پەرلەمانی توركیا
لەیلا زانا پەرلەمانتاری سەربەخۆی دیاربەکر و سەباحەت تونجەل پەرلەمانتاری ھەدەپە لە ئیستەنبوڵ بەپانتۆڵەوە بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمان کرد.
ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا دانیشتنی بۆ پێشنیازی لابردنی یاسای قەدەغەی پانتۆڵ بۆ پەرلەمانتارە ژنەکان دەستپێکرد، کە لەلایەن لیژنەی رێنماییەکانی ناوەخۆی پەرلەمانەوە کاری لەسەر کرابوو.
لیژنەی رێنمایی ناوەخۆیی پەرلەمانی تورکیا بەردەوامە لەسەر کارەکانی بۆ لابردنی یاسای قەدەغەکردنی پانتۆڵ بۆ پەرلەمانتارە ژنەکان، تا بتوانن لە پەرلەمانی وڵاتەکەیاندا بەپانتۆڵەوە بەشداری لە دانیشتنەکان بکەن.
روخسار دەمیراڵ بەناوی گروپی جەھەپە پشتیوانی لە پێشنیازی لابردنی یاسای قەدەغەی پانتۆڵ لە پەرلەمان ئاشکرا کرد و گوتی: "بڕیارێکی دڵخۆشکەرە، بەڵام رێکەوتن و نزیکبوونەوە تەنیا بۆ جلوبەرگ نابێت پێویستە شتی تریش بکرێت، وەک ئۆپۆزسیۆن بڕیاری "بەڵی " بۆ سەرجەم کارە راستەکان دەدەین، ئۆپۆزسیۆن تەنیا بەمانای رەتکردنەوە نایەت".
عایشە گولسون بیلگەھان پەرلەمانتاری جەھەپە لە ئەنقەرە لەبارەی بڕیارەکەوە گوتی: لە سەردەمی ئاکەپە ھیچ بەرەو پێشچوونێک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان رووی نەداوە، تورکیا لە ریزبەندیی ١٢٠وڵاتانی جیھاندایە، رێژەی بەرێوەبەران و بەرپرسانی ژن لە پەرلەمان لە چاو پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا زۆر نزمە.
لەلایەکی ترەوە مولکیە بیرتانێ سەبارەت بەلابردنی یاسای قەدەغەی لەچک و پانتۆڵ بۆ پەرلەمانتارە ژنەکان گوتی: حکومەت ئەوەندە بیرتەسکە دەیەوێ ھەنگاوەکانی دیموکراتی تێکەڵ بەلابردنی یاسای پانتۆڵ و لەچک بکات، دەسەڵاتێکی سیاسی دەیەوێ کێشەی لەچک بۆ بەرژەوەندیی ستراتیژیی پارتەکەی بەکار بھێنێت.
عاکیف حەمزەچێبی لەبارەی پێشنیازی لابردنی قەدەغەی لەچک و پانتۆڵ گوتی: بەر لە دوو ساڵ پێشنیازی ئەو یاسایەمان پێشکەش بە پەرلەمان کرد، بەڵام لەلایەن کۆمسیۆنی دەستوری پەرلەمان گەڕێندرایەوە. بۆچی ئەم مەسەلەیە دوای دووساڵ چارەسەر دەکرێت؟ ئەمە دەچێتە ئەو خانەیەوە کە ئەگەر بە لەچکەوە دێنە ناو پەرلەمان کەواتە دەتوانن بەپانتۆڵیشەوە بێن، ئەم شێوازە دڵشکێنە شێواوێکی راست نییە.
لەبارەی گوتەکانی ئەردۆغان، حەمزەچێبی گوتی: ٢٠٠ ساڵە بەرلەئێستا مۆدێرنە بڵاو بوویەوە، بەڕێز ئەردۆغان باسی تێکەڵبوونی مۆدێرنە دەکات.
نورەدین جانیکلی جێگری فراکسیۆنی ئاکەپە، سەبارەت بەگوتەکانی پەرلەمانتاری جەھەپە بۆ پشنیازی یاسای قەدەغەی لەچک گوتی: "وەک ئاکەپە ھیچ بەرژەوەندیەکی سیاسیمان لە یاساکەدا نەبووە، بەڵێ راستە بەر لە دوو ساڵ پێشنیازەکە ھێنرایە پەرلەمان، بەڵام بۆ ئەوەی سەرجەم پارتە سیاسیەکان واژوو لەسەر پێشنیازەکە بکەن، بەپێویستمان زانی بەشێوازێکی نوێ پیشنیازەکە رەوانەی پەرلەمان بکەین."
لەکاتی بەردەوامیی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێشنیازەکە لەیلا زانا بەپانتۆڵەوە ھاتە نێو ھۆڵی پەرلەمان و لەریزی فراکسیۆنی بەدەپە دانیشت، پاش کەمێک ھۆڵەکەی جێھێشت.
دواتر سەباحەت تونجەل پەرلەمانتاری ھەدەپە لە ئیستەنبوڵ بەپانتۆڵەوە ھاتە ھۆڵی پەرلەمان و بەشداری لە کارەکانی دانیشتی پەرلەمان کرد.