ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی فڕاکسیۆنی ھەریەک لە AK پارتی، MHP و BDP لە پەرلەمانی تورکیا، یاداشتێکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد، تاوەکو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بگۆڕێ و پەرلەمانتارانی ژن بتوانن پانتۆڵ لەبەر بکەن.
بۆ ئەوەی ئەو یاداشتە پەسەند بکرێت، پێویستە ماددەی ٥٦ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بگۆڕێ.
لە یاداشتەکەدا ھاتووە، ھەندێ جار کۆبوونەوەکانی پەرلەمان زۆر درێژە دەکێشن و پەرلەمانتاران ماندوو دەبن: "بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی ژن سەرەڕای ماندووبوونیان بتوانن لە دانیشتنی ئێواران ئامادە ببن ئەو داوایەتان ئاراستە دەکەین. دیسان بەم دواییە، مەسەلەی جلوبەرگی ناو پەرلەمان، لە روانگەی مافەکانی مرۆڤ بووەتە مەسەلەیەکی جێ رەخنە، ھەروەھا ھەندێ جار بۆ پەرلەمانتار پێویستە جلی جیاوازتر لەبەر بکات."