سلێمانی
جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەلال تاڵەبانی بەرھەم ساڵح، بەھەڵوێستە راشکاوەکانی، بووە یەکەمین سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانی کە بەدیدێکی رۆژئاواییانە ئەنجامە بەئازارەکەی دوایین ھەڵبژاردن بۆ حیزبەکەی پەسەند بکات، کاتێ لەڕیزبەندیی دووەمین حیزبی پڕ نفوز گەیشتە پلەی سێیەم.
ساڵح ئێستا لە سەروەختی سەفەرێکدایە بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران تا سەرۆکایەتیی شاندێکی ی.ن.ک بکات بۆ ئەو وڵاتە، بەر لەوەی بەڕێکەوێ بۆ تاران، ئامادە بوو لەگەڵ پەیامنێرانی AA لە سلێمانی ھەڤپەیڤین ئەنجام بدات، لە ماڵەکەی خۆی لەگەڕەکی ئاشتی کە چەند مەترێک لەبارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان دوورە، ئەو بزووتنەوەیەی لەڕیزبەندی دووەمین حیزبی خاوەن جەماوەر جێی حیزبەکەی ئەوانی گرتەوە.
بەرھەم ساڵح، جارێکی دیکە جەختیکردەوە لەبۆچوونەکانی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگی حیزبەکەی لە دوایین ھەڵبژارنی ھەرێمی کوردستان و بەڕاشکاوانە گوتی: "یەکێتی نەیتوانی وەڵامی پرسیار و داخوازیی جەماوەری ژێر دەسەڵاتەکەی و قاعیدەی خۆی بداتەوە. ئەو ئەنجامەی بەدەستی ھێنا پەیامی جەماوەرەکەی بوو بۆ سەرکردایەتی تا جارێکی دیکە بەخۆیدا بچێتەوە، شێوازێکی دیکە لە حوکمڕانی و سیستەمی بەڕێوەبردن پێشکەش بە جەماوەرو گەلەکەی خۆمان بکەین."
ھەروەھا رایگەیاند: سەرکردایەتی ی.ن.ک بڕیاریداوە بۆ چارەسەری کێشەکان بگەڕێنەوە بۆ جەماوەری خۆیان تاکو بڕیارە چارەنووسسازەکان بخەنە بەردەم ئەوانیش.
ھەرێمی کوردستانی عێراق لەچاوەڕوانی پێکھێنانی کابینەی تازەدایە. کابینەیەک کە بەھۆی سیاسەت و ھاوپەیمانی تەقلیدی نێوان پ.د.ک و ی.ن.ک لەدوای ساڵی ١٩٩٢ و ٢٠٠٦ ھیچ کاتێ بەقەدەر ئێستا ئاستەنگی نەھاتووەتە پێش، دەنگی زۆرینە دابەش بووە بەسەر پێنج ھێزداو ریزبەندی یەکەم و دووەمیش تێکچووە، بۆیە مشتومڕی پێکھێنان پێناچێ ھەروا بەئاسانی دوایی پێ بێ.
دکتۆر بەرھەم ساڵح رایگەیاند: گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەستی پێنەکردووە.
زیاتر گوتی: "تا ئێستا گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەستی پێنەکردووە، دەبێ ئەوە جێ بێڵین بۆ کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆکان، بەڵام ھەڵبەت پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراوان چارەسەری زۆربەی کێشەکان دەکات لە ناو کوردستاندا."
ئێستا مشتومڕی ئەوە لەئارادایە ئایا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای نزیکەی ٢١ ساڵ حوکمڕانیی بەردەوام، ئامادەیە ببێتە ئۆپۆزسیۆن؟ دکتۆر بەرھەم خێرا وەڵام دەداتەوە: "لە حاڵەتێکی وادا سەرکردایەتیی یەکێتی بریاڕ لەو دۆخە نادەن بەتەنیا، بەڵکو دەگەڕێینەوە بۆ قاعیدەو ئۆرگانەکانی دیکەی، لەوێ ئەو بڕیارە گەڵاڵە دەکرێ ئایا ببینە ئۆپۆزسیۆن یان نا."
لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێکی حیزبەکەی، دکتۆر بەرھەم تەنیا ئەوەی گوت: "پاش تاوتوێکردنی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، بڕیار وایە سەردانی وڵاتی ئێران بکەم، راستی بۆ ھەرێمی کوردستان وڵاتانی دراوسێی وەکو ئێران و تورکیا زۆر گرنگن."
دکتۆر بەرھەم پێگەی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ناو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەوجۆرە ھەڵسەنگاند: "سەدەی بیست، سەدەی زەوتکردنی ماف و نەھامەتی بوو بۆ کورد، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵی کورد و فاکتۆری کورد پەراوێز خراون، بەڵام سەدەی بیست و یەک، کورد رۆڵێکی گرنگی لە بەدەستھێنانی ئارامی و ئاساییشدا ھەیە، تورکیا نیگەران بوو لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن کورد ببێتە ھۆی پارچە پارچە بوونی عێراق و جیابوونەوەی کوردستان، کەچی پێچەوانەکەی راست بوو، ئێستا دەبینن کورد بووەتە ھۆی ئارامی و سەقامگیری لە عێراقدا، ھەروەھا پەیوەندییەکی پتەوی ھەیە لەگەڵ چواردەوری بەتایبەتی تورکیا، پەیامی ئەم سەردەمە ئەوەیە بە بێ ڕەچاوکردنی مافەکانی کورد، ئارامی و ئاسایشی ڕۆھەڵاتی ناوەڕاست دابین ناکرێ."
لەبارەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی و رەوشی ئاشتی لە تورکیا، دکتۆر بەرھەم بانگەوازیی کرد لەھەموو ھێزو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کە لەسەر مێزی گفتوگۆ، کێشەو ناکۆکییەکان تاوتوێ بکەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، ھەروەھا ھیوای خواست پرۆژەی دیموکراتیزەبوونی ئەو وڵاتە بەرەو پێش بچێ و لەبارەی مافەکانی کورد لە تورکیا ھەنگاوی زیاتر بھاوێژرێ.
دکتۆر بەرھەم ساڵح لەبەشێکی دیدارەکەدا لەبارەی قەیرانی سوریا قسەی کرد و گوتی: "ئێمە بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە رەوشی سوریا، کاتێ دەبینین دراوسێکەمان بەھۆی جەنگەوە توشی ماڵوێرانی و برسێتی ھاتووە ئازارمان پێدەگات، ئێستا جەنگ لە سوریا تەواو لەو جەنگە دەچێ کە لە ئەفغانستان ڕوویدا لەکۆتایی ساڵانی ھەشتاکاندا، چەند وڵاتێ بۆ ئەوەی ڕژێمی سوریا بڕوخێ، پشتگیریی لە چەند گروپ و تاقمێکی توندڕەودەکەن، ئەمە تەواو لەو جەنگە دەچێ کە لە ئەفغانستان روویدا بۆ دەرپەڕاندنی سۆڤێت پشتگیریی لە گروپێکی توندڕەو دەکرا دواتر ئوسامە بنلادن بەرھەمی ئەو پشتگیرییانە بوو."
ھەروەھا گوتی: "ئێستا چەندین گروپی تیرۆریستی چەندین کەسی توندڕەو دروستدەکرێن لە سوریا، بێگومان ئەمەش زیان بە ڕەوشی دیموکراسی و ئارامی ناوچەکە دەگەیەنێ. دەبێ ھەوڵی ئەوە بدەن ڕێچارەیەکی دیموکراسییانە بدۆزنەوە بۆ قوتاربوونی سوریا لەو ڕەوشە خراپەی تێی کەوتووە، گەلانی سوریایش بە مافە دیموکراتییەکانی خۆیان بگەن. ھەروەک چۆن زوڵمی سەر کورد لە عێراق لە دوای سەدام حوسێن کۆتایی پێھات، ئاوا لە سوریایش زوڵمی سەر کورد و گشت پێکھاتەکانی دیکە کۆتاییان پێ دێت و بە مافەکانی خۆیان دەگەن، چونکە سەردەمی زوڵم و ستەمکاریی لە سوریایش بەسەرچووە."