Ayşe Sarıoğlu
10 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2015
داودئۆغڵو لە كەناڵی CNN ئینتەرناشیوناڵ وەڵامی پرسیارەكانی كریستیان ئەمانپوور-ی دایەوە.
لەبارەی ئەو كەسانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكەن كەلەوانەیە حوكمی بەشار ئەسەد ببێتە حوكمێكی راگوزەر، داودئۆغڵو گوتی: "ئەمریكا و توركیا تێڕوانینیان وەكو وڵاتانی دیكەی هاوپەیمان نییە".
سەرۆكوەزیران بەمجۆرە بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی:"خودی پرسەكە چۆنێتی و تا كەی مانەوەی ئەسەد نییە، چۆنێتی و كەی رۆیشتنی ئەسەدە. چارەسەر زۆر روون و ئاشكرایە. رۆژیك ملیۆنەها پەنابەری سووری، كەبیریان كردەوە ئاشتی لەوڵاتەكەیان هەیە بڕیاری گەڕانەوە دەدەن. بەڵام ئەگەر لەدیمەشق ئەسەد لەسەر دەسەڵات بمێنێت، پێموانییە پەنابەرانی سووری بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان. هەموو وڵاتێك پێویستی بەستراتیجیەتە بەڵام بۆ سوورییەكان گرنگترین شت ئەوەیە چارەنووسیان بەكوێ دەگات".
لەبارەی پرسیاری ئەوەی كە هۆكارەكانی هەستیاری توركیا چین كە ئەمریكا لەسووریا لەدژی داعش پشتگیری پەیەدە دەكات، داودئۆغڵو تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێویستە كورد و پەیەدە لەیەك جیا بكەنەوە.
لەبارەی قسەی ئەمانپوور كە گوتی: "ئەوەی لەگۆڕەپانەكەدا جەنگ لە دژی داعش دەكات و دەیەوێت بجەنگێت تەنها پەیەدەیە"، دادوئۆغڵو گوتی: "ئەوە راست نییە. خۆ سوپای سووریای ئازاد دژی داعش دەجەنگێت. دەتوانین چەك بدەین بە ئەوان. رووسیا سوپای سووریای ئازاد بۆردومان دەكات. لەگۆڕەپانەكەدا گرووپێكی دیكەی كوردیش هەیە كەپێشمەرگەكانن، بۆ رزگاركردنی كۆبانێ لەدەست داعش سنوورەكانمان بەڕووی پێشمەرگەدا واڵا كرد. بەناو خاكی توركیادا تێپەڕین و چوونە كۆبانێ و رزگاریان كرد. ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت لەگۆڕەپانەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش كورد پڕچەك بكات ئێمەیش ئامادەین هاریكاریان بكەن، بەڵام بۆ پەكەكە نەخێر. ئەگەر بیەوێت هاریكاری بارزانی و پێشمەرگە بكات لەعێراق بۆ پڕچەككردن ئێمەش ئامادەین ئەگەر بیانەوێت هاریكاریشیان دەبین كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بچنە سووریا. هەموو كەسێك دەزانێت پەكەكە بەهۆی هێرشكردنە سەر شار و گوندەكانمان و هاووڵاتییانی مەدەنی سەلماندوویەتی كە رێكخراوێكی تیرۆرستییە، پێشوازی لەهیچ جۆرە هاریكارییەك ناكەین و رازیش نابین بۆ ئەو گرووپانەی لەسووریا و عێراق كە گرێدراوی پەكەكەن، بۆ راگرتنی ئەو هاریكارییانەش دەبێت لەوە تێبگەن كە هەموو جۆرە رێوشوێنێك دەگرینە بەر".
لەپرسیاری هەڵكشانی دەنگەكانی ئاك پارتی لەهەڵبژاردنەكانی یەكی تشرینی دووەمدا، داودئۆغڵو بەمجۆرە وەڵامی دایەوە: "رووبەڕووی تیرۆر بووینەوە و رێوشوێنی پێویستمان گرتە بەر بۆ روونەدانی قەیرانی ئابووری. بەیاننامەی هەڵبژاردنی نوێمان ئامادە كرد. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كۆدی ئێرە هاوسۆزی، میانڕەوی و سەقامگیرییە".
لەبارەی ئەو رەخنانەش كە لەدەرەوە و ناوەوەی وڵات ئاراستەی سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكرێن، گوتی: "ئاساییە هەموو كەس دەتوانێت رەخنەمان لێبگرێت، بەڵام ئەوە لەراستیدا رەنگناداتەوە".
داودئۆغڵو بەبیری هێنایەوە كە لەسەدا ٨٥ی دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و نیوەیشیان دەنگیان بەئاك پارتی داوە. لەبارەی ئەو رەخنانەی لێیان دەگیرێت كە لایەنێك پاوەنخوازی دەكات، گوتی: "٢٠ پارتی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنیان كرد. هەموویان پێگەی سیاسیی خۆیان دیاری كرد. كەس رێگەی لەچالاكییەكانیان نەگرت".
لەبارەی پرسیاری ئازادی رۆژنامەوانی و راگەیاندن لەتوركیاش داودئۆغڵو بەمجۆرە وەڵامی دایەوە: "لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كە ئەكادیمی بووم، گۆشەنووس بووم. لەلای من ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی هزری هێڵی سوورە. ئەگەر هێرش بكرێتە سەر رۆژنامەوانێك، گۆشەنووسێك یاخود رۆشنبیرێك من بەرگرییان لێ دەكەم و بۆ ئەوەیش دڵنیایی دەدەم. بەڵام من نموونەیەك دێنمەوە و پەیوەندیشی بەوە نییە كە سووكایەتی بەسەركۆمار كردبێت. گۆڤارێك لە دووی تشرینی دووەمدا بەسەردێڕی 'دەچینە ناو جەنگی نێوخۆ؟' ژمارەی نوێی لێ دەرچوو. ئەوە كاری رۆژنامەوانییە یان هاندانە".