Dlshad Saifaalddin Ahmed
14 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح سەردانی یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانییانی کارەساتی ئەنفال لە بیابانی پارێزگای موسەننا (سەماوە) باشووری عێراق کە لە ماوەی رابردوودا دۆزراوەتەوە و رووفاتی دەیان قوربانی ئەنفالی تیادایە کرد.
سەردانەکەی بەرھەم ساڵح ھاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا، لەو سەردانەشدا ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و نوێنەری ئەمنیداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین ھینیس بلاسخارت و پارێزگاری موسەننا (سەماوە)، ئەحمەد مەنفی یاوەرییان کرد.
سەرکۆماری عێراق لە گوتەیەکدا لەسەر ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی قوربانییانی ئەنفال گوتی: "ئەم تاوانە بەتاوانی جینۆسایدی گەلی کورد دەژمێردرێت، دۆزینەوەی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵەش بەڵگەیەکی دیکەی تاوانەکانی رژێمی دیکتاتۆریە".
بەرھەم ساڵح گوتیشی: "کەسوکاری قوربانییان لە چەمچەماڵ و بارزان و مەحاویل و ئەھوار یەک حاڵەت بوون لە رەتکردنەوەی ستەمکاری و دیکتاتۆری. سەرکەوتنی ستەملێکراوان دەبێت ببێتە دووپاتکردنەوەی پاراستنی بنەما نەگۆڕە نیشتمانییەکان و دووبارە نەبوونەوەی ستەمکاری رۆژانی رژێمی سەدام. لە ھەمان کاتدا رێزگرتن لە کەسوکاری قوربانییان بەوە دەکرێت کە دژایەتی گەندەڵی و دیاردە ناباوەکان بکەین، ئەوەش بەڵینمان دەبێت بۆ گشت ھاووڵاتییانی عیراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیان و ئێزدی و گشت پێکھاتەکانی دیکە کە دەبێت یەک دەست بین لە پێناوی سەرکەوتن بەسەر ئەو تاوانانەی کە رژێمی سەدام و ئەنجامی داون".
سەرکۆماری عێراق ئەوەشی گوت "لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، دەبێت دووپاتی بکەینەوە کە پاشخانی ھزری بەعسی و دید و بۆچوونی سەدامی لە تاوانەکانی داعشدا، بەڵگەیەکی ئاشکران لەسەر ئەوەی کە ئێمە پارێزراو نین لە تیرۆر، بۆیە پێویستە وانە لەو کارەساتانە وەربگرین و دەوڵەتی ستەمکار بەردەوام نابێت".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، خەمی ئەو کارەساتە ھەرگیز ساڕێژ نابێت و پێویستە خزمەتی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال بکەن .
بەرلە ٣١ ساڵ و بە چەند قۆناغێک لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی عێراقەوە، تاوانی ئەنفال بە چەند قۆناغێک دژبە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و ١٨٢ ھەزار کەس بەر ئەو شاڵاوە کەوتن کە تا ئێستاش بەشی زۆریان رووفاتیان دیار نییە.
لە ساڵیادی ئەو کارەساتەدا ئەمڕۆ لە ناوچەی گەرمیان کە زۆرترین ژمارەی قوربانییانی ئەنفالی لەخۆ گرتووە چالاکی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە ساز دەکرێت و کەسوکاری قوربانییان یادی قوربانییەکانیان دەکەنەوە.