سۆران- AA
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی: "ئەم ماوەیەی کە تێیداین پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو روویەکەوە بەھێز بووە و لە باشترین حاڵەتی تەندروستی خۆیدا دەژیت. ھاوکات پەیەدە نەیتوانی ببێتە نوێنەری راستەقینەی رۆژئاوا، بەشداریی ئەنەکەسەش لە گفتوگۆکانی ئاستانا ھێمای شەرعیەتدانە بەو لایەنە کوردییە".ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی رایگەیاند "قەیرانە سیاسییەکەی ھەرێمی کوردستان درووستکراو بوو، بۆیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەمە چەندینجارە دەستپێشخەری دەکات، بۆ ئەوەی کێشە سیاسییەکان بەدیالۆگ چارەسەر ببن، چونکە لە راستیدا کێشەیەک بەناوی قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بوونی نەبووە، لەو کاتەیش کە وادەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی ھات، داوای لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و پەرلەمانی کوردستان کرد کە زەمینەسازی بکەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام کۆمسیۆن ئامادەنەبوو، بۆیە لەو کاتە بەدواوە سەرۆک وەک سەرۆکی کاربەڕێکەر مایەوە، بەڵام بەداخەوە ھەموو لایەنەکان ئیرادەی خۆیان خستە دەستی گۆڕان، بەمەش گوتیان یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم دەگۆڕین، بۆیە بەبۆچوونی ئێمە ئەوە رەوا بوو کە سەرۆکێک بەدەنگی خەڵک ھەڵبژێردرێت، کۆسپی مەزنیان دروستکرد. دوای ئەوەیش کە یاساکەیان لە پەرلەمان دەنگی نەھێنا دەستیان بەخۆپیشاندان و سووتاندنی بارەگاکانی ئێمەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد".
عەلی عەونی کە ھاوکات بەرپرسی لقی قەزای شێخانی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە پارێزگای دھۆک لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سەروبەندی دروستکردنی قەیرانە سیاسیەکە گۆڕان و چەند حزبێکی دیکە ویستیان پشتبەستن بەلایەنگرانی پەکەکە لە ھەولێر ئاژاوە بنێنەوە، لێ سەرنەکەوتن. بۆیە ئەوان قەیرانەکەیان بەدەستی خۆیان دروستکرد".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رێککەوتنێکی ستراتیجیی نوێ ئیمزا بکەن و ئەمە کاردانەوە و ھەوڵی پارتی بێت بۆ رازیکردنی یەکێتی لە دژی گۆڕان، عەلی عەونی گوتی: "لە راستیدا پێشتریش دەمانزانی کە رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھیچ بنەمایەکی نییە و سەرناگرێت، چونکە بۆ دژایەتی و ململانێی ئەم و ئەو بوو، بۆیە پێموایە بەھۆی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتیەوە دزینی ئیرادەی یەکێتی بوو، چونکە یەکێتی ئەمەی قەدەغەکردبوو کە سەربەخۆ بڕیار بدات".
عەلی عەونی ھەروەھا گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ساڵانێک رێککەوتنییان ھەبوو، بۆیە ھەردوولا دەزانن چۆن لەگەڵ یەکتر مامەڵە بکەن. لە دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەدوای ٢٠٠٣ و ناردنی شاند بۆ بەغدا. لە ئێستاشدا ھەوڵێک ھەیە بۆ ھەمان ئامانج، بەمەش پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و تەنانەت بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆبۆتەوە، بەتایبەت لەگەڵ سەرکردە دێرینەکانیان کە ئەوان زیاتر تێگەیشتنیان بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان ھەیە".
سەبارەت بەڕۆڵی یەکێتیش لەو بابەتەدا عەلی عەونی گوتی: "دوای ئەوەی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان شانیان دایە یەکتر و لە بەشداری حکوومەت سست بوون تێگەیشتن لەوەی کە ناکۆکی زیاتر لە رەوشی سیاسی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، بۆیە رۆڵی یەکێتی بەرچاوە لەو چوارچێوەیەدا، لەبەرئەوە ھیوادارین یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەسەر ناکۆکییەکانی نێوخۆی خۆیدا و پارچەبوونیدا زاڵ بێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە کار بکەین، چونکە ھەردوو لا دەتوانن حکوومەت لەو قەیرانە تێپەڕێنن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا کەس و لایەنێک ھەبێت ببێتە رێگر لە بەردەم رێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی، عەلی عەونی گوتی: "ھەر کەسێک خوێندنەوەی خۆی بۆ ھەر مژار و رێککەوتنێک ھەیە، ھەندێک بەرپرس یان کادیر ھەن لەناو یەکێتی مەیلیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانە و پێیانخۆشە لەگەڵ گۆڕاندا بن، ھەندێکی دیکەش ھەن بۆچوونی سەربەخۆیان ھەیە، بەڵام لە راستیدا دوای نەخۆش کەوتنی جەلال تاڵەبانی یەکێتی تووشی کێشەی مەزن بووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان چ سەرۆکاتییەک لە ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت گوتی: "من ئەندامی شاندی دانوستانکار نیم، بەڵام بێگومان گۆڕان سەرۆکایەتی پەرلەمان وەرناگرێتەوە، چونکە سەرکەوتوو نەبوون لە ئیدارەدانی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە پێمانوایە سیاسەتکردن لە ھەرێمی کوردستان بە کەف و کۆڵ و عاتیفە و قسەی گەورە بەڕێوە ناچێت، خەڵک ژیانێکی ئاسوودەی پێویستە".
بەرپرسی لقی قەزای شێخانی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی لە وەڵامی پرسیاری کە ئایا ئەمساڵ بەھاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت گوتی: "ھیچ کات لە مێژووی پارتیدا بەقەدەر ئەم ماوەیەی کە تێیداین پارتی دیموکراتی کوردستان لە رووی رێکخستن و فکر و دیپلۆماسییەت و پەیوەندی ناوخۆ و نێودەوڵەتییەوە ئەوەندە بەھێز نەبووە، واتا پارتی لەوپەڕی بەھێزییە و گەلێک زاڵە و لە باشترین حاڵەتی تەندروستی خۆیدا دەژیت، سەرەڕای ئەوەی کە لە رووی داراییەوە لە ئەزمەیەکداین".
گوتیشی: "لە ئێستادا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی زڵھێز پێشوازیی دەکرێت و پشتگیری ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەوانەی دژایەتی سەرۆک بارزانی و پارتی دەکەن با بزانن مەزنترین پێشوازیکەرانیان 'حەنان فەتلاوی و نوری ماليکی' دەبێت. بۆیە لە ئێستاشدا ئەو حزبەی کە بەجددی ملی داوەتەوە بابەتی سەربەخۆیی بوونی کوردستان و دەوڵەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانە کە پێموایە پارتی ھەڵگری گەورەترین ئەرکە کە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەمجارەیان بەھاری پاتی دیموکراتی کوردستان دەبێت".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی ئاماژەی بەمژاری سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "سەربەخۆیی مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە، ئەگەر ھەموومان یەک دەنگ بین، ھەموو جیھان پشتەوانی لەو مافەمان دەکات، ھەروەھا لە ئێستاشدا لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەستمان بەگفتوگۆ کردووە و پێمانوایە یەک ساڵی دانوستان باشترە لەوەی کە یەک خولەک شەڕی نێوان کورد و سوپای عێراق یان حەشدی شەعبی دروست ببێت. عێراق تێگەیشتنی بۆ پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ھەیە. لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و حەیدەرعەبادی لێکگەیشتن بۆ ئەم پرسە ھەبووە، بۆیە ئومێد دەکەین کە ئێمە و عێراق وەکو چیک و سلۆڤاکیا دوو دراوسێی باش بین و بەشارستانی و دیالۆگ لێک جیا ببینەوە بێ ئەوەی شەڕ رووبدات".
سەبارەت بەدیاریکردنی کاتی چوونی شاندی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی سەربەخۆیی، عەلی عەونی گوتی: "لە راستیدا کاتی چوونی ئەم شاندە دیاریی نەکراوە، بەڵام بەگەڕانەوەی بەڕێز بارزانی لە داڤۆس گفتوگۆ و دانیشتن لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان دروست دەبێت، رەنگە شاندەکەش لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکەن".
دەربارەی بەشداریکردنی ئەنەکەسە لە گفتوگۆکانی ئاستانا لە کازاخستان کە چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەبێت لە کاتێکدا کە رێگە نەدرا پەیەدە بەشداری بکات، عەلی عەونی گوتی: "لە راستیدا پەیەدە بەقوربانیکردنی پرسی رۆژئاوا، بۆ دروستکردنی شەرعییەت بۆ پەکەکە دەستی خۆیان لەگەڵ رژێمی ئەسەد و چەند گرووپێک گرێ دا کە لە لیستی تیرۆردان. پەیەدە نەیتوانی ببێتە نوێنەری راستەقینەی کوردانی سووریا، بەڵام ئەنەکەسە خۆی لە ئاگری شەڕی براکوژی و ناکۆکی بەدوور گرتووە. ئەنەکەسە توانی ببێتە نوێنەری راستەقینەی پرسی کوردانی سووریا، بەشداریکردنی ئەوان لە کۆنگری ئاستانا ھێمای شەرعیەتدانە بەئەنەکەسە، ھەروەھا ئەوەش دیار بوو کە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، پەیەدە بە بەشێک لە رژێمی ئەسەد لە قەڵەم دەدات کە جیھان لە کردارەکانیان ناڕازین، بۆیەش بەشدارییان پێ نەکرا".
سەبارەت بەو پرسەی کە ئەگەر لەشکری رۆژ گەڕایەوە و ھەرێمی کوردستانیش سەربەخۆ بوو، ئەوانیش بەشێک دەبن لە پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ناوبراو گوتی: "ئەم پرسە تایبەتە بەخەڵکی رۆژئاوا و ئیرادە و ویستی ئەوان هەر خۆیان بڕیار لەسەر ھەر مژارێک دەدەن (فیدراڵ، کۆنفیدراڵی یان ئۆتۆنۆمی) ئەوان بڕیار دەدەن چۆن بژین، بەڵام لەشکری رۆژ ھێزی خەڵکی رۆژئاوایە، بۆ رزگاری ناوچە کوردییەکان خەبات دەکەن".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی سەبارەت بەپەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە خراپە، ئۆمێدمان دەکرد ھەموو ھێزیکی کوردی بۆ رزگارکردنی کوردستان ھاوخەبات بن. لە ئێستاشدا پەکەکە خۆی خستووەتە جەبھەیەکەوە لە دژی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و دەڵێن دەوڵەتی کوردی شەرمەزارییە، ئێمەش دەڵێین کە دەوڵەتی کوردی مافی رەوای کوردە".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی سەبارەت بەدەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا و کاریگەریی لەسەر ھەرێمی کوردستان گوتی: "ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە و بەپێی ئەوەی کە دەوڵەتێکی گەورەیە، بۆیە کاریگەری لەسەر رەوشی زۆربەی وڵاتانی جیھان دەبێت، بەتایبەت وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ھەندێک سیستەمی سیاسی ھەن بوونەتە ھۆکاری کوشتن و بڕین و تاڵان کردن، بۆیە سیاسەتی کۆمارییەکان وایە کە دژوارتر لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی جیھان مامەڵە دەکەن. ئێمە پرسی ھاوبەشمان لەگەڵ ئەمریکا ھەیە لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و بابەتی ئاسایشی ناوچەکە، بنەماکانی دیموکراتی، بۆیە پێشبینی دەکەم رەوشی کورد بەھاتنی ترەمپ باشتر دەبێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

