سلێمانی
ڕۆژی دووشەمە ٤ی تشرینی دووەم، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری سلێمانی کۆبویەوەو چەند بڕیارێکی دەرکرد لەسەر پرسی پێکھێنانی کابینەی تازەو رەوشی داھاتووی شاری سلێمانی.
شۆڕش ئیسماعیل، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: حیزبەکەیان ئامادەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان وتووێژو دانوستاندن بکات لەبارەی ناکۆکییە سیاسییەکانیان، ھەروەھا ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی کابینەی تازە.
شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە بۆ چارەسەری کێشەکان لەڕێی دیالۆگ ولێک تێگەیشتنەوە، ھەروەھا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دورکەوتنەوە لە گرژیی و ئاڵۆزیی، لەگەڵ لایەنەکان وتووێژ دەکەین."
ڕۆژی دووشەمە ٤ی تشرینی دووەم، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری سلێمانی کۆبویەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کۆبوونەوەکە سێ تەوەری سەرەکی تێدا تاوتوێکراوە:
- پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم و ئیستحقاقاتی پەرلەمانی.
- دروستکردنی لیژنەی دانوستاندنی یەکێتی بە سەرپەرشتی د. بەرھەم ساڵح و ئەندامێتی قادر حەمەجان، عیماد ئەحمەد و د.نەجمەدین کەریم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
- کۆمیتەی ئامادەکاری چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی.
لەلێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "لیژنەی یەکێتی بەرپرسیار دەبێ لەگفتوگۆکانی تایبەت بەپێکھێنانی حکومەت، ئێمە ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ چوونە نێو کۆبونەوەکانەوە. چاوەڕوان دەکەین لیستی زۆرینە بۆ پێکھێنانی حکومەت ڕابسپێردرێ."
وا بڕیارە یەکێتی نیشتمانی کوردستان رۆژی ٣١/١١/٢٠١٤ کۆنگرە ببەستێ.
لەبارەی رەوشی سیاسی و ئارامی پارێزگای سلێمانی، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک جەختیکردووەتەوە لەسەر: "پاراستنی ئارامی شاری سلێمانی و تەواوی ھەرێمی کوردستان، ڕێنادەین ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا تێکبچێ."
حەفتەی رابردوو، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندبوو ئەوان لەسێ ھەڵبژاردنی ڕابردوودا لیستی یەکەم بوون لەپارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوە ئەگەر لەئیدارەی سلێمانی شەریک نەبن قەبوڵی ناکەن.