Sarmand Hameed
08 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان تۆمارکردنی حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩)ی لە پارێزگای ھەولێر راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەمیانی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە و بەردەوامیی تیمەکانی گەڕان و پشکنینی گومانلێکراوانی ھەڵگری ڤایرۆسەكه لەڕێگەی دامودەزگاکان و تیمەکانی تەندروستیی رۆژانە بەردەوامن لەگەڵ چاودێرییکردنی رەوشی تەندروستیی دووھەزار و٨٧٢ ھاووڵاتیی لە ٣١ شوێنی جیاواز کەرەنتین کرابوون، لە ئێستادا ھەزار و ٢٥٤ یان لە کەرەنتین دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، دوای راگەیاندنی ژمارەی تووشبوان لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا باری تەندروستییان جێگێرە و لەژێر چاودێری پزیشکییدان.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە بەردەوامیی بەرنامەی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ئەمڕۆ پشکنین بۆ ٧٢ گۆمانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا یەک نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و ھەڵگری فایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کۆڤید-١٩یە، کە ئافرەتێکی تەمەنی ٤٩ ساڵە و دانشتووی شاری ھەولێرە لەکاتی ئێستادا لە ژێر چاودێریی پزیشکییدایە کە گەشتی وڵاتی ئێرانی کردبوو بەمەبەستی چارەسەر.
بەمەش کۆی گشتی ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان بوو بە ١٠ حاڵەت کە لە نێویاندا یهك حاڵهتی مردن ھەیە.
لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە پابەندی گشت ئەو رێنماییانە بن کە به مەبەستی خۆپارێزیی و رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دیارییکراون لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، و ھاوکاری تیمەکانی تەندروستیی بن بۆ دۆزینەوەی ھەر گۆمانلێکراو و گەشتیارێک کە دوورن لە چاوی تیمەکانی تەندروستیی.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی داوەتە ھاووڵاتییان کە بەردەوام دەبن لە کاری پێویست بۆ رێکارەکانی خۆپارێزیی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەرییەکانی نەخۆشەکان.