Hamit Hüseyin
16 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2015
سیروان بارزانی رایدەگەیەنێت كە 22 پێشمەرگەیان بە هۆی غازی خەردلەوە بریندار بوون و باس لە كەمبوونی ئەو یارمەتییە سەربازیانە دەكات و دەشڵێت: "لە رۆژهەڵاتی میحوەری مەخموور تەنیا حەوت گوندی بچووك لەدەست داعش ماون و پێویستە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك هەماهەنگیمان هەبێت و لەو كاتەدا گرتنەوەیان ئاسانە".
سیروان بارزانی گوتی: "هەماهەنگی لەگەڵ میحوەرەكانی دیكەی هێزی پێشمەرگە هەیە و لەكاتی پێویستدا ئەگەر ئۆپەراسیۆنی گەورە لەهەركام لا هەبێت ئەوە هەماهەنگی و هاوكاری یەكتر دەكەین".
لەبارەی بەشداریكردنی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵ، سیروان بارزانی گوتی: "تا ئێستا بەتەواوی پلانی شەڕەكە دیار نییە، خەڵكێك دەڵێن حەشدی شەعبی بەشدار دەبێت، بە بڕوای خەڵكانێكیش ئەوان بەشدار نابن. بۆ پێشمەرگەش تا ئێستا دیار نییە چۆن و بە چ رێژەیەك بەشدار دەبێت و هەركاتێك سەرۆكایەتی و فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەند بوون، پێشمەرگە ئامادەیە".
ئەو لەوەش نیگەران نییە كە پێشمەرگە لەئەگەری بەشداریكردنیدا تووشی شەڕی كۆڵان بە كۆڵان بێت و دەڵێت: "لەو بارەیەوە هێزەكانی پەیمانی ناتۆ لە هەولێر پێشمەرگەیان پەروەردە كردووە هەر لە زێرەڤانی و تا دەگاتە دژە تیرۆر. بۆ ئەم مەبەستەش كێشەمان نییە".
سیروان بارزانی سوپاسی هاوكارییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد و بە تایبەتی لە رووی ئاسمانییە بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە كە هاوكارییەكان لە ئاست ئەو شەڕە گەورە و بەرفراوانەدا نییە و لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە لە شەڕێكداین لەگەڵ گەورەترین گرووپی تیرۆریستی جیهانی كە بە هەموو تواناكانییەوە و بەرەیەكی شەڕ بە سنوورێكی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر بەرفراوانە و رۆژێك نییە كە بۆردومانمان نەكەن. هەر لەو مانگەدا سێ رۆژ باران باری و هەر سێ رۆژ هێرشمان كراوەتە سەر. بۆیە پێمان وایە كە لە وەرزی زستان هێرشەكان زیاتریش بن".
سیروان بارزانی گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش هەموو جۆرە چەكێكیان هەیە كە لە سوپای عێراق بۆیان ماوەتەوە،هەر لە دژە تانك و چەكی قورس و گەورەترین چەكیش كە هەیانە چەكی ئینتحارییە كە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵی ئاسان نییە. ئێمە پێویستمان بە هەموو جۆرە چەك و پێداویستییەكی سەربازی هەیە وەك مین هەڵگرەوە و ئەو جۆرە شتانە بەڵام زیاتر پێویستمان بە چەكی قورس هەیە".
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێر پێی وایە هۆكاری بە تەواوی نەگەڕانەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە ئەوەیە كە هەر پێشتریش ناوچەكە كێشەی لەسەر بووە كە مەبەست لێی ناكۆكییەكای حكوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە سەردەمی رژێمی بەعسە بۆیەش دانیشتوانی زۆربەیان لە هەولێر خانوویان هەیە، بەڵام سەرەرای ئەوەش دەڵێت: "زیاد لە 90 لەسەدی دانیشتوانی مەخموور گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان و دامودەزگاكان و قوتابخانەكان كراونەتەوە. بەڵام لە گوێر بارودۆخەكە جیاوازە و تەنیا زێی گەورەیە كە سنووری نێوان پێشمەرگە و داعشە و خۆمان بە باشی نازانین كە خەڵكی ئاسایی بێنەوە. ئەگەرچی خەڵكی ئەو ناوچەیە بەشێكیشیان عەرەب بوون و لەكاتی دەركردنی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە ئەوان لەگەڵ چەكداران داعش كەوتن".
سیروان بارزانی دوا سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە كە خۆی یەكێك لە ئەندامانی بووە بۆ پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا و پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیكا بە سەردانێكی سەركەوتوو دەزانێت و دەڵێت: "ئەگەرچی ئەوان دەزگایەكی جێبەجێكار نین بەڵام دەتوانن رۆڵێ باشیان هەبێت لە ئاراستەكردنی حكوومەتەكان بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە".
سیروان بارزانی ئاشكرای كرد كە ئەوان لەگەڵ نوێنەرانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی ناسراو بە "ناتۆ" دانیشتوون و داوایان كردووە كە نوێنەریان هەبێت لەو رێكخراوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا دەنگیان بگات و لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوان بەڵێنی ئەوەیان داوە كە لەسەر ئەو داوایەی ئێمە قسە بكەن چونكە ئێمە وڵات نین و ئەوە حاڵەتێكی تایبەتە".
ئەو دەڵێت: "11ی مانگی ئابی رابردوو غازی خەردل بەكار هێنرا لە دژی پێشمەرگە. 22 پێشمەرگەمان بریندار بوو. ئێمە بۆ ئەم مەبەستەش توانایەكی كەممان هەیە و ماسكی دژە غازی كیمیاویمان كەمە و داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە بۆمان دابین بكەن".
ساڵانێكی زۆرە كەمپێكی ئاوارەكانی كوردی توركیا لە مەخموور بوونی هەیە و لە كاتی هێرشی شنگال بۆ سەر ئەو ناوچەیە ئەوانیش بەر شالاوی ئەو شەڕە كەوتن. سیروان بارزانی لەبارەی هەماهەنگی هێزەكانیان لەو میحوەرە لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە دەڵێت: "ئەوان كەمپەكانی خۆیان دەپارێزن و ئامادەیی هاوكاریی خۆشیان دەربڕیوە بۆ هەر چەشنە یارمەتیدانێكی ئێمە. هیچ كێشەیەكمان لەگەڵیاندا نییە".