araz huseen
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2015
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەی دهۆك فەهیم عەبدوڵڵا رایگەیاند: "بەگوێرەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنەكانی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان بە دەنگدان متمانەمان بە كەندیداكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەخشی".
فەهیم عەبدوڵڵا هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە زۆر بەختەوەرین كە لایەنەكی تری گرنگ بەشداری لە حكوومەتی خوجێی پارێزگەی دهۆك دەكات و هیواخوازین ئەمە ببێتە هەنگاوێك بۆ بەشداریكردنی لایەنەكانی تریش لەم حكوومەتە خوجێیەدا".
هەر لەو كۆنگرە روژنامەوانییەدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگەی دهۆك هوشیار فەریق گوتی: "ئێمە چاوەڕێ بووین كە هەموو لایەنەكان بەشدار بن لە حكوومەتی خۆجێی پارێزگەی دهۆك و ببێتە حكوومەتێكی بنكە فراوان و ئەو رێكکەوتنەی لە نێوان یەكگرتوو و پارتی كراوە لە سەر حیسابی هیچ لایەنێكی تر نەبووە بەڵكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن بووە".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگەی دهۆكیش سەباح بابیری گوتی: "ئەنجوومەنی پارێزگەی دهۆك بو هەر پۆستێك سێ كاندیدای یەكگرتوو پەسەند كردووە و دواتر ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەر پۆستێك یەك كاندیدا هەڵدەبژێرێت و دواتر ئەو كاندیدانە دەستبەكار دەبن".
پۆستەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێك دێن لە: جێگری پارێزگاری دهۆك و سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگەی دهۆك و دوو راوێژكاری پارێزگاری دهۆك و دوو بەڕێوەبەری گشتیی و سێ بەڕێوەبەری ناحیە و 16 بەڕێوەبەریەتییەكان.