Hejar Hekim
04 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2016
ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەدھەم عوسمان بارزانی كە لە ئێستادا تەنھا وەك سیاسەتمەدارێك قسە بۆ میدیاكان دەكات لە ھەڤپەیڤینێكی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو بە وردی بەرسڤی پرسیار و پرسە چارەنووسازەكان دەداتەوە و پێی وایە "ئەو سەركەوتن و دەستكەوتانەی كە لە هەرێمی كودستان لەماوەی رابردوودا بۆ گەلی كوردستان ھاتۆتە دەست لە ئەنجامی خەباتی دەیان ساڵە بووە بەڵام لەلایەن چەند ھێز و لایەنێكی نێوخۆیی و بە دەستی دەرەكی ھەوڵی لەناوبردنی دەدەن و قەیرانی سیاسیی و ناكۆكی دروست دەكەن ئەمەش لەبەر ئەوەی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بە دڵی ئەوان نەبوو".
ئەدھەم بارزانی لەبارەی ئەم قەیرانەی ئێستەی حکوومەتەوە دەڵێت: "كارێكی قورسە حكوومەت بتوانێت بڕیار و راسپاردەكانی تایبەت بە چاكسازیی چارەسەر بكات، چونكە ھەرێم لە رووی بابەتی و زاتییەوە تووشی كێشە بووە. واتا لە نێوخۆ و دەرەوە، ھەبوونی ناكۆكی سیاسیی نێوان لایەنەكان ھۆكارێكی دیكەیە".
ئەدھەم بارزانی سەبارەت بە بڕیار و راسپاردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە کە "ھیچ حزبێكی سیاسیی لە ھەرێمی كوردستان زیاتر بەرژەوەندی تایبەتییان گەرەك بووە، نەك رەوش و بار و گوزەرانی ھاووڵاتییان، ھەوڵەكانیش زیاتر بۆ بەدەستھێنانی پلەی وەزیر و شەڕی ئیمتیازوەرگرتن بووە، بەداخیشە لەوەی كە ململانێ و ناكۆكی سیاسیی بەر لە بەرژەوەندی گەل زیاتر لەبەرچاو گیراوە. ھەڵبەت ئەم رەفتارە سیاسیانەش بووەتە ھۆی تێكدانی رەوش و باری كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان".
ئەدهەم بارزانی دەربارەی چارەسەر و بنەبڕكردنی ئەم بابەتانە كە ئایا تا ئێستا پێشنیاز یان خاڵی چارەسەری پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی لایەنەكان چارەسەری گشتیی بكەن، دەڵێت: "ماوەی ١٧ ساڵە بۆچوون و قسە و پڕۆژەی خۆمان ھەبووە كە لە بەرژەوەندی خاك و گەلی ئێمەدا بووە، یەكێك لەو خاڵانەش كە پێشنیازم كرد و دواتر كێشەشی لەسەری دروست بوو، ئەوە بوو كە خەباتكار و شۆڕشگێڕی دوێنی نەدەبوایە ببن بە بازرگانی ئەمڕۆ كە بە نایاسایی دەزانم، چونكە بازرگانی بۆ بازرگانەكانە نەك بۆ سیاسەتمەدارەكانە، نەك بۆ خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕەكانە، چونكە بەرژەوەندییەكانی گەل دەچنە نێو چوارچێوەی بابەتی مادی، كە ئەمەش كێشەیەكی گەروەی ھەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی بابەتەكان تێكەڵ و پێكەڵ نەبن، ئەگەر وا نەبوایە پێشكەوتنەكان خێراتر و باشتر دەبوون و پسپۆڕییەتی سیاسیی و بازرگانیش باشتر دەبوو".
دەربارەی رەفتار و ھەڵوێستەكانی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان ئەدھەم بارزانی دەڵێت: "ھیچ بۆچوونێكم لەسەر ھیچ لایەنێك نییە، بەڵام رێزم بۆ خەبات و قوربانیدانی ئەوان ھەیە ھەموولایەك دیسان دەبێت ئەوە بزانن كە ھەر رەفتارێكیان كاریگەریی لەسەر جەماوەری كوردستان ھەیە".
ئەو لە دواكۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە پیرمام سەبارەت بە گفتگۆكردن لەسەر پرسی ریفراندۆم و قەیرانی دارایی ھەرێم، بەشدار نەبووە، بەڵام گوتەكانی سەرۆكی ھەرێم لە دانیشتنەكان و دانیشتنی تایبەتی بەڕێزیان لەگەڵی لەدوای كۆبوونەوەكە بەرز دەنرخێنێت، چونكە بابەتی گرنگن و بە پشتیوانی لایەنەكان دەتوانرێت كێشە و قەیرانەكان چارەسەر بكرێن.
سەبارەت بە ئاواكردنی حزبێكی نوێ لە كوردستان، ئەدھەم بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات کە "وەك ھاووڵاتییەكی ھەرێمی كوردستان دەتوانم لە ھەر بوارێك خزمەت بە دۆز و خەباتی كورد بكەم"، ھەروەھا بوون و نەبوونی ھەر حزبێك بە گرنگ نازانێت، بەڵكو گرنگی پرسەكە بەوە وەسف دەكات كە ھەر كوردێك بتوانێت لە شوێنی خۆیەوە پرسی كورد و مافی گەل بگەینێتە ئامانج. لە درێژەی وەڵامی پرسەكەشدا ئاشكرای دەكات كە لە ئێستادا سەرقاڵی راوێژە بۆ بابەتەكە لەگەڵ كەسانی شارەزا و پسپۆری سیاسیی لە كوردستان، بەڵام ھیچ كات لەگەڵ ئەوە نییە كە دانانی حزب بۆ ناو پەیداكردن و پۆست و پلە بێت، ھاوكات دانوستانیش لەسەر ئەوە كراوە چۆن و بە چ شێوەیەك خزمەت بە جەماوەر بكرێت و دەڵێت: "خەڵك لە ناوی ھەر حزبێك تێر بووە، بۆیە لەمەودوا خەڵك پێویستی بەوە ھەیە كە سەركردەكان و لایەنەكان خزمەتی خەڵك و گوزەرانیان بكەن، خەڵك ئەوەی دەوێت ئێستا چی بۆ دەكەی؟ چاوی خەڵك كراوەتەوە".
دەربارەی ھەڵوێستی راوێژکاری پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، دکتۆر عەلی ئەکبەر ویلایەتی لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان و شوبهاندنی بە ئیسرائیل، ئەدھەم بارزانی دەڵێت: "ئێوە و خواتان! ئێمە بە ئیسرائیل مەشوبھێنن، ئیسرائیل ئیسرائیلە و كوردستانیش كوردستانی كوردانە، لەبەرامبەر رقێكی قووڵی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل، ناكرێت ئێمەی كورد بە وڵاتێكی دیكە بشوبھێنن. ئێمە خاكی ھیچ گەل و ئایینێكمان داگیر نەكردووە، كە ئەمە بۆچوونی ئێرانە بەرامبەر بە ئیسرائیل. ھەڵبەت ئەو خاكەی كە داگیر كراوە مەنتقە بەرامبەر ئەوەی كە كوردستان داگیر كراوە پارچە كراوە، دەشپرسێت كە ئایا ئەو كەسەی داگیركەر بێت و داگیركراو بێت وەكو یەكن؟ ھەر بزاڤێكی سیاسیی كوردی سەرھەڵبدات بە مافی خۆمان دەزانین چونكە كەسمان داگیر نەكردووە. ئەو لەو بڕوایە دایە كە ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كۆشكی كۆماری توركیا بۆ سەرۆكی ھەرێم و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە تاران بۆ سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان لە كاتی سەردانیكردنیان بۆ ئەو دوو وڵاتە كردار و رەفتاری سیاسی گرنگن. سیاسەتی ئابووری توركیاش بەرامبەر ھەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین كە توانیویەتی بزاڤێكی باش لە نێوخۆی ھەرێم دروست بكات. ھیوادرم پەیوەندی سیاسی و ئابووریی ئێران و توركیا لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بەردەوام باش بێت".
دەربارەی ھەڵكەندنی خەندەقەكەی ھەرێمی كوردستان و دیاریكردنی سنووری ھەرێمی کوردستان، ئەدھەم بارزانی دەڵێت: "لە بواری جوگرافییەوە سنووری كوردستان زیاترە لەو سنوورەی كە خەندەقەكەی تێدا ھەڵدەكەنرێت، بۆیە ئەمە تەنھا بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە نەك سنوور دیاریكردن. ھەروەھا خوێنی ھەر قارەمانێكی كورد بە گرانبەھا دادەنێین و ھەر پێشمەرگەیەكی كوردستان میللەتێكە نەك تاكە كەسێك و سەنگەرێكی نەتەوەیی گەلی كوردە. شەڕی داعشیش بە دەرگایەك دەبینم بۆ ئەوەی جیھان لە ئاشتیخوازیی و ئازایەتی كورد و پێشمەرگەكەی ئاگادار بێت".
سەبارەت بەوەی كە ئایا 2016 ساڵی سەربەخۆیی کوردستانە؟ ئەدھەم بارزانی دەڵێت: "لەو بڕوایەدا نیم، بەڵام بڕوام بەھێزی گەل و ھۆشیاریی گەنجی كورد ھەیە. ھەر كاتێك ھۆشیاریی و ھێزەكەی گەل گەیشتە لووتكە، ئەوكات دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات. ئەگینا ئەم بڕیارە بە كەسێك و كۆمەڵە كەسێك نادرێت. پێویستە كاتێك ئەم بڕیارە بدرێت كە خۆڕاگری و تەحەمول و پشوودرێژی بگاتە ئەوپەڕی لووتكە. ئەو كەسانەی كە رێگری لە دروستبوونی كیانێكی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانن لە نێوخۆ، ئەو كەسانەن كە كەوتوونەتە نێو خانەی دوژمنەوە".
لە كۆتایی دیدارەكەشدا سیاسەتمەداری كورد ئەدھەم بارزانی، بە ھەرسێ زمانی توركی، فارسی، عەرەبی تكا لە ھەرسێ دەوڵەت دەكات كە با بەیەكەوە بژین و دەڵێت: "با بەس بێت، با چیتر خوێنی یەكتر نەڕێژین، ئیدی كاتی ئەوە ھاتووە كە دەرگایەكی نوێی ژیان بكەینەوە".