hejar hekim
31 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2016
ھێمن ھەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ھاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتەکەیە، ئاشکرای کرد سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مسعود بارزانی، بۆ تورکیا و ئەورووپا ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی ھەبووە، ھاوکات جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو گۆڕانکارییانەی کە روودەدەن پەیوەستن بە عێراقی دوای داعش و رێککەوتنی نوێی نێوان زلھێزان و لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە.
ھێمن ھەورامی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: ''لە ئایندەیەکی نزیکدا دەرەنجامەکانی سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ وڵاتانی ئەورووپا و تورکیا دەبینن، بە تایبەت دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوان بارزانی و بەپرسانی باڵای تورکیا پەیوەندییەکان دەباتەوە قۆناغێکی باشتری ئابووریی و سیاسیی. ھەروەھا زۆر پێویستە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو مەترسییانەی کە ناوبەناو لە ناوچەکە سەرھەڵدەدەن، بەرپرسانی تورکیاو جەنابی سەرۆک ھەڤدیتن و کۆبوونەوە ئەنجامبدەن، چونکە ھەرێمی کوردستان و تورکیا خاڵی ھاوبەشییان پێکەوە ھەیە، بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوخۆی ھەردوولا سەقامگیرتر بێت''.
سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ھێمن ھەورامی گوتی: ''تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی نێوان سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بابەتی پڕۆسەی ئاشتییە لە تورکیا کە ھەردوولا ھاوڕان لەسەر ئەوەی پێویستە لە داھاتوودا قسەی زیاتری لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەگەڕبخرێتەوە''.
ھەورامی ئاشکرای کرد ئەو گۆڕانکارییانەی کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ دەکات سەبارەت بەوەی گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە، بریتیین لە قۆناغی دوای ئازادکردنی شاری مووسڵ، کە پێویستە دووبارە رێککەوتنی نوێ بکرێت لە ناوچەکە. ئەو ھێز و لایەنانەی کە بەشدار بوون لە شکستپێھێنانی داعشدا سیستمێکی ئابووریی، سیاسیی، ئەمنیی وا بھێننە ناوچەکە کە گوزارشت لە رای راستەقینەی خەڵکی ناوچەکە بکات.
سەبارەت بە چارەنووسی پێشمەرگەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند: ''سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە روونبووە کە لەگەڵ یەکڕیزیی ھەموو ھێزە کوردستانییەکان بووین و لە رێگەی رێککەوتنی ھەولێر، رێککەوتنی دھۆک، دەبووایە پەیەدە رێگەی بە چوونی پێشمەرگەکانی رۆژئاوا بدایە بۆ چوونە ناو سووریا بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری یەک ھێزی کوردی رووبەڕووی داعش ببینەوە، ئێستاش پێمان باشە و لەگەڵ ئەوەداین کە یەپەگە لەگەڵ پێشمەرگەکانی رۆژئاوا یەکبگرن و لە ژێر رۆشنایی رێککەوتنی ھەولێر و دھۆک ھێزێکی نیشتیمانیی کوردی پێکبھێنن، ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن و شەڕی داعش بکەن''.
لەبارەی چوونی ھێزەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی سووریا، ھێمن ھەورامی گوتی:'' ئەم بابەتە پەیوەندیی بە تورکیاوە ھەیە و ھیچ پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە. بەڵام ھیوادارین کێشەی کورد لە سووریا نەبێتە قوربانی ئەو ھاوکێشە نوێیانەی لە ناوچەکە ھاتوونەتە ئاراوە و کورد لە ئایندەی سووریادا بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بگات. داواکارییشمان لە پەیەدە ئەوەیە کە ئاسانکاریی بکات و لە رێگای ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردییەوە ئەو رێککەوتنە سیاسییەی ھەیانبوو جێبەجێی بکەن، یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و نەبنە جێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکی''.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، گوتی: ''سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پرسی نەوتی کەرکووک، دۆخی مووسڵ دوای شەڕی داعش، ھەروەھا بە چ شێوەیەیک پەیوەندییەکان بنیات بنرێنەوە دوای پرسی ریفراندۆم و جیابوونەوە لە عێراق، دیدێکی ئەرێنیش ھەیە بۆ ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا رەوشی ئابووریی و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکی ھەرێمی کوردستان بەرەو باشتر بچێت''.
لە کۆتایی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، ھێمن ھەورامی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند: "پەیوەندیی نێوانمان پەیوەندییەکی بەردەوامە و لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ یەکێتیی کۆدەبینەوە، پێمان باشە برادەرانی یەکێتیی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وەربگرن، پشتگیریی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ھەرێمى كوردستان دەکەین، چونکە پێمان وایە ئەگەر ھێزە سیاسیەکان گفتوگۆ نەکەن، چ جێگرەوەیەکی دیکە بۆ دایەلۆگ هەیە، ھەمیشە روانگەی پارتی ئەوەیە گفتوگۆی بێ مەرج بەردەوام بێت، بەو مەبەستەی بگەینە رێککەوتن، تاوەکو شان بدەینە بەر ئەو گۆڕانکارییە مەزنانەی لە ناوچەکە روودەدەن ھەروەک بەڕێز بارزانی ئاماژەی بۆ کردووە''.