Abdullah Shukur,Mazın Asad
10 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2017
بەرشەلۆنە - AA
سەرۆکی حکوومەتی ئیدارەی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا لە رۆژھەڵاتی ئیسپانیا، کارلۆس پیوگیدمۆنت رایگەیاند کە ئەوان پرسی راگەیاندنی سەربەخۆیان ھەڵپەساردووە.
پەرلەمانی خۆجێی کەتەلۆنیا، بۆ یەکەمین جار لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی ھەرێمەکەیان کە لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بە نایاسایی ناوبرابوو، کۆبووەوە.
لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کەتەلۆنیا، پیوگیدمۆنت رایگەیاند "بەپێی ئەنجامی گشتپرسی سەربەخۆیی ١ی تشرینی یەکەم، ھەرێمی کەتەلۆنیا مافی سەربەخۆیی بەدەسھێناوە، ئەو ئەرکە دەخەمە ئەستۆ کە گەل بە مەبەستی راگەیاندنی سەربەخۆیی ھەرێمی کەتەلۆنیا بە منیان داوە، بەڵام بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی ئیسپانیا، پرسی راگەیاندنی گشتپرسی ھەڵدەپەسێرم، دەمەوێ حکوومەتی ئیسپانیا ئەو نێوەندگیرییە قبوڵ بکات".
پیوگیدمۆنت گوتیشی: "ھەرگیز گوێبیستی ھەڕەشە لە منەوە نابن. پەیامم بۆ کەمکردنەوەی بارگرژی دەبێت نەک زیادکردنی. ھەرەچەند ھەموومان خاوەنی یەک بۆچوون نین، بەڵام پێکەوە دەتوانین بژین".
ناوبراو بەرگری لەوەش کرد کە ھەرێمی کەتەلۆنیا رۆڵی گرنگی ھەبووە لە مۆدێرن بوون و سەقامگیربوونی ئابووری ئیسپانیا لە دوای مردنی دیکتاتۆر فرانکۆ، بەڵام حکوومەتی ناوەندی چاوپۆشی لەم راستییە دەکات.
سەرۆکی کەتەلۆنیا جەختی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی پێگەی ھەرێمی کەتەلۆنیا لە ساڵی ٢٠١٠ کردەوە لە لایەن دادگای دەستووری ئیسپانیا و رایگەیاند: "لە دوای بڕیاری دادگای دەستووری، دەوڵەتی ئیسپانیا ھیچ شتێکی نەکرد. کەتەلۆنییەکان بینیان کە تاکە گەرەنتی بۆ مانەوەیان لە ژیان، دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیانە".
-"لە دژی ئیسپانیا و ئیسپانییەکان نین"
پیوگیدمۆنت پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئیسپانیا کرد و گوتی: "پێشەکی ئارەزووی پەیوەندی باش لەگەڵ ئیسپانیا و گەلی ئیسپانیا دەکەین. ئێمە تاوانبار، شێت یاخود کودەتاچی نین. گەلی ئاسایین کە دەمانەوێت دەنگی خۆمان بەکاربھێنین. لە دژی ئیسپانیا و ئیسپانییەکان نین. بە پێچەوانەوە دەمانەوێت بە باشی لەگەڵ یەکتر بەڕێوە بچین. تاکو ئێستا گشتمان بینیمان کە پەیوەندییەکان بەڕێوە ناچێت. لە سەرووی دەستوورەوە، دیموکراسی ھەیە و پێویستە ھەموو لایەک ئەمە ببینێت".
ناوبراو لە گوتەکانیدا بە فراوانی باسی ھێرشی پۆلیس و جەندرمەی ئیسپانیا لەکاتی بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکە کرد کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٨٠٠ کەس بریندار بووبوون.
-"بۆ یەکەمجار لە ئەورووپا ھێرشکرایە سەر ئەوانەی چوونە بەردەم سندووق"
سەرۆکی کەتەلۆنیا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "بۆ یەکەمجار لە دیموکراسی ئەورووپا لە رۆژی ھەڵبژاردندا پۆلیس ھێرشی کردە سەر ئەوانەی کە چوونە بەردەم سندووق و رووبەڕووی فشاری دەروونی بوونەوە. ھاوکات گوێبیستی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بوون".