Zafer Fatih Beyaz, Özcan Yıldırım
22 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2026
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بەمەبەستی بەشداربوون لە ٨١مین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە و، بەشداریی چالاکیی "١٠٠ ساڵ دۆستایەتی: تورکیا-ئەمریکا"ی کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان سەرەتای قسەکەی بە سڵاوکردنەوە لە بەشداربووان دەستپێکرد و گوتی: "دەستپێکێکی بەھێز بۆ ١٠٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دوو وڵاتدا دانراوە".
سەرکۆمار سوپاسی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-تورکیا و ژووری بازرگانیی ئەمریکا کرد کە ئەم چالاکییەیان لە ئاستێکی باڵا و لەم قۆناغە تایبەتەدا ڕێکخستووە و رایگەیاند: "بە سوودوەرگرتن لە گفتوگۆی دۆستانە و تایبەتەکەمان لەگەڵ ھاوڕێی بەڕێزم، سەرۆک ترەمپ، لە ھەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی گرنگمان بەدەستھێناوە و بەدەستیش دەھێنین. دوای دیدارەکەمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ لە واشنتۆن لە ساڵی ڕابردوودا، سەردانی ئەو بۆ ئەنقەرە لە مانگی تەمووزدا، پەیوەندییە ھاوپەیمانییە کۆن و ڕیشەدارەکانمان پشتڕاست و بەھێزترمان کردەوە و ئەمەش ھەناسەیەکی نوێی پێی بەخشین".
سەرکۆمار ئەردۆغان راشیگەیاند لە ڕێگەی ئەم سەردانانەوە، دەرگای سەدەی دووەمی پەیوەندییەکانمان دەکەینەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بە ھەموو توانامانەوە ھەوڵدەدەین لە چەندین بواردا پێشکەوتنی کرداریی بەدەستبھێنن، و گوتی: "ئەو جەنگ و ململانێ و قەیرانانەی لە ناوچەکەمان و جیھاندا ڕووبەڕووی بووینەتەوە، پێویست بەوە دەکات کە تورکیا و ئەمریکا لە گفتوگۆیەکی نزیکدا بن. بەھۆی گفتوگۆ و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا، کاریگەریی جیھانیی زۆرێک لە بابەتاکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەفەریقا و ئاسیا دەبینین و ئەنجامی ئەرێنی بۆ وڵاتەکانمان بەدەست دەھێنین. لە ماوەی داھاتووشدا بە زیادکردنی ھەوڵەکانمان، بڕیارمان وایە بەردەوام بین".
سەرکۆمار گوتیشی: "ئەو خاڵەی دەمەوێت پێش ھەموو شتێک جەختی لێ بکەمەوە ئەوەیە کە، ناتوانین و نامانەوێت پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانمان جیا بکەینەوە و بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ پەیوەندییەکانمان لە بواری بازرگانییدا سەرەکیترین ھۆکارن کە پەیوەندییە سیاسییەکانمان پشتگیریی و پەرەپێدەدەن".
لە درێژەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان رایگەیاند: "سەرەڕای گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکانی جیھان، قەبارەی بازرگانییەکەمان بۆ ماوەی ١٠ ساڵە دوو ھێندە زیادیکردووە. بازرگانییە دوولایەنەکەمان لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٣٨ ملیار دۆلار بووە، لە ھەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە ٢٨ ملیار دۆلار. دیارە لە کۆتایی ساڵدا بە ٤٠ ملیار دۆلار دەگەین و ژمارەکەی ساڵی ٢٠٢٥ تێدەپەڕێنین".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئامانجی بازرگانیی ١٠٠ ملیار دۆلارمان کە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ دیارییکردووە، بە ئامانجێکی زۆر واقیعی دەزانم. بەڵام پێویستە ھەوڵەکانمان کەمێک زیاتر بکەین ئەمەش بەتایبەتی لەبەر ئەوە دەڵێم کە تورکیا لە دڵی ستراتیژییترین جوگرافیای جیھاندا ھەڵکەوتووە. سەرەڕای ئەو قەیران و ململانێیانەی لە ماوەی دواییدا هەبووە، ناسنامەی خۆی وەک "دوورگەیەکی سەقامگیریی" پاراستووە و بەھێزتریشی کردووە".
پەیوەندییەکی بەھێزمان لەگەڵ زۆر ناوچەدا ھەیە کە توانایەکی گەورەیان تێدایە.
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "لە سوریاوە بۆ عێراق، لە قەفقازەوە بۆ باکووری ئەفەریقا، پەیوەندییەکی بەھێزمان لەگەڵ زۆر ناوچەدا ھەیە کە توانایەکی گەورەیان تێدایە، ئێمە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر و لە چوارچێوەی تێگەیشتنی قازانجی ھاوبەش، کەڵک لەم پەیوەندییانە وەردەگرین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی بوارەکانی ئابوورییدا سەرکەوتنی گرنگی بەدەستھێناوە و گوتی: "کاتێک ئێمە دەستمان بە کار کرد، داھاتی نیشتمانیی تورکیا لە ئاستی ٢٣٦ ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووەتە ١.٨ تریلیۆن دۆلار. داھاتی تاکەکەس کە ٣ ھەزار و ٦٠٠ دۆلار بوو، پەنابەخوا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦دا لە ٢٠ ھەزار دۆلار تێدەپەڕێت".
قووڵکردنەوەی ھاوکارییەکەمان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ سوودی ھاوبەشیی ھەردووکمان دەبێت.
ئەردۆغان گوتی: "ئامادەین ھاوکارییەکانی خۆمان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی وزە، لەوانە وزەی ناوکی و گازی سروشتیی شلەکراو (LNG)، ھەروەھا تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بەرەو پێش ببەین".
ئەردۆغان گوتیشی: "پێویستە پیشەسازیی بەرگری، کە بە شێوەیەکی نەریتی یەکێکە لە بەھێزترین بوارەکانی ھاوبەشیی نێوانمان، چ لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوولایەنەکان و چ لە ناو ناتۆدا، پەرەی پێ بدرێت. دەمانەوێت بە تێپەڕبوون لەو بەربەستانەی کە لە بنەڕەتدا نەدەبوو لەنێوان دوو ھاوپەیماندا ھەبن، هێزێکی دیکە بە پەیوەندییەکانمان ببەخشین".
لە درێژەی گوتارەکەیدا، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان گوتیشی: "تورکیا بە ھەنگاو و پێشکەوتنەکانی خۆی لە بواری پیشەسازیی بەرگرییدا، ئێستا نەک تەنھا لە ناوچەکەی، بەڵکو لە ئاستی جیھانییدا بووەتە ئەکتەرێکی خوازراو. ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، کە تەنھا ساڵانە ٢٤٨ ملیۆن دۆلار ھەناردەی بەرگریمان دەکرد، ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئاستێک کە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ھەناردە دەکەین. بەشی ئێمە لە ھەناردەکردنی کەرستەی بەرگریی جیھان بە بەراورد لەگەڵ ٥ ساڵ لەمەوبەر، زیاتر لە سەدا ١٢٠ زیادبووە. ئێستا کۆمپانیاکانمان بەھۆی تواناکان و نوێکارییەکانیانەوە گەیشتوونەتە ئاستێک کە لە ئەمریکا وەبەرھێنان دەکەن".
ئەردۆغان گوتیشی: "باوەڕم وایە زۆر بە زوویی لە ھەناردەکردنی کەرستەی بەرگرییدا دەچینە ناو ١٠ وڵاتی یەکەمی جیھانەوە. قووڵکردنەوەی ھاوکارییەکەمان لەگەڵ ئەمریکا بە شێوەیەکی فرەڕەھەند، لەوانە بەکارھێنانی ھەلی بەرھەمھێنانی ھاوبەش، بۆ سوودی ھاوبەشیی ھەردووکمان دەبێت، هەروەها خۆشحاڵین بەوەی ھاووڵاتییەکانمان کە لە ئەمریکا دەژین، لە لایەکەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەمان دەپارێزن و لە لایەکی دیکەشەوە بە شێوەیەکی بەھێز تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئەمریکایی دەبن. شانازی بە ھاووڵاتییەکانمان دەکەین کە لە ناو کۆمەڵگەی تورک-ئەمریکی لە بوارەکانی سیاسەت، بازرگانی، زانست، کولتوور، ھونەر، وەرزش و بوارەکانی ناسراون و سەرکەوتوو بوون، چاوەڕێی ئەوەین کە سەرکەوتنەکانتان بە سەرکەوتنی نوێ زیاتر بکەن. ھیوادارم پەیوەندییە بەھێزەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا و یاسای ھاوپەیمانیی نێوانیان لە سەدەی دووەمی پەیوەندییە دیپڵۆماسییەکانماندا زیاتر بەھێز ببێت.