هەولێر-AA
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەند لە سەربەخۆیی نزیک ببینەوە گوشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبن.
عەلی عەونی سەبارەت بە لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیرەکانی عێراق گوتی: "ئەمە دەمێکە کە حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە یاریی و سیناریۆی جیاواز پشکی سیاسی کورد لە عێراق کەم بکاتەوە، تا گەیشتە ئاستی نەھێلان و نەمانی کورد لە بەغدا، ئەگەر بگەڕێیتەوە سەر بابەتی گەندەڵی و لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیرێکی کورد ئەوا پێموایە ھیچ کەسێک لە شەھرستانی و مالکی گەندەڵتر لە عێراق نادۆزیتەوە کە نوقمی گەندەڵی ئیداری و دارایی بوون ئەمەش ھەموو لایەک دەیزانێت، دوورخستنەوەی وەزیری دارایی عێراق، ھۆشیار زێباریش تەنھا بۆ بچووککردنەوەی کوردە لە عێراق".
عەونی زیاتر گوتی: "لەو باوەڕەدام سەرانی بەغدا ئامانجییان تەنھا پارتی نییە، بەڵکو مەبەستیان کورتکردنی دەستی کوردە لە بڕیاری سیاسی و سەربازی و ئابووریدا. ئەوان پێیانوایە کە کورد دەبێت ئەوەندە خۆی بچووک بکات کە وەک تەھا یاسین رەمەزان و تەھا محیەددین مەعروف تاوەکو کورد لە بەغدا بێشەخسیەت ببێت. بۆیە دیسان لەوبڕوایەدام بەغدا دەزانێت ئەگەر کورد خاوەن کەسایەتی بێ ئەوا بەغدا ھیچی بەرامبەر کورد پێناکرێت".
سەبارەت بە ھەڵوێستی کورد لە بەغدا ناوبراو گوتی: "بەداخەوە حزبە کوردییەکان لە بەغدا ھەڵوێستێکی چەوتییان بەرامبەر بە مەسەلەی کورد و پارتی ھەیە، چونکە ئەوان لەبەر ئەو رق و کینەی کە بەرامبەر پارتی ھەیانە ئامادەن ماڵی خۆیان وێران بکەن، چونکە پارتییان ناوێت، بەشێک لە حزبەکان دڵخۆش بوون بە لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیرە کوردەکەی سەربە پارتی، دەنگییان خستە پاڵ دەنگی حزبە عەرەبییەکان لە دژی ھوشیار زێباری، بێگومان پارتی لە کاتی خۆیدا ھەڵوێستی دەبێت لە بەرامبەر ئەوانەی دەنگییان بۆ لێسەندنەوەی متمانە داوە، بە تایبەت ئەو کوردانەی لە خۆشیاندا وێنەی سێڵفیان لەگەڵ حەنان فەتلاوی دەگرت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ئامانج و ئەنجامەکانی سەردانی شاندی ھەدەپە بۆلای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و حزبەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بەڕێز بارزانی ناوبژێوانکارێکی سەرەکی پڕۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا بۆیە ھیوادارین بارزانی دیسان ئەم رۆڵە مێژووییەی خۆی بگێڕیتەوە، سەردانی سەڵاحەددین دەمیرتاش و شاندی یاوەری لە کاتێکدا بوو کە رەوشی ئەمنی لە تورکیا بە حاڵەتێکی زۆر خراپ دەرباز دەبێت، بۆیە ھەدەپە داوای لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە کە ئاوێک بەم ئاگرەدا بکاتەوە، چونکە سووری دیاربەکر بە یەکجاری وێران بوو و ژیانی خەڵک تێکچووە و نسیبین، جزیر و گەڤەر وێرانبووە و، نزیکەی ٧٥٠ ھەزار ھاوڵاتی دەربەدەر بوون، بۆیە باشتر وایە ئاشتی بگەڕێنینەوە".
سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی یەکێک بووە لە پرسە گرنگەکانی نێوان بارزانی و دەمیرتاش، عەلی عەونی گوتی: "زێدەخوازییەکانی پەکەکە لە پێشوودا بوونە ھۆکار کە کۆنگرە نەبەسترێت، چونکە پەکەکە دەیەویست نیوەی زیاتری ئەندامان لەوان بن کە ئەمەش مافی لایەنەکانی دیکەی دەخوارد، ھەولێک ھەیە یان بەرنامەیەک ھەیە لە نێوان کوردانی توركيا و ھەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ئاشتەوایی گرێ بدرێت کە ئەمەش لە داھاتوودا پێویستی بە بەرنامە و پلانی تایبەت ھەیە".
عەلی عەونی، سەبارەت بە بابەتی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە کە تەنھا گوشار بێت، گوتی: "لە راستیدا چەند لە پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان نزیک ببینەوە گوشارەکان زیاتر دەبن، فشارەکان زیاتر دەبن و ئەمەش ھەر لە چوارچێوەی ئەم فشارانە دایە، ئێمە ئەمە بە ئاسایی دەزانین کە فشار زیاد ببێت، بێگومان تەنھا ئەم فشارە کاریگەری بۆسەر پرسی سەربەخۆیی دەبێت ئەگەر ھێزەکانی بەناو کوردی لە ھەرێمی کوردستان نەیارێتی ئەم پرسە نەتەوەییەمان بکەن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی سەردانی ئێران ناکات لەکاتێکدا چەندینجار بە داوەتی فەرمی بانگھێشت کراوە، عەلی عەونی گوتی: "ئەم بابەتە پەیوەندی و گرێدراوە بە ئەجێندای بەڕێز بارزانی خۆی، پێموایە شتێک نییە کە بە ئەنقەست بێت، بەڵکو زیاتر گرێدراوە بە کاتەوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەروەھا سەبارەت بە مەرجی نوێی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ئازادکردنی شاری مووسڵ گوتی: "ئێمە دوو مەرجمان ھەیە، یەکەم شنگال ببێتە پارێزگایەکی سەربەخۆ و سەربە ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، ھەروەھا پارێزگای دەشتی نەینەوا بۆ پێکھاتەکان و پێکھاتەی دەشتی نەینەوا کە ئەویش سەربە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، بەڵام خۆیان ئیدارەی کارەکانییان بکەن، بۆیە ئەم مەرجە بێتە قبووڵکردن ئەوا ئامادەین بەشداری لە ئازادکردنی مووسڵدا بکەین، ئەگەر قبووڵ نەکرا، ئەوا ئێمە ناچار نین رۆڵەی کورد بە کوشتن بدەین بۆ ئازادکردنی شارەکانی عەرەب".
دەربارەی رەوشی سیاسی و سەربازی ھاوکات ژیانی خەڵک لەدوای ئازادکردنی شاری مووسڵ و هەروەها ھەڕەشەی حەشدی شەعبی بۆسەر ھەرێمی کوردستان، عەلی عەونی گوتی: "رەوشی کوشتن و بڕین لە دوای ئازادکردنی ئەم شارە زیاتر دەبێت، چونکە رەنگە ئەوانەی کوڕ و دایک و کچییان بە دەستی داعش بران و کوژران کەسوکارەکانیان تۆڵەی ئەمە لە خەڵکی شاری مووسڵ و خەڵکی ناوچەکە بکەنەوە بۆیە نابێت رێگە بە تۆڵەسەندنەوە بدرێت چونکە کارەساتی خراپتر دەقەومێنێت".
گوتیشی: "بەپێی ئەو تەجروبەیەی کە لە بەغدا ھەمانە بەو عەقلییەتە بێگومان پێشبینی دەکەین حەشدی شەعبی پەلاماری ھەرێمی کوردستان بدات ھەروەک لە خورماتوو روویدا، بۆیە پێویستە کورد بۆ ھەر شەڕو ئەگەرێکی داھاتوو خۆی ئامادە بکات".
لە کۆتاییدا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی سەبارەت بە توندوتیژیی خۆپێشاندەران لە سنووری پارێزگای سلێمانی گوتی: "پێشتر پارتی رایگەیاند ھەر زیانێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە بارەگاکانی بگەیەنرێت، ئەوا ھەڵوێستی دەبێت، چونکە ئەمە یارییەکی قرێژ و گلاوی سیاسییە کە بەناوی ناڕەزایی خەڵک پەلاماری پارتی دەدرێت، ئەمە سواربوونی ئازادییە و پارتیش ھەڵوێستی دەبێت و خۆیان بەرپرسیارن لە ھەر ھێرشێک بۆسەر بارەگای لق و ناوچەکانی پارتی، چونکە پێشتر ھەموو لایەکمان ئاگادار کردۆنەتەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact



