Ali Mukarrem Garip
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2015
کەرکووک
پارێزگاری كەركووك نەجمەدین كەریم، فەرماندەی ناوچەی باشووری رۆژئاوای كەركووك كەمال كەركووكی، فەرماندەی ناوچەی باشووری كەركووك وەستا رەسوڵ، بە بەشداری فەرماندەكانی پۆلیس و بەرپرسانی ئاسایش لەبارەی هێرشی سەربازی بۆسەر چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كۆبوونەوەیەكیان رێكخست.
دوای نزیكەی یەك سەعات لە كۆبوونەوە دوور لەچاوی میدیاكان، لەبارەگای فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگە شێخ جەعفەر، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ پارێزگاری كەركووك نەجمەدین كەریم ساز كرا و لەبارەی دەست پێ كردنی هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەباشوور و رۆژئاوای شاری كەركووك لەدژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش زانیاری دا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا هێرشەكان بۆ سەر شارۆچكەی حەویجە كە دەكەوێتە نێوان شارۆچكەی فەتحەی سەر بەپارێزگای سەلاحەدین و باشووری رۆژئاوای كەركووك، "سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی لەزنجیرە چیاكانی حەمرینەوە بەرەو حەویجە پێشڕەوی دەكەن. لەناوچەكە گوندی رامحای ستراتیجی لەداعش پاككراوەتەوە و ئێستا لە ژێر دەستی هێزەكانی سوپا دایە. شارەدێیەكانی عەبباسییە، زاب و ریاز لەماوەیەكی نزیكدا رزگار دەكرێن و بڕبڕەی پشتی داعش دەشكێنرێت. ئیدی ناتوانێت ئەو هێزەی خۆی بپارێزێت، بەڵام هێشتاش كۆتایی پێ نەهاتووە. هێرشەكان بێ ناوبڕ درێژەیان دەبێت".
ناوبراو تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستییان دان و نەوت و غازی سرووشتی كەركووك دەپارێزن.
فەرماندەی باشووری كەركووك وەستا رەسوڵ كە بەشداری كۆبوونەوەكەی كرد بوو بۆ پەیامنێری ئاژانسی پەیامنێری دوا و گوتی: "داعش دوژمنی هاوبەشی هەموومانە. ئازایەتی سوپا و هەر هێزێكی دیكە وەك ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگەیە. لەو هێرشانەدا هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی نییە، چونكە ناوچەكانیان لەیەكتر دوورن".
فەرماندەی باشووری رۆژئاوای كەركووك كەمال كەركووكیش رایگەیاند كە فڕۆكەكانی عێراق ناوچەكانی نزیك بە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆردومان دەكەن و گوتی: "فڕۆكەكانی عێراق، شوێنی نزیك بە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆردومان دەكەن. لەكاتێكدا چەكدارانی داعش لێرە نین. بەتایبەت نزیك گوندەكانی گوبەیبە و عوزەیرە. نابێت سوپای عێراق جارێكی دیكە كاری لەمجۆرە دووبارەی بكاتەوە. ئێمە پەیوەندییمان بەلایەنی پەیوەندیدارەوە كردووە و داوامان كردووە، جارێكی دیكە كاری لەمجۆرە روونەداتەوە".