Hemn Osman
26 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2015
كۆپنهاگن
هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەددین دەمیرتاش، ئاماژەی بەوە كرد كە دەگونجێت پێش هەڵبژاردن قۆناغی چارەسەری زیندوو بكرێتەوە و گوتی: "بەداخەوە بەڕێز ئەردۆغان هەموو دەرگاكانی داخستووە. لە ئیستادا ئەو كارە دەكات كە پێویستە بۆ ئەوەی قۆناغی چارەسەری دەست پێ نەكاتەوە. بەڵام ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بەتایبەتی بەقازانجی ئاشتی خوازاندا بشكێتەوا، ئەوا لەو باوەڕەدام زۆر بەخێرایی بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی چارەسەری".
دەمیرتاش، لە كۆپنهاگنی پایتەختی دانمارك، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كریستیان جێنسن دا كۆبووەوە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا پێش هەڵبژارنی پێشوەختی توركیا قۆناغی چارەسەری دەست پێ دەكاتەوە، دەمیرتاش گوتی: "بەڵێ، جگە لە قۆناغی چارەسەر، ئێمە خاوەندارێتی هیچ رێگایەكی دیكە ناكەین. بەدڵنیاییەوە دەبێت توندوتیژی بوەستێت و لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن. دەبێت كوشتار، خوێن رشتن و فرمێسك رشتن بوەستێت. لەو بارەیەشەوە هەڵوێستی هەدەپە زۆر روون و ئاشكرایە. بەداخەوە لە ئێستادا گەورەترین بەربەست لە توركیادا لەبەردەم گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ دانوستان دەوڵەتە، ئەو هەڵوێستەیە كە حكوومەت ئاراستە دەكات. لە راستیدا ئەو بانگەوازانەی ئێمە ئاراستەمان كرد لەلایەن بەڕێوەبەرانی باڵای پەكەكەوە بە ئەرێنی وەڵام درانەوە. واتا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست بە گەرەنتیەك و گەڕانەوە بۆ دانوستان بەئامادەیی هێزێكی چاودێر. بەڵام وەك دەزانن بەڕێز سەركۆمار گوتی: 'قبووڵی ناكەم چەكەكان بێ دەنگ بن'، 'پێویستە دەست بەجێ چەكەكانیان دابنێن'. واتا وەك سەركۆماری وڵاتێك قبووڵی ناكات چەكەكان بێ دەنگ بن. دەڵێت بە دروستی نازانم، واتا ئەم بارودۆخەی ئێستا كە شەڕ هەیە، ئەو زیاتر دڵخۆش دەكات''.
پێش كۆبوونەوەكە، دەمیرتاش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پێكهاتەی هاوتەریب، گوتی: "با زۆر روونتر بە پەیامێك باس لەو بابەتە بكەم. هەركەسێك تاوانی ئەنجامداوە، جا ئیتر ئەندامی گولەن بێت یان ئەوانەی پەیوەندیان بە گولەنەوە هەیە، با كاری پێویستیان بەرامبەر بكرێت. بەڵام ئەوە كارێكی دادپەروەرانە نییە، هەر كاتێك كار لەسەر ئەو بابەتە كرا بوترێت تەواوی كۆمەڵەیەك رێكخراوێكی تیرۆریستین".
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە دەمیرتاش، دوای ئەوەی لەگەڵ كۆمیتەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی دانمارك كۆبووەوە، لە چوارچێوەی كۆبوونەویەكی جەماوەریدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە وتارێكی پێشكەش بەو خەڵكە كرد كە كۆببوونەوە، پاشان كۆپنهاگنی بەرەو بەرلین جێهێشت.