Hemn Baban
12 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2015
هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دكتۆر سامان بەرزنجی دەڵێت بەهۆی بوونی قەیرانەوە داوای هاوكاریی ئەڵمانییامان بۆ هەرێم كردووە لەرووی پزیشكییەوە.
بریكاری وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی دووقۆڵی ئۆرتیڤن شوڵتە دوو رۆژە لە هەرێمی كوردستانە و سەردانی چەند وەزارەتێك و بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی كردووە و چاویشی بە وەزیری تەندروستی هەرێم كەوتووە، چەندین باسیشی لەگەڵ بەرپرسانی كەرتی تەندروستی كردووە.
ناوبراو كە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێری كرد لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەولێر و چەندین بەرپرسی كەرتی تەندروستی كۆبوویەوە، پاش كۆبوونەوەكەیان ئۆرتیڤن شوڵتە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە كۆبوونەوەكەماندا باسی زۆر خاڵمان كرد، ئێستا حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانیا زیاتر دەستییان واڵایە بۆ ئەوەی بەزووترین كات ئەو پێشمەرگانەی برینداری شەڕی داعشن و لە ناو هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەورووبەر چارەسەرییان نییە بگەیەنرێنە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا، هەروەها باسی هێنانی چەند پزیشكێكیمان لە ئەڵمانیاوە بۆ هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەوەی خولی راهێنان بە پزیشكەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها ناردنی چەند پزیشكێك بۆ ئەڵمانیا بۆ تەواوكردن و بەدەستهێنانی بڕوانامە و گەڕانەوەیان بۆ هەرێم بۆ ئەوەی خزمەتەكانییان پەرە پێبدەن".
هەروەها بۆ ئانادۆڵو گوتیشی: "نزیكەی 36 پێشمەرگەمان لە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا چارەسەر كردووە، ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵ كۆمپانیایەك لە ناو هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ژمارەی پێشمەرگە بریندارەكان زیادبكرێت بۆ ئەوەی بگەیەنرێنە ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر".
بریكاری وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە لەم سەردانەیاندا بۆ هەرێمی كوردستان هیچ یارمەتییەكی پزیشیكییان لەگەڵ خۆیاندا نەهێناوە، بەڵام بە روونی گوتی: "بە نیازین لە داهاتوودا دەرمان و ئامێری پێویست بە هەرێمی كوردستان بگەیەنین".
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دكتۆر سامان بەرزنجی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "هەرێمی كوردستان زۆر قەیرانی هەیە لە بوونی شەڕ لەگەڵ داعش و قەیرانی ئاوارەكان و دارایی و هەموو ئەوەی باسیان كرد ئەوانە باری هەرێمی گرانكردووە و داوای هاوكارییان لە حكوومەتی ئەڵمانیا كردووە".
گوتیشی: "باسمان لە هێنانی پسپۆڕ و شارەزای ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ناردنی پزیشك بۆ ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی خول و راهێنانی زیاتر باس كران، هەروەها باسی ئەوەشمان كرد كە چەندین پزیشكی دیكە بنێرین بۆ ئەڵمانیا و بەشێوەی پرۆتۆكۆڵ ئەو ژمارانە رێكبخرێن بۆ ئەوەی بڕوانامەی پسپۆڕی بەدەست بهێنن و لە هەرێمی كوردستان خزمەت بكەن".