی ئەوەشی خواست بە چاوێكی ناحەزەوە تەماشا نەكرێت، چونكە ئەو گوتی بۆ ئەو كلتووری نەتەوەكەی لا گرنگترە و نوێنەرایەتی هیچ وڵاتێكیش ناكات و هیچ كارێكی تەبشیریش ناكات،
گوتیشی: " ئێمە هیچ مەترسییەكمان بۆ سەر نە حكوومەتی هەرێم و نە هیچ ئاینێكەوە دەبێت، دڵنیایش دەدەینە خەڵكی كوردستان كە بە چاوی عەرەب و تورك و فارس نەمانخوێننەوە".
هەرێمی كوردستان ئێستاشی لەگەڵدا بێت چەندین شوێنەواری كوردی جوولەكەی لەخۆگرتووە و چەندین پەرستگەشی هێشتا ماوەتەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی هێشتا دەستنووس و یادگاریی خەڵكیش لەگەڵ ئەواندا دەگێڕدرێتەوە.
نوێنەری كوردانی جوولەكە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێم لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: " 320 كوردی جوولەكە لە ئیسرائیل دەژیین و ئەوان هێشتا كوردستان بە وڵاتی دایك و یەكەمی خۆیان دەزانن، هەموو جوولەكەكانیش ئۆرشەلیم بە مەرجەعی ئاینی خۆیان دەزانن".
لەبارەی عێراقیشەوە گوتی: "ئێمە لەگەڵ عێراق پەیوەندییمان نییە و خۆمان بە عێراقی نازانیین، ناوچە دابڕاوەكانیش ئێستا بە واقیع كوردستانن و هیچ پەیوەندییان بە عێراقەوە نەماوە".