خازر
سەعات یەكی شەوی رابردوودا، تیرۆریستانی رێكخراوی داعش لە میحوەری خازر لە چەند قۆڵێكەوە لە گوندی وەردەك تا چیای زەرتك و رێگای سەرەكی خازر، ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و تێكشكان و لە ئاكامدا پێنج تیرۆریست كوژران و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازییان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە دەستی بەسەر داگیرا.
فەرماندە لە ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر عەمید حەمە رەشید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی: "شەوی رابردوو داعش لە چەند قۆلێكەوە ھێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دووچاری شكستێكی گەورە بوون".
دووپاتیشی كردەوە كە داعش لەو میحوەرە لاواز بووە و توانیان ئەوەیان نەماوە كە بتوانن پێشڕەوی بكەن و گوتی: "ئەوان (داعش) ئیتر ھێزی ئەوەیان نەماوە تا بتوانن سەنگەرەكانی پێشمەرگە بشكێنن".
عەمید حەمە رەشید گوتیشی: "ھەرچەندە ئەم میحوەرە میحوەرێكی ستراتیجی و ھەستیارە بەڵام ھەموو خەڵكی ھەرێمی كوردستان و ھەولێر دڵنیا دەكەینەوە كە ئیتر داعش ناتوانێت سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەم میحوەرە بشكێنێت و تا ئێستا زیاتر لە ١٤ ھێرشی گەورەیان لەو میحوەرە ئەنجامداوە و هەر هەموویان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە تێكشكێنراون".
پێشمەرگەیەك كە بەشداری لە شەری شەوی رابردوو كردبوو لە میحوەری خازر بە ناوی موقەدەم فەرھاد رەش دەڵێت "داعش ھەر چەندە ماوەیەكە پلانی نۆی دادەنێت بەڵام ئێمە ھەمیشە سەركەوتووبووینە و داعش ئەو ھێزە نییە كە بتوانێت لە گەڵ پێشمەرگە شەڕ بكات، ئەوان بە دزەكردن ھێرش دەكەن كە وەك شەوی رابردوو ئاشكرا بوو و ھەموو جارێك تووشی شكست دەبن".