Hemin Hüseyin
14 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر - AA
ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی:
- "ئێران باوەڕی بە هیلالی شیعی هەیە، پێی وایە کە دەبێت شیعەکان لە ئێران و عێراق و سووریا و لوبنان، پەیوەندییەکی گرێدراوییان هەبێت، ئێران خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی شیعییە لە کەرکووک و خانەقین و چیای شنگال".
-"داوا دەکەین کە هەموو لایەک شایەتحاڵی ئەوە بن کە هەلێک بۆ کورد هاتووەتە پێش بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەڵام پەکەکە بووەتە رێگر لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە".
لە ماوەی رابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی خراپ هەنگاویان دەنا و دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی و رێککەوتنێکی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، هەنگاوەکانی ئەو ناکۆکییەی هێواشتر کرد و بارودۆخەکە تۆزێک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێی وایە کە حکوومەتی عێراق بۆخۆی، خۆی خستووەتە ناو ئەو ناکۆکیانە و ئاماژە بەوەش دەکات کە حکوومەتی عێراق لە نوێترین هەڵوێستیدا رازی نابێت کە هێزی تورکیا بەشداری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بکات و لە هەمانکاتدا هێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی هەیە لە ناوچەکەدا و ناوبراو هەموو ئەوانە بە هەڵوێستێکی سیاسیی خراپ پێناسە دەکات و پێی وایە کە ئەمە کێشەیەکی فیکری و سیاسیی ئالۆزە بۆ حکوومەتی عێراق.
بەپێی پێشبیینییەکان، کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ نزیک بووەتەوە و بەرپرسانی سەربازیش باسی رێککەوتنێکی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەن سەبارەت بەو پڕۆسەیە. ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی ئاشکرای دەکات کە هێزی پێشمەرگە پێویستە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربێت و لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە راستیدا حکوومەتی عێراقی بە دەستی خۆی، خۆی خستووەتە ناکۆکییەکی فیکری و سیاسیی و پڕاکتیکی، بەپێی دەستوور ئێمە بەشێکین لە عێراق کەچی ماوەی دوو ساڵە حکوومەتی عێراق بوودجەی هەرێمی کوردستانی راگرتووە جگە لەوەش، حکوومەتی عێراق هەمیشە دەیگوت هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی نییە بەشداربێت لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ لە هەمانکاتدا ئەو رەوایێتی دەدا بە پەکەکە بەشداری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بکات لە کاتێکدا پەکەکە هێزێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە و ئێمەش بەشێکین لە عێراق، هەروەها عێراق دەڵێت ئێمە رازی نین هێزی تورکیا بەشداری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بکات ولە هەمانکاتدا دەبینین هێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداری دەکات، بەڵام دواتر رێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە".
سەبارەت بە بەشداریکردنی چەکدارانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوە مووسڵ عەلی عەونی گوتی: "لە راستیدا پەکەکە بووەتە چەکێکی مەترسیدار و لە ئێستادا بووەتە چەند بەشێک کە بەشێکیان گرێدراوی ئێرانە و بەشێکیان لەگەڵ ئەرگەنەکۆن و بەشێکیش خەڵکانێکی هەژارن و ئاگاداری سیاسەتی پەکەکە نین، بۆیە من نازانم بەرژەوەندی پەکەکە چییە لە شاری مووسڵ ئەگەر تەنیا بەکرێگیراوی نەبێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە لە پەکەکە بپرسێت کە ئەوان دەتوانن هەموو دونیا ئازاد بکەن و خێرە ناتوانن بچنە ناو گوندەکەی جەمیل بایک، پەکەکە وا دەزانێت بووەتە چێ گیڤارا لە نێوان ئەرجەنتین و بەرازیل، جارێ بابچێت چارەسەری خۆی لە باکوور بکات و لێرە پێویستمان پێی نییە".
بەرەبەیانی 12/11/2015 بە بەشداری حەوت ھەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە و بە پشتیوانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەستیپێکرد کە لە 3/8/2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعش داگیرکرا و تیایدا زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتیی ئێزدی رووبەڕووی مەرگ بوونەوە و نزیکەی 5 هەزار ژن و منداڵیش لەلایەن گرووپە چەکدارەکەوە رفێنران و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو شارەدێیەش ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچەیە جێگیربوون و ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێی وایە کە پەکەکە دەیەوێت لە شنگال، قەندیلێکی دیکە درووست بکات.
سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە ناوچەی شنگال و هەوڵدان بۆ بەشداریکردن یان بەشداری پێکردنیان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوە مووسڵ، عەلی عەونی گوتی: "پەکەکە دەیەوێت لە چیای شنگال، قەندیلێکی دیکە درووست بکات، ئەگەرنا ئێمە چووین بۆ ئازادکردنی کۆبانێ و دوای تەواوبوونی پڕۆسەکەش گەڕاینەوە، چونکە پێویستە خەڵکی کۆبانێ بڕیار لەسەر چارەنووسی ناوچەکەیان بدەن نەک هێزێکی دیکە، شنگالیش بە هەمان شێوە، پێویستە خەڵکی شنگال بڕیار لەسەر چارەنووسی ناوچەکەیان بدەن".
عەلی عەونی گوتیشی: "پەکەکە لەبەردەمی حزبەکانی رۆژهەڵات قووت بووەتەوە ناهێڵێت ئەوان بچن لە رۆژهەڵات خەباتی خۆیان بکەن، بە هەمان شێوە لەبەردەم ئەنەکەسە بووەتە رێگر و ناهێڵێت ئەنەکەسە لە سووریا دژی رژێمەکەی بەشار ئەسەد خەبات بکات، لە باشوور کارەکانی ئێمە ئاڵۆز دەکەن، لە مووسڵ و شنگال و مەخموور و لەو ناوچانە دیسان بوونەتە کێشە، لە تورکیا کەشێکی وایان دروست کردووە کە هەر کەس لەدەرەوەی ئایدیۆلۆجیای پەکەکە بیربکاتەوە ئەوا بە خۆفرۆش و کۆیلە ناوی دەبەن، بە گشتی پەکەکە بووەتە کێشە لەبەردەم بزووتنەوەی کوردی ئەوەش لەلایەن عێراق و ئێران هاوکاری دەکرێن، ئێمە داوا دەکەین کە هەموو لایەک شایەتحاڵی ئەوەی ببن کە هەلێک بۆ کورد هاتووەتە پێش بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەڵام پەکەکە بووەتە رێگر لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە".
لە ئێستادا باس لەو پلانەی ئێران دەکرێت کە بۆ دروستبوونی هیلالی شیعی دایڕشتووە و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە شارەدێی شەرگات جێگیرکراون و ئامادەن بەرەو رۆژئاوای مووسڵ بجووڵێن، چونکە بەپێی نەخشەکە، شنگال و ناوچەکانی باشووری شنگال بەشێکی ئەم ھیلالە شیعییە پێکدەھێنێت و ئەو رێڕەوەش بەناوەندی پارێزگای دیالەدا تێپەڕ دەبێت لە شەرگاتەوە دەچێتە شنگال و لەوێش لە ناوچەی رەبیعەوە دەچێتە سووریا و سەبارەت بەم بابەتەش عەلی عەونی گوتی: "ئێمە هەموومان دەزانین کە حکوومەتی عێراق حەز دەکات وا رەفتار بکات وەکو ئەوەی کارمەندی حکوومەتێکی دراوسێیە، ئێران باوەڕی بە هیلالی شیعی هەیە، پێی وایە دەبێت شیعەکان لە ئێران و عێراق و سووریا و لوبنان، پەیوەندییەکی گرێدراوییان هەبێت، ئێران خەریکی دروستکردنی بنکەی شیعییە لە کەرکووک و خانەقین و لەسەر چیای شنگال، چونکە چیای شنگال شوێنێکی ستراتیجییە بۆ چوونە ناو سووریا و لەو ناوچەیەش پەکەکە بووەتە ئەسپێک بۆ ئەو پڕۆژەیە و لەلایەن ئێرانەوە تاو دەدرێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە ئەو دژایەتیکردنەی ئێران تەنیا مەسەلەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە و هەوڵدەدات ئەو پڕۆسەیە دوابخرێت و ئاشکراشی دەکات کە ئێران دژایەتییەکانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی جۆراوجۆر دەردەبڕێت، هەر لە ناردنی خواردنی ماوە بەسەرچوو تا دەگاتە بۆردومانکردنی سنوورەکان و لەمبارەیەوە عەلی عەونی گوتی: "دژایەتیکردنی تاران بەرامبەر هەرێمی کوردستان تەنیا مەسەلەی سەربەخۆییە، ئەگەرنا قەت رۆژێک هەرێمی کوردستان چەکداری نەناردووەتە سەر ئێران، قەت رۆژێک سنوورەکانی ئەوانمان بۆردومان نەکردووە و خواردنی ماوە بەسەرچوومان نەناردووەتە تاران، جارێک ماددەی هۆشبەرمان نەناردووەتە ناو خاکی ئێران، هەموو ئەو شتانە هەر لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە".