Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2017
سلێمانی ـ AA
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، سەعات (١١)ی پێشنیوەڕۆ ھەتا (٥)ی ئێوارە، کۆبووەوە. لەکۆبوونەوەکەدا، جگەلەوەی گەشتە سیاسیەکەی وەفدی یەکێتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، خرایەڕوو، ھەروەھا سەردانی تەواوی حزبە کوردستانیيەکانیش وگۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵیاندا باسکرا. کۆبوونەوە سوپاسی ھەموو لایەکی کرد بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی سیاسی و یاسایی و ئومێدیشی خواست تێکڕا لایەنەکان دوور لە گیانی تەسکی حزبایەتی، باقی وردەکاری سیاسی پرۆسەکە لەپەرلەمان و یەکڕیزیی نیشتمانیی تەواو بکەن. بڕیاریش درا لەسەر خێراترکردنی ھەنگاوەکانی یەکێتی بۆ رەخساندنی زەمینەی سازانی نیشتمانیی نێوان سەرجەم لایەنەکان، کە ھەنگاوی ھەرە کاریگەریان ئاساییکردنەوەی پەرلەمانە، ھەتا رێکارە یاساییەکانی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و ژیانی پەرلەمانی پەسەند بکات".
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک ھەموو قۆناغە چارەنوسسازەکان، دەرکی ئەرکی ئەم قۆناغە ھەستیارەی لەپارەوە کردووە. بۆیە سەرەڕای تەواوی دۆخە نالەبارەکەی شەڕی داعش و قوربانیيەکانی، ھەروا قەیران و ئاستەنگی ئابوری، کێشە و پروپاگەندە نابەجێکان، فشارو شەڕە دەرونیيەکان، شەڕەنگێزی راگەیاندن و پێشێلکاریەکان.. تاد، مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دوو ساڵە شێلگیرانە داکۆکی لە سیاسەتە بنچینەییەکانی سازانی کوردستانی و ئاساییکردنەوەی پەرلەمان و سوربوون لەسەر چارەسەری تەنگوچەڵەمەی خەڵک و ئارامکردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیش کردۆتەوە. سەرەنجام ھەر سیاسەتی دروستی ئەقڵانی یەکێتی و لایەنە پەرۆشەکان وا خەریکە سەردەکەوێ".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە "کۆبوونەوە، پێی باشە بەزوترین کات، وەفدی باڵای لایەنەکان سەردانی بەغداد بکات و دیالۆگی نێوان ھەرێم و بەغداد لەمیدیاکانەوە بگوازرێتەوە ناو کۆبوونەوە رەسمیەکان و بە پرۆژەیەکی ھەمەلایەنە لەسەر داخوازیەکانی کوردستان لەناو ھەموو لایەنە سیاسیەکان گەڵاڵە بکرێ، بۆ داواکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان، لەپێشەوەدا ئەنجامدانی ریفراندۆم لەھەرێم و ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ھەرێم لەپێناوی سەربەخۆیی، ھەتا دەگاتە ئەو غەدرە ئابورییيەی لەساڵانی رابوردوو لەکوردستان و خەڵکە لەبودجە و مووچە بێبەشکراوەکە. ھەروا لێیپێچینەوەی یاسایی لەسەر پێشێلکاریی لەجێبەجێنەکردنی دەستوور بەتایبەتی مادەی (١٤٠) بکرێ. کاتیشی ھاتووە، سوور بین لەسەر قەرەبوکردنەوەی ئەنفالکراوەکانمان و ٥ ھەزار گوندی تەختکراومان و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و خورماڵ و ھەورامان و سیروان و سێوسێنان و گۆپتەپەو دۆڵی خۆشناوەتی و ناوچەی کۆیە و ناوچەکانی بادینان".
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی باس لەوەش دەکات: "دەبێ ساغبکرێتەوە کە بۆچی پێگەی رەوای بەشداری نوێنەرانی کوردستان لەبەغداد، لە کابینەی ئێستادا بە بڕیارو بەرنامە لاوازکراوە و گەیەندراوەتە تەنھا دوو وەزیر، ئەم لاوازکردنەی پێگەی نوێنەرانی کوردیش وایکردوە کەوا یەکەم: سەرەڕای قارەمانێتی و قوربانیيەکانی ھێزی پێشمەرگە، بێبەشدەکرێ لە چەک، بەتایبەت چەکی قورس، لە مووچە و نووچە، لە رێزلێگرتنی لە راگەیاندنی عێراق و ناساندنی قارەمانێتیەکەی بە رای گشتی عێراقی و عەرەبی.
دووەم: بڕینی بودجە و مووچە و تەنانەت ناوبەناو ھەڕەشەی بڕینی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەکانیش، تەنانەت ئەمساڵ دەغڵ ودانی جوتیارانی کوردستانیش بەنیوەچڵ دەکڕدرێ و نیوەی داھاتەکەشیان پێنەدراوە.
سێھەم: شارو شارۆچکەکانی رووبەڕوو لەپارێزگاکانی دیالە، مووسڵ، کەرکوک، سەلاحەدین، کە بەشێکن لە ناوچە کوردستانیيەکانی مادەی (١٤٠)ی دەرەوەی ھەرێم، ئەمانیش دوای تێکشکاندنی داعش، دوچاری دۆخێکی دژواری ئاساییش کراوون و ئازادی سیاسی و مەزھەبییان زەوتکراوە. نەک تەنھا کوردە دانیشتوەکانی ئەم ناوچانە، بەڵکو کوردانی دانیشتوی بەغداد و شارەکانی تری عێراقیش، کەوتونەتە بەر ھەڕەشەو گوڕەشە".
سەبارەت بە تەنگوچەڵەمەی ژیانی خەڵکیش،" کۆبوونەوە جەخت دەکاتەوە، کە دەبێ حکوومەت، دوای سەرخستنی پرۆسەی بایۆمەتری مووچە، رێکاری تری ئابوری بۆ چاکسازی لە مووچەی فەرمانبەرو کرێکاراندا بگرێتەبەر، چونکە ھێشتا رێگای چاکسازی لەبواری ئابوری گشتی و تایبەتی ماوە بگیرێتەبەر، لەوانە دامەزراندنی ھەزاران کەس لە کۆمپانیا تایبەتیيەکان، فرۆشتنی ئەرزە جۆراوجۆرەکانی کشتوکاڵ و باخ و خانوبەرەی بێتاپۆ، چاودێریکردنی بازاڕو زیادکردنی باج. ھەمووشی پێویستە بخرێتە خزمەتی چۆنيیەتی چارەسەرکردنی پاشەکەوتی مووچە و پێدانەوەی مووچە".
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکە باس لە کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکە کراوە، لەو بارەیەوە ھاتووە: "بۆ گرفتەکانی ناو یەکێتی، کۆبوونەوە بوارێکی فراوانی رەخساند بۆ ھەڤاڵان لەسەر کۆی کێشەکان رەخنە و بۆچونەکانیان دەرببڕن. سەرجەم دیالۆگی ناو کۆبوونەوە، بەپەرۆشیی یەکێتیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی مشتوماڵ کران. سەرەنجام دوو لیژنە بۆ ھەڵسەنگاندنی کاروباری حکوومەت و حزب لەپێناوی گۆڕانکاری بەسەرپەرشتی دوو ھەڤاڵی مەکتەبی سیاسی بڕیاریان بۆ درا".
لەکۆتاییشدا هاتووه، "کۆبونەوە پێیوایە، جێبەجێکردنی ئەم داخوازییانە، سەبارەت بە پەرلەمان و یەکڕیزیی نیشتمانیی و تەنگوچەڵەمەی خەڵک، دەرھەق بە ھەلومەرجی ئیستا، ھاوکێشە سیاسیەکان لە تەنگژەی جۆراوجۆر دەرباز دەکات. باقی کێشەکانیش بێگومان لەناو پەرلەمان و لەکۆبوونەوە بەردەوامەکانی تردا، خەبات دەکەین بەدییان بھێنین".