Hamit Hüseyin
06 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2015
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا لە کۆی ١٤٩ ماددەی ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ٢٠ ماددە پەسەند کرا و ئەمڕۆش دەنگ لەسەر پێنج ماددەی دیکە درا و گفتوگۆش لەسەر ماددەکانی دیکە بەردەوامە. سەرەڕای بەردەوامی پەرلەمان، چەند پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و فراکسیۆنی یەکێتی بایکۆدی ئەو دانیشتنەیان کردەوە.
پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان شێرکۆ جەودەت لەو بارەوە گوتی: "ئێمە وەک فراکسیونی یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانمان کرد بۆ ئەوەی پشتگیری لە داواکارییەکان و مافی رەوای ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە نەبوونی مووچە و کەموکورییەکانی حکوومەت و پەرلەمان بکەین و ھەوەھا لە ئێستادا ناکرێ باس لەو پرسی پەیرەوەی ناوخۆ بکرێت لەکاتێکدا ئێمە پێش جەژن داوامان کردووە کە وەزیری دارایی و سامانە سرووشتیەکان و ئەنجوومەنی نەوت و غاز با بێن لە پەرلەمان راستیەکە روون بکەن".
ھەوەھا گوتی: "ئێمە بەدواداچوونمان کردووە بە داتا و ژمارە سەلماندومانە کە پارە ھەیە و دیار نییە و ئەو پرسە دەبێ روون بکرێتەوە و بخرێتە بەر دەستی ھاووڵاتیان کە لە مانگی 7ەوە نەوتی ھەرێم دەفروشرێت. ئێمە لێرەوە پشتگیری لە شەقام دەکەین و داواکاریی ئەوان رەوایە و دەبێ بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. ئێمە داوامان لە پەرلەمان کردووە کە سەلاحیەتی ئەوەی ھەبێت کە بە غیابی دەسەڵاتی لێسەندنەوەی لە ھەندی وەزیری ھەبێت".
پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی ھەورامان گەچێنەی لەو بارەوە گوتی: "باس کردن لە پەیڕەو و پرۆگرامی کوردستان باسێکی گرنگە بەڵام گرنگتر لەوە دەبێ ئەمڕۆ باس لەو کێشە و قەیرانانە بکرابا کە ئەمڕۆ بەرۆکی خەڵکی ئێمەی گرتووە و خەڵک دەنگی بە ئێمەداوە تا بەرگرییان لێبکەین".