Sangar Hamad Azeez
08 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2015
لە میانەی گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی رێکخراوە ناحکوومیەکان لە بارەگای ئاک پارتی لە ئیستانبوڵ سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکپارتی" و سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵۆ گوتی: "من تەنیا داوای دەنگتان لێناکەم، دەمەوێت لە بابەتی وڵاتدا خۆتان بە خاوەنی وڵاتەکە بزانن، نیشتیمان پەیوەندی بە بابەتی دەنگدانەوە نییە بەڵام داواتان لێدەکەم خۆتان بە خاوەنی ئەم نیشتیمانە بزانن، بۆ ئەم مەبەستەش دەمەوێت لە 1ی تشرینی دووەم نیشانی دەن کە خۆتان بە خاوەنی وڵاتەکە دەزانن و بە خەمخۆریەوە دەچنە سەر سندوقی هەڵبژاردن، ئەگەرنا باجی هەڵەکانی ئێمە، نەوەکانمان دەیدەن".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "پرسیاریان لە من کرد. ھەموو کەسێک دەوڵەتی خۆی ھەیە بۆ کوردەکان نیانە. ئەوانەی کە ئەم پرسیارە دەکەن لە مێژوو نازانن. کوردەکان دەوڵەتێکیان ھەیە. ئەم دەوڵەتەش ناوی دەوڵەتی کۆماری تورکیایە. دەوڵەتێکی دیکە نییە، مادەم لە جەنگی سەربەخۆیی بەیەکەوە بوین، مادەم لە جەنگی چانەکالە لەپاڵ یەک بوین، لەم وڵاتەدە من چەندە مافم هەبێت، برا کوردەکانیشم لە باشوور و باشووری رۆژهەڵات هەمان مافیان هەیە و هەموو کات خاوەنی مافی خۆیان دەبن، دیسانەوە دەپرسن، کێ خاوەنی کۆبانێ یە؟ تورکیا چەندە خۆی بە خاوەنی تورکمانەکانی بایربوجاک دەزانێ لە سووریا ئەوەندەش خۆی بە خاوەنی کۆبانێ، حەسەکە و هەولێر دەزانێت، ئێمە پێشوازیمان لە برا کەرکووکییەکان کرد، باشە لەبەرچی کورد، تورکمان و عەرەبی کەرکووک پەنا بۆ تورکیا دێنن؟ لەبەر چی عەرەبەکان پەنا بۆ وڵاتێکی عەرەب نابەن؟ لەبەر ئەوەی دەزانن کە ناوچەی ئانادۆڵۆ پەناگەی سەرەکیانە، لەبەر ئەوەی دەزانن کە ئیستانبول پایتەختی هەموو میللەتێکە، لەبەر ئەوەی دەزانن کە ئەم خاکە باوەش بۆ هەموو نەتەوەیەک دەکاتەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە ناساندن و هەڵواسینی ئاڵای فەڵەستین لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی و گوتی: "زۆر پێویستە کە تورکیا بەهێز بێت لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێمە بەرگریمان لە فەڵەستین نەکردبا، بەریگریمان لە زوڵم لێکراوەکانی سووریا نەکردبا، خۆمان بە خاوەنی سۆماڵییەکان نەزانیبا، نەچوباینە ئاراکان و نەمانگوتبا سەلامو عەلەیکوم لەوانەیە ئێستا تیرۆر ئەو ناوچانەی وێران کردبا، لەوانەیە بەرێز سەرکۆماری تورکیا و من و ئاکپارتی ئێستا لە لیستی ڕەشی ئەو تیرۆرستانە بین، بەڵام بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و تیرۆر ئەوەی پێویستبێت دەیکەین تەنانەت ئامادەین گیانی خۆشمان فیدای ئاشتی بکەین، ئێمە رێگەیەکمان گرتووەتە بەر هەرگیز لێی پەشیمان نابینەوە".