سلێمانی
ئەمڕۆ شەممە بەرھەم ساڵح لەبارەی ھەواڵی حەفتەنامەیەکدا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە بەڕاشکاوانە باسی کێشەو گرفتەکانی ناو ھەناوی حیزبەکەی کردووەو دەڵێ کێشەی جدین و پێویستیان بەچارەسەرە نەک پەردە پۆشکردن.
بەپێی ئەو روونکردنەوەیە کە دانەیەکی لێدراوەتە ئاژانسی ئانادۆڵو بەرھەم ساڵح بەتوندی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە تۆمەتباری دەکەن بەخوێندنەوەی راپۆرتێک لەپلینیۆمی پێنجی حیزبەکەی.
ەقی روونکردنەوەکەی بەرھەم ساڵح بەو جۆرەیە:
" لە ھەفتەنامەی (ھەواڵ)دا ھەواڵێکی ناڕاستو چەواشەکاریی بڵاوکراوەتەوە کە گوایە د. بەرھەم نەیھێشتووە راپۆرتی لیژنەی قەیرانەکانی ی ن ک بخوێنرێتەوە. بەپێویستمان زانی وەڵامی ئەو بوختانو چەواشەکارییە بدەینەوە:
نەخوێندنەوەی رەشنووسی راپۆرتی پلینیۆم بڕیاری (م.س) بوو نەک تەنیا کەسێک. دیاریکردنی ھۆکارەکانی شکستی ھەڵبژاردن و ھەڵسەنگاندنی بەرپرسیارێتی (م.س) و سەرکردایەتی لەم دۆخەی ئێستای یەکێتی تەنیا بەلیژنەیەکی (م.س) و سەرکردایەتی باس ناکرێتو بریاری لێ نادرێت.
بۆئەوەی راپۆرتەکە تەنیا بۆ پەردەپۆشو تێپەراندنی کێشەکان نەبێتو راستگۆبێتو ووردو لێبڕاوانە دەستنیشانی لێپرسراوێتیو ھۆکارەکان بکات، پێویستە کادرو ئەندامانی یەکێتیو ئۆرگانەکانی بەشداری کارا لەداڕشتنی ئەو راپۆرتەدا بکەن.
کێشەکانی یەکێتی کێشەی بنەڕەتیو جدینو پێویستی بەچارەسەری ریشەیی ھەیەو قابیلی تێپەڕاندن و پەردەپۆشکردن نین. بەدڵنیاییەوە چیترناکرێت ئەم دۆخەی ئێستای یەکێتیو ھۆکارەکانی پاشەکشەمان دیزەبەدەرخونە بکرێت، وە دەبێت تێبگەین کە خەڵک سیاسەتو ئاراستەی ئێستای یەکێتی لاقبوڵ نییە.
پلینیۆمێکی سەرپێیش ناتوانێت چارەسەری بنەرەتی کێشەکانو بڕیاری چارەنوسسازو یەکلاکەرەوە بدات، بۆیە کۆنگرە پێویستە بۆ بڕیاری گێرانەوەی یەکێتی بۆ سەرڕێچکەی راستەقینەی خۆی لە بڕیاری سەربەخۆو وەڵامدانەوەی چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە ئازادیو دیموکراسیو چاکسازی ریشەیی.
بێگومان دەبێت کۆنگرە دەربڕی ئیرادەی راستەقینەی ئەندامانو جەماوەری یەکێتی بێت دوور لە پێشێلکاری پەیڕەو و بەلارێدابردنی راستیەکان. یەکێتی خاوەن کادرو پێشمەرگەی دێرینو ھەزاران ھەزار شەھیدو جەماوەری دڵسۆزو کەرەستەو ئامرازی ھەستانەوەیە.
دڵسۆزانی یەکێتی، رێبوارانی کاروانی خەباتی یەکێتی، بە رێبەرایەتی مام جەلال، سوورن لەسەر پاراستنی سەروەرییەکانی یەکێتی و دەزانن سەرباری نیگەرانیو نوشستەکان مێژووی یەکێتی مێژووی حزبێکی ئومێدبەخشە بۆ خەڵکی کوردستان بەمەرجی نویبوونەوەو چاکسازی و رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان.
یەکێتی رەچەشکێنی چەندین قۆناغی گرنگی مێژووی سیاسی کوردستانە، یەکێتی رەسەن دەربری ئیرادەی خەڵکی کوردستانە. پاراستنی ریزەکانی ناو ی.ن.ک .بوژاندنەوەی یەکێتی بە راستگۆییە لەگەڵ خەڵک و پەیامە رەسەنەکەی یەکێتی کە ھەوێنی ھەستانەوەو جۆشدانەوەی خەباتی یەکێتییانەمانە