Hemin Hüseyin
16 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵلا، دەزگای خێرخوازی بارزانی، رێوڕەسمی ھاوکاریکردنی خێزانی شەھیدانی شەڕی دژ بە داعش سازکرد کە لەو رێوڕەسمەدا بڕی یەک ملیۆن دینار وەکو هاوکاری بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش بەخشرا.
لەسەرەتای رێورەسمەکەدا ئێوارەخوانێک بۆ ئامادەبووان سازکرا و بەربانگیان کردەوە و دواتر بڕی یهك ملیۆن دینار درا بەههر خێزانێكى شەهیدى شەڕی دژ بە داعش.
بڕی پارەکە لەلایەن بەرپرسی میحوەری گوێڕ – مەخموور، سیروان بارزانی دابینکرا کە لەلایەن هەریەک لە سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەسەر ژمارەیەک لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دابەشکرا و تا جەژنی رەمەزان ئەو هاوکارییە بەسەر سەرجەم خانەوادەی شەهیدان دابەش دەکرێت. کە بڕیارە دوای پارێزگای هەولێر لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و کەرکووک، رێورەسمێکی هاوشێوە ساز بکرێت و خانەوادەی شەهیدانی ئەو ناوچانە هاوکاری بکرێن.
بەپێی لیستی ژمارەی شەهیدانى شەڕی دژ بە داعش کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دراوە بە دەزگای خێرخوازی بارزانی، ژمارەی شەهیدان هەزار و ٤١٠ شەهیدە کە بڕی یەک ملیۆن دینار دەدرێت بە خانەوادەی هەر شەهیدێک و بەمەش کۆی گشتی پارەکە دەکاتە یەک ملیار و ٤١٠ ملیۆن دینار.
لە کۆی گشتی ئەو هەزار و ٤١٠ شەهیدە، ٣٩٤ شەھید خەڵکی پارێزگای ھەولێر و ٤٤٤ شەھید خەڵکی پارێزگای دھۆک و ٣٤٤ شەھید خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین هاوکات لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و کەرکووکیش ٢٢٨ شەھید هەیە کە ئەو هاوکارییە بۆ ھەموو شەھیدانە، بەبێ جیاوازی.