هەولێر - AA
وەزیرى هەرێم لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان،غازى سەعید رایگەیاند: "یەکگرتووى ئیسلامى لەگەڵ ئەوەدا نییە گۆڕانکارى لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان بکرێت، بەڵکو دەیانەوێت سەرۆکى هەرێمى کوردستان مەسعود بارزانى، سەرۆکوەزیران، نێچیرڤان بازرانى و سەرۆکى پەرلەمان یوسف محەمەد لە پۆستەکانى خۆیاندا بمێننەوە، بەڵام پێویستە هەر پێنج لایەنە سیاسییە سەرەکییەکەى هەریمى کوردستان هاوهەڵوێست بن لەسەر مانەوەى هەرسێ سەرۆکایەتى هەرێم وەک خۆى بەبێ گۆڕانکارى".
وەزیرى هەرێم لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، غازى سەعید کە هاوکات ئەندامى ئەنجوومەنى جێبەجێکارى یەکگرتووى ئیسلامی کوردستانیشە لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆلو گوتى: "ئەوەندەى ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ تورکیا کردووە و سەرنجمان داوەتێ پارتى داد و گەشەپێدان(ئاک پارتى) تاکە حزبە کە بە گرنگییەوە لە دۆزى کوردى روانیوە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە حکوومەتەکانی پێشووی تورکیا ئاک پارتی سیاسەتێکى زۆر جیاوازى هەیە بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان، ئەمەیش بووەتە جێگەى ئومێدى ئێمە".
گوتیشى: "هەر کاتێک گەلى کورد بڕیارى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان بدات، گەشبینین بەوەى تورکیا پاڵپشت و هاوکار دەبێت و دژى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان نابێت، لە سایەى ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتى ئێستای تورکیا ئەو گەشبینییەمان بۆ دروست بووە".
غازى سەعید کە ئەندامى پێشووى لێژنەى دارایی پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بووە لەبارەى تێپەڕاندنى قەیرانى دارایی لە هەرێمى کوردستان دەڵێت: "ئەو قەیرانە داراییە سەختەى رووی لە هەرێمى کوردستان کردووە لە هۆکارە دەرەکى و ناوخۆییەکانى سەرچاوەى گرتووە، هۆکارە دەرەکییەکان بریتین لە شەڕى داعش، روو تێکردنى زیاتر لە ملیۆنێک ٨٠٠ هەزار ئاوارە بۆ هەرێمى کوردستان تا ئێستاش هاتنى ئاوارە بەردەوامى هەیە ئەمە بارى هەرێمى کوردستانى قورس کردووە، لە هەمان کاتیشدا بڕینى بوودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدا بەشێکى سەرەکى بوو لە دروست کردنى قەیرانەکان و، هەروەها لە کاتێک هەرێمى کوردستان سەربەخۆ نەوتى خۆى فرۆش، نرخى نەوت لە سەرتاسەرى جیهان بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزى کە ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەى هەبوو لەسەر دروست بوونی قەیرانى دارایی لە هەرێمى کوردستان، چونکە هەرێمى کوردستان پشتى بە داهاتى نەوت بەستوە بۆ دابین کردنى بوودجەى هەرێم و دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران".
سەبارەت بە هۆکارە ناوخۆییەکان دەشڵێت "هۆکارى ناوخۆیی بۆ دروست بوونى قەیرانى دارایی لە هەرێمى کوردستان سیستەمى حکومڕانى هەردوو حزبى سەرەکى بووە، چونکە لە ٢٤ ساڵى رابردووئەو دوو حزبە دەسەڵاتدار بوونە تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت، فشارێکى زۆریان بۆ خۆیان دروست کرد بە هۆى دامەزراندنى ژمارەیەکى یەکجار زۆر لە فەرمانبەر کە لە ملیۆنێک ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر لە ئێستا هەیە لە هەرێمى کوردستان، کە ئەمە لە هیچ وڵاتێکى جیهان نەبووە بەو رێژەی ٢٤ لە سەدى هاووڵاتى دابمەزرێندرێن و لەسەر کەرتى گشتى بکرێن مووچەخۆر، لە کاتێکدا ستاندارتى جیهانى دامەزراندنى هاووڵاتییان تەنها لە نێوان ٤ تا ٨ لە سەدایە".
- "تورکیا هاوکارە بۆ ئەوەى قەیرانى دارایی کۆتایی پێ بێت لە هەرێم"
غازی سەعید ئاماژەى بە هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێمى کرد بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان و تێپەراندنى دۆخەکە و گوتى: "یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان لەو قۆناغە کارى لەسەر بکەین چۆنیەتى زیاد کردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجییەکانە، بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارى بایۆمەترى بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانی دەستپێکردووە تاوەکو ژمارەى راستەقینەى مووچەخۆرانی هەرێم بزانرێت و، دیاردەى مووچەخۆرانى بن دیوار و دوو مووچە و سێ مووچە بن بڕ بکرێن. تا ئێستا ٧٧٧ هەزار مووچەخۆر ناوی خۆیان لە تۆمارى بایۆمەترى تۆمار کردووە کە ئەمەش دەکاتە نزیکەى ٨٠ لە سەدى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان".
غازی سەعید "سیستەمی پاشەکەوتکردنى مووچەى فەرمانبەران و زیاد کردنى باج و رسومات لەسەر هاووڵاتییان بە یەکێک لە پلانر ناچارییەکانی حکومەت دەزانێت و پێوایە بە دادپەروەرانە باج لە خەڵک وەردەگیرێت و، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە حکومەتى خوازیارى ئەوە نەبووە باج و رسومات لەسەر هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان زیاد بکات، بەڵام دۆخەکە ناچارى کردوون ئەمەیش ببێتە یەکیک لە پلانەکانى زیاد کردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجییەکان. حکوومەت بە هیچ شێوەیەک مەبەستى سەختتر کردنى ژیان هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانى نەبووە."
ناوبراو باسى لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا کرد و بە گرنگ وەسفى کرد بۆ تێپەراندنى قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان و گوتى: "پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و تورکیا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەى تورکیا هاوکارى هەرێم بێت بۆ چارەسەر کردنى قەیرانى دارایی هەرێمى کوردستان، ئەمەیش خاڵێکى گرنگ و جێگەى ئومێدە بۆ ئێمە، ئەرکەکە لەسەر حکوومەتى هەرێمە کە بە پلانى خۆى قەیرانەکان تێپەڕێنێت. پاڵپشتى هەرێمى کوردستان دەکەین کە هاوشێوەى تورکیا پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەموو وڵاتانى دراوسێ و جیهان بەرەو پێش ببات".
سەبارەت بە لێژنەى ئابوورى هاوبەش لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان دەڵێت "پلانێکى گرنگە بۆ ئەم قۆناغەى هەرێمى کوردستان و تورکیا، کردنەوەى دەرگاکانى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا هەنگاوێکە کە رۆڵى خۆى دەبێت لە بوژاندنەوەى بازاڕ و بەرەوپێشچوونى دۆخى ئابوورى هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەرێمى کوردستان پلانى ئەوەشى هەیە کە لە دوو کەرتى دیکەى ئابوورى لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا بەرەو پێش ببات ئەوانیش بریتین لە کەرتى گەشتیارى و کەرتى کشتوکاڵى تاوەکو ئاڵوگۆڕى بازرگانى زیاتر ببێت، لە رابردوو بەهۆى رژێمە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق تا ئێستا ئەم دوو کەرتە بەربەستى لەبەردەم هەبووە".
- "یەکگرتووى ئیسلامى لەگەڵ گۆڕینى هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم نیە"
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەى ئەندامى ئەنجوومەنى جێبەجێکارى یەکگرتووى ئیسلامى غازى سەعید لە هەمان کاتیشدا بەرپرسى بانگەوازخوازانى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانیشە لە بارەى دیدگاى یەکگرتووى ئیسلامى بۆ کارا کردنەوەى پەرلەمان و لە یەکتر نزیکردنەوەى لایەنەکان گوتى: "ئێمە وەک یەکگرتووى ئیسلامى لەگەڵ ئەوەدا نین هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان بگۆڕدرێت، بەڵکو دەمانەوێت سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى، سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکی پەرلەمان یوسف محەمەد لە پۆستەکانى خۆیان بمێنن، بەڵام بە رێککەوتن و هاوهەڵوێستى هەموو لایەنەکان بێت، لە هەمان کاتیشدا پێویستە لە ناو حکومەتدا گۆڕانکارى، چاکساز و نوێبوونەوە بکرێت".
غازی سەعید گوتیشی: "یەکگرتوو لە هەوڵى بەردەوام دایە بۆ ئەوەى لایەنەکان بە تایبەت گۆڕان و پارتى لە یەکترى نزیک بکاتەوە، چونکە جگە لە زمانى دیاڵۆگ و دانیشتى سەر مێز هیچ شتێکى دیکە بە چارەسەر بەگونجاو نازانین، لەگەڵ هیچ هەنگاوێکى سڕینەوەى یەکتر نین کە لە نێوان حزبەکان بێتە ئاراوە، بەڵکو پێویستە هەر پێنج لایەنە سەرەکییە پێکەوە رووبەڕووى هەموو ئەو ئاستەنگانە ببنەوە کە رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بووەتەوە، بۆ ئەمەیش پێویستە رێککەوتنێک هەبێت لە نێوان هەموو لایەنەکان".
دەشڵێت: "هەوڵەکانى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و پشتیوانى کردنى چەند لایەنێکى دیکە بووەتە هۆى ئەوەى لایەنە سیاسییەکان لە یەکترى نزیک ببنەوە و مەترسى دابەشبوونى کوردستان بەسەر ناوچەى زەرد و سەوز نەهێڵێت، پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى روون و ئاشکرا بوو کە دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت، ئەمە هەم بە دەنگەوە هاتنى هەڵوێستى یەکگرتوو بوو لەلایەن بەڕێزیانەوە هەم ئێمەیش پشتگیرى پەیامەکەى جەنابیان دەکەین".
لە کۆتاییدا ئەندامى ئەنجوومەنى جێبەجێکارى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، غازى سەعید هەوڵەکانی حزبەکەی بۆ لێک نزیک کردنەوەی لایەنەکان ئاشکرا دەکات کە بە دوو پڕۆژە پارتى و گۆڕان لەیەکترى نزیک کردووەتەوە و گوتى: "قۆناغى یەکەممان ئەوە بوو هەوڵماندا متمانە بۆ نێوان هەردوو لایەنەکە بگەڕێنینەوە تاوەکو کار بە زمانى لێکتێگەیشتن بکەن، خۆشبەختانە لەم هەوڵەمان سەرکەوتوو بووین، ئێستا لە قۆناغى دووەمى هەوڵەکانمانین ئەویش کۆبوونەوە و دانوستاندنى نێوانیانە. قۆناغى دووەم ئەوەیە کە را و بۆچوونى یەکترى وەربگرین، نابێت هیچ پڕۆژەیەکى سیاسى بەسەر لایەنێکى دیکەى سیاسى بسەپێندرێت، بەڵکو دەمانەوێت هەموو لایەنەکان پێکەوە بگەن بە هاوهەڵوێستى، سوورین لەسەر ئەوەى حکوومەتى بنکەفراوان بەردەوامى پێبدرێت و پەرلەمانیش کارا بکرێتەوە، بۆیە تا ئێستا یەکگرتووى ئیسلامى هیچ کاندیدێکى بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان یان حکوومەتى هەرێم دەست نیشان نەکردووە".
news_share_descriptionsubscription_contact

