Mazın Asad
10 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2017
رۆما - AA
سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران، عەلی ئەکبەر ساڵحی رایگەیاند نایانەوێت رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی ٥+١ و ئێران ھەڵبوەشێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ واژوو کرا.
ساڵحی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەشداری لە کۆنفڕانسێک کرد کە پرسەکانی بێ چەککردن، کەمکردنەوەیی چەکی ئەتۆمی، ھەماھەنگی ئەمنی و زانستی تێدا تاوتوێ کرا.
سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران ھەڵسەنگاندنی لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و روونکردنەوەکانی ئەمریکا لەبارەی رێککەوتننامەکە کرد.
ساڵحی ئاماژەی بە گرنگی رێککەوتننامەکە کرد و رایگەیاند: "دەمەوێت بە راشکاوی بڵێم کە نامانەوێت رێککەوتننامەکە تێک بچێت".
سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی لەوبارەیەوەی ھۆشداری بە ئیدارەی ئەمریکا دا و گوتی: "کشانەوەی ئەمریکا لەم رێککەوتننامەیە، کاریگەری جددی لەسەر سیاسەتەکانی ئێران دەبێت. تێکچوونی ئەم رێککەوتننامەیە، متمانەی ئەمریکا لە نێوەندەکانی نێودەوڵەتی لاواز دەکات. ھیواخوازین لەم قۆناغەدا بە ژیرانە و پشوودرێژی مامەڵە دەکرێت".
بەرپرسی دەزگای وزەی ئەتۆمی جیھان، یوکیا ئامانۆ دوێنێ لە گوتارێکی لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکە رایگەیاند ئێران بەڵێنەکانی رێککەوتننامەکەی بەجێ گەیاندووە و بەرپرسی باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا فێدریگا مۆگرینی-ش جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک پابەندی رێککەوتننامەکە بن.