Hamit Hüseyin
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2015
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەحمەد كانی، لە بارەی سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بۆ ژمارەیەك وڵاتی كەنداو و هەروەها توركیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سعوودیە و توركیا، دوو وڵاتی میحوەرین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێستاشدا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە تەنگەژە و قەیرانێكی گەورەدایە و خەریكە ئاگرێكی گەورە دیگرێتەوە و رۆڵی بارزانی نیشاندەری ئەوە بووە كە وەك سەركردەیەك لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لایەنەكان لە یەكتر نزیك بكاتەوە و ھەموویان پێكەوە كار بكەن. گرنگی ئەو سەردانانە ئەوە بووە كە بەھیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت كوردستان ببێتە مەیدانی ململانێی سیاسیی وڵاتان".
گوتیشی: "دانانی ئاڵای كوردستان لە تەك ئالای توركیا شتێكی گرنگە و پەیامێكی گەورەیە و ئەوە وەرچەرخانێكی نوێ و دەرگایەكی گەورەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و پێویستە لایەنەكانی سیاسیی لەو پرسە تێبگەن و، ھەروەھا بارزانی تەقدیری ھەموو دراوسێیەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات و ئاساییە كە سەردانی ئێرانیش بكات".
كانی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "دەبێت ھەموو كورد پێداچوونەوە بۆ ئەوە بكەن كە یەكڕیزی ماڵی كورد بپارێزن و پشتگیری لە ھەوڵەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكەن و زۆر گرنگە كە بەرژەوەندی باڵای كوردستان تێكەڵ بە بەرژەوەندی حزبی نەكرێت. لەو قۆناغە سیاسییەدا پێویستە ھەموو لایەنەكانی سیاسیی بەبێ ھیچ بەرژەوەندییەكی سیاسیی پشتگیری سەرۆك بارزانی بكەن".
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمریكا، توركیا و ھەرێمی كوردستان گوتی: "دەنگوی ئەوە ھەیە كە ئەو كۆبوونەوەیە زۆر گرنگە و گەورەترین دەوڵەتی جیھان ئەمریكا لە ئاستێكی بەرز بەشداری لەو كۆبوونەوەیە دەكات و ھەروەھا توركیاش وەك وڵاتێكی گرنگ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێكی بەرز بەشدار دەبێت، ھەروەھا بەشداری كردنی ھەرێمی كوردستان مانای خۆی دەبێت، ھەرچەندە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیارە لەسەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و رووبەڕووبوونەوەی داعش قسە بكرێت بەڵام لە ھەمان كاتدا دەستكەوتی گەورە لەو كۆبوونەوەیە بە دیدێت و پێویستە ھەموو لایەنەكان پشتگیری لەو ھەڵوێستانە بكەن. داواكارم لایەنەكانی سیاسیی ئەگەر نەیانتوانی یارمەتیدەری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بن لانیكەم كێشە درووست نەكەن تا دەگەین بە رەوشێكی ئارام".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی رەوشی ھەرێمی كوردستانەوە گوتی: "لەوانەیە رەوشەكە بە خراپی وەسف بكرێت بەڵام بە پێچەوانەوە لە ماوەیەكی نزیكدا رەوشی ھەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ھەمیشە جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئایندەی كوردستان گرێدراو بەچەند لایەنەك نییە كە حكوومەتیان پێكھێناوە حزب و لایەنی دیكەش ھەن كە دەبێت رێزیان لێ بگیرێت و ئەوانیش خاوەنی خەبات و مێژووی خۆیانن و ناكرێت ھیچ لایەنەك لە جێگای توركمان، كلدان، ئاشووری و سریان بڕیار بدات بەڵكو دەبێت ئەوان خۆیان خاوەن بڕیاربن".
سەبارەت بە ئەگەری دانیشتنی پارتی لەگەل بزووتنەوەی گوڕان ئەحمەد كانی گوتی: "ئێمە ھەمیشە دەڵێن كە ئامادەین لەگەڵ ھەموو لایەنەك دابنیشین بە گوڕانیشەوە بەڵام بەبێ مەرج نە ئێمە مەرجمان ھەبێت نە مەرجیش لە كەس قبووڵ دەكەین".