hemn husain
09 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2016
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عەلی رەشید: "پڕۆژەکان بریتی بووە لە داواکردنی چەند ئەمبوڵانسێک بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەک و نۆژەنکردنەوەی خانەی بەساڵاچووان و لێدانی چەند بیری ئاو لە پارێزگای هەولێر".
کونسوڵی کۆماری تورکیا لە هەولێر محەمەد ئاکیف ئینام سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەن و سەرۆکی فڕاکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا
دوای کۆبوونەوەکەش سەرکونسوڵی تورکیا لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە کرد کە بریتی بوو لە تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژە لە نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان و هاوکات ئاسانکاری پێدانی ڤیزای تورکیا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبوو.
لەسەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عەلی رەشید گوتی: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی کرد لە سەرکونسوڵی کۆماری تورکیا لە هەولێر بەڕێز محەمەد ئاکیف، ئەمەش لە درێژەی کارەکانمان بووە لەگەڵ کونسوڵخانەی تورکیا و ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر داواکاریمان هەبووە بۆ پشتگیری کردنی وڵاتی تورکیا و چەند پڕۆژەیەکمان هەبووە بۆ بەڕێزیان".
سەبارەت بە ناوەرۆکی پڕۆژەکانیش عەلی رەشید گوتی: "پڕۆژەکان بریتی بوون لە داواکردنی چەند ئەمبوڵانسێک بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەک و نۆژەنکردنەوەی خانەی بەساڵاچووان و لێدانی چەند بیری ئاو لە پارێزگای هەولێر".
دواتر سەرکونسوڵی تورکیا لە هەولێر محەمەد ئاکیف بنیام گوتی: "ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان ئەنجامدا لەگەڵ سەرۆک و جێگر و سەرجەم فڕاکسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئەوە یەکەم سەردانمان نیە و ئێمە هەوڵ دەدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانمان بدەین لە هەموو بوارەکاندا و لەگەڵ هەموو ئەنجوومەنەکانی هەرێمی کوردستان دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەرەو پێش ببەین بەڵام چونکە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە بۆیە زیاتر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێرە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محمەد ئاکیف دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کرد و گوتی: "سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و نەهامەتییەی لە ناوچەکەدا هەیە بەڵام من دەمەوێ دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر بکەم و هەروەها لەناو کۆبوونەوەکەماندا ئاماژەمان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان کرد و هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەو پڕۆژانەش بدەین کە لە نێوانماندا هەیە".
محەمەد ئاکیف گوتیشی: "ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر باسی هەندێک بواریان کرد کە ئێمە وەکو وڵاتی تورکیا لە رێگای چەند دەزگایەک دەتوانین یارمەتییان بدەین و من وا بیر دەمەکەوە کە ئەگەر بێت و ئەو کارانەی بەیەکەوە دەکەین ئەگەر لە رووی ماددیشەوە زۆر گرنگ نەبێت ئەوا لە رووی مەعنەویەوە پرۆژەی زۆر گرنگن و هەر لەو چوارچێوەیەدا ئێمە لە وڵاتی تورکیا لە گفتوگۆداین لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی هەندێک پڕۆژە".
سەرکونسوڵی تورکیا لە هەولێر راشیگەیاند کە ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە پەیوەندی بەردەوامدان و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە لە هەموو هەنگاوەکاندا لەگەل بەرپرسانی ناوچەکەدا لە هەماهەنگی وگفتوگۆداین بۆ ئەوەی بتوانین کارەکانمان بە باشی بکەین و چەند رۆژێک لەمەو بەر لە خانەی بەساڵاچووان لەلایەن کۆمپانیای تیکا چەند کارێکیان بۆ کرابوو، ئێمە لەگەڵ پارێزگای هەولێر پرۆژەکەمان بەسەرکردەوە و لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵین ئەمرۆ لە ئەنجوومەنێک بووین کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە کە سەرجەم پێکهاتەکانی تێدایە بە کورد و تورکمان و رەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە".
ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبوو، سەبارەت بەم بابەتەش محەمەد ئاکیف رایگەیاند کە نایانەوێت ئاستهنگ بۆ پێدانی ڤیزه ههبێت، بهڵام داواكاری زۆری ڤیزه ههیه و ناتوانن بهیهكجار وهڵامی ههموو ئەو داواکارییانە بدهنهوه و لەمبارەیەوە گوتی: "لهگهڵ سهرووی خۆمان كارمانكردووه كه ڤیزهی ئهلیكترۆنی بۆ نهخۆش ههبێت و بۆ پیاوانی كار و گهشتیارانیش له داهاتوو ههوڵی دابینكردنی ڤیزهی ئهلیكترۆنی دهدهین و دەمەوێت ئەوەش باس بکەم کە گۆڕانكارییهكان لە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان هیچ هۆکارێکی سیاسی لەدواوە نییە بەڵکو بههۆی كۆچکردنی هاووڵاتییانەوە بابهتهكه گهیشتووەته ئهو ئاسته و ئێمە نامانەوێت لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ڤیزا ببێتە ئاستەنگ بۆ سەفەرکردنی هاووڵاتییان چونکە ناوچەی کاری منە".
لە وەڵامی رۆژنامەنووسانیشدا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە، سەرکونسوڵی تورکیا رایگەیاند کە ئەوەی ئێستا حکوومەتی تورکیا دەیکات ئەوە بەرەنگاری تیرۆرە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوەی ئێستا حکوومەتی تورکیا دەیکات ئەوا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە هەر بە تەنیا لەگەڵ پەکەکە نیە بەڵکو لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و هەندێک لایەنی دیکەی چەپە و تورکیا ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل زیانی لێ نەکەوێتەوە وبەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە لە کاتی بۆردوومانکردنی هەر ناوچەیەک پشت بە زانیاری هەواڵگری دەبەسترێت بەڵام پەکەکە دەچێتە ناو خەڵکی سڤیل و هەر ئەوەش هۆکارە، بەڵام پێویستە خەڵکی سڤیل رێگا نەدات ئەو رێکخراوانە تێکەڵ بە خەلکی سڤیل ببن".
جێی ئاماژەیە ئەم سەردانەی سەرکونسوڵی تورکیا لە هەولێر محەمەد ئاکیف ئینام دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو شاندێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سەردانی کونسوڵخانەی تورکیایان لەهەولێر کرد و هەندێک داواکارییان خستەبەردەم کونسوڵی تورکیا.