Hamit Hüseyin
26 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2015
لە ساڵی ٢٠١١وە خەڵكێكی زۆر لە رۆژئاوا رووی لە ھەرێمی كوردستان كرد و ئەوەیش وای كرد كە زۆربەی ئەو كەسانەی كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا بوون ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا درووست بكەن كە رۆڵی دیاری لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لە ھەرێمی كوردستان بینی و چەندین شەھیدیشیان ھەبووە. ئەو ھێزە بە شێوەیەكی ئەكادیمی لە چەند سەربازگەیەك لە دھۆك و ھەولێر مەشقی سەربازیان پێدراوە و لە ئێستادا ژمارەیەكی ئەو ھێزە داخلی سنووری رۆژئاوا بووە.
ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە ١١ فەوج و زیاتر لە شەش ھەزار كچ و كوڕ پێكھاتووە و ئەوانیش ھەموویان خەڵكی رۆژئاوان و ئەو ھێزە لە ئێستادا سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستانە.
پرسی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە ھەرێمی كوردستان تا ئێستا چەندین جار پەكی كەوتووە و بە جۆرێك ئەو پرسە لە ھەر دوو رێككەوتننامەی ھەولێر و دھۆك باسكراوە و لە ئێستادا وا دیارە بە نیۆانگێری ئەمریكا چارەسەر بووبێت.
سەرچاوەیەك لە ھەرێمی كوردستان كە نەیوێست ناوی ئاشكرا بكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:"لە ئێستادا ژمارەیەكی ئەو پێشمەرگانە داخلی سنووری رۆژئاوا بوونەتەوە بەڵام ئەو پرسە بە فەرمی راناگەیەنرێت و ئاماژەی بەوەدا كە لە رۆژئاوا بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەكانی كوردی كار دەكەن".
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا نەشئەت زازا چەند رۆژێك بەر لە ئێستا لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بابەتە بۆ رۆژئاوا گرنگە و ئەوانەی لەو ھێزە جێگیر بوونە ھەموویان خەڵكی رۆژئاوان و ئەوان تەنھا لە ھەرێم پەروەردەی سەربازیان پێداراوە، بەڵام تایبەتن بە رۆژئاوا و ئەنجوومەنی نشتیمانی كورد، ئەو بابەتەش چەندین جار گفتوگۆی لە سەر كراوە و ھەروەھا گوتبووی لە ئێستادا رۆژئاوا پێویستی بە پێشمەرگە و ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە بۆ ئەوەی خاكی رۆژئاوا پارێزراو بێت".