hemn husain
10 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2016
دوای مانەوەی لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ رۆژ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا خێتر بۆرژوا گەڕایەوە و لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا بە گوتەیەکی چینی دەستی بە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە کرد و گوتی: "گوتەیەکی چینی هەیە دەڵێت سەیرکردنی یەکجار هەزار مانا دەدات، زۆر خۆشحاڵم لە ماوەی ئەو سەردانەمدا توانیم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی و وەزیری پلاندانان و وەزیری پیشەسازی و وەزیری ئەوقاف کۆببمەوە تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی گرنگ بکەین".
خێرت بۆرژوا گوتیشی: "لەمیانەی سەردانەکەمدا لەگەڵ ژووری بازرگانی و جەنابی مەتران کۆبوومەوە و ئەمڕۆش سەردانی کەمپی گەویلان-م کرد بۆ لای ئاوارەکان و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خۆشحاڵم کە شەرەفی ئەوەشم پێ بەخشرا سەردانی پێشمەرگە قارەمانەکانیش بکەم لە بەرەکانی شەر لە نزیک کەرکووک کە گیانی خۆیان کردووەتە قوربانی و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی کوردستان زۆر بە خۆشحاڵیەوە بەخێرهاتنی منیان کرد و ئەمەش هەستێکی تایبەتی بە من بەخشی".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز ئاماژەی بە پێگەی هەرێمی کوردستان کرد وەکو جێگایەکی سەقامگیر و هەبوونی ئاسایش لەو ناوچەیە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بێگومان هەرێمی کوردستان بە لانکەی یاخود پێگەیەکی گرنگی سەقامگیری دادەنێم کە دیموکراسی لێی بەرقەرارە و هەرچەندە زۆرینەی هەرێمی کوردستان موسڵمانن بەڵام پەیوەندی لە نێوان ئایینەکان و پێکهاتەکانی دیکە زۆر باشە و لە رووی مافی مرۆڤیشەوە دەتوانم بڵێم مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافی ئافرەت بە تایبەتی لەوپەڕی باشیدایە".
خێرت بۆرژوا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆک باسی دوو تەوەری کرد ئەوانیش یەکەمیان سەربەخۆیی و دووەمیان باسی قۆناغەکانی دوای رزگارکردنی شاری مووسڵ".
خێرت بۆرژوا گوتیشی: "جەنابی سەرۆکی هەرێم پێی گوتم ئێمە لەگەڵ بەغدا دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین، ئەگەر نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک ئەوا ریفراندۆم ئەنجام دەدەین و خاڵی دووەمیش دوای رزگارکردنی مووسڵ کە پێویستە رێز لە راو بۆچوونی و بڕیاری خەڵکی وەربگیرێت چونکە ئەو شوێنانە پێکهاتەی زۆری تێیدایە".
سەرۆکی هەرێمی فلاندەرز ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی کوردستان کرد لە بەهاناوەهاتنی ئاوارەکان و لەگەڵ ئەوەشدا ستایشی دەزگاکانی ئاسایشی کرد و گوتی: "من سەرسامم بە هەرێمی کوردستان بەو ئاسایش و سەقامگیرییە کە هەیە بە تایبەتی نزیکەی 1 ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری لە خۆ گرتووە کە لە کاتێکا کە لە سەدا 80 ی ئەم خەڵکە ئاوارانە لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ کراوەتەوە، جگە لەوەش حکوومەت کاری باشی کردووە لە دابینکردنی خزمەتگوازری لەکە کامپەکان و بێگومان ئەمە لە کاتێکدایە کە کوردستان تەحەدا و رووبەڕوو بوونەوەیەکی زۆری لەبەردەمدا هەیە و قەیرانی دارایی و شەڕی دژ بە داعش و هەموو ئەوانە کاریگەری زۆر کردووتە سەر هەرێمی کوردستان".
خێرت بۆرژوا گوتیشی: "بە بۆچوونی من پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەورووپا ئەم بەرپرسیاریەتییە و ئەم خاڵە گرنگانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت".
بەپێی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز، لەماوەی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو ولاتە دەکات و لە نزیکەوە لەگەڵ دەسەلاتدارانی ئەم وڵاتە کۆدەبێتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا خێرت بۆرژوا گوتی: "لە راستیدا لەو سەردانە دەمەوێت پەیوەندی گرنگ ئەنجام بدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستانم داوەت کرد بۆ هەرێمی فلاندەرز و بە خۆشحاڵییەوە داوەتەکەی ئێمەی قبوڵی کرد و جگە لەوەش وەزیری پلاندانان و وەزیری بازرگانیم داوەتکردووە بۆ ئەوەی بێن و لە نزیکەوە بتوانن هەندێک لە سەنتەرەکانی بارزگانی ببینن و کۆبوونەوە بکەن لەگەڵ دەزگاکانی توێژینەوەی فلاندەرز و جگە لەوەش داوام لە زانکۆکان کردووە کە بتوانن پەیوەندی باش و ئەکادیمی بونیادبنێن لەگەڵ زانکۆکانی فلاندەرز".
هەرێمی فلاندەرز لە رێگای خاچی سووری نێودەوڵەتی بڕیارە بڕی 200 هەزار یۆرۆ وەکو هاوکاری بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و لەو بارەیەوە خێرت بۆرژوا گوتی: "ساڵی پار ئێمە لە رێگای خاچی سووری نێودەوڵەتی 400 هەزار یۆرۆمان پێشکەش بە کامپی گەویلان کرد و ئەمسالیش بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ وەکو هاوکاری دەنێرین بۆ هەرێمی کوردستان".
خێرت بۆرژوا گوتیشی: "زۆر شێواز هەیە بە ئێمە بتوانین یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەین و ئێمە وڵاتێکین لە ناوەندی جیهانگیریدا پێگەی تایبەتمان هەیە و وڵاتێکین کە کەلوپەل زۆر هەناردەی دەرەوە دەکەین لە بواری پەروەدە پێشکەوتووین و لە بواری توێژینەوە پەرەپێدان چەند سەنتەرێکی جۆراوجۆرمان هەیە".