Heman Hussein Yaseen Yaseen
14 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2019
هەولێر - AA
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نەورۆز مەولود رایگەیاند کە لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆنفڕانسێکی گرنگ لە بواری ژینگە بەڕێوەدەچیت کە رێکخراوی UNDP هاوکار دەبێت و ئامانج لێی پەرەپێدانی پاراستنی ژینگەیە.
نەورۆز مەولود لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەرچی پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموومانە و بەردەوام پێویستی بە هۆشیارکردنەوە و ئەنجامدانی بەرنامەی تایبەت بەم بوارەوە هەیە لەماوەی دوو رۆژی داهاتووشدا کۆنفڕانسێک لەسەر بابەتی ژینگە بە هاوکاری UNDP ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاکمان هەبێت و بێگومان دەبێت هاووڵاتییانیش هاوکاربن".
لەبارەی قەبارەی زبڵ و خاشاکی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان، نەورۆز مەولود گوتی: "رۆژانە حەفت هەزار و ٥٠٠ تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە و حکوومەتی هەرێم مانگانە بڕی ١٢ ملیار دینار دابین دەکات بۆ کۆمپانیاکانی پاککردنەوە".
لەبارەی دانانی کۆمپانیای ریسایکڵین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتواندرێت جارێکی دیکە سوود لە زبڵ و خاشاک وەربگیرێت و بکرێت بە ماددەیەکی دیکە، نەورۆز مەولود گوتی: "چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک لە شاری دهۆک و قەزای ئاکرێ هەیە و لە هەولێر و سلێمانیش ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە، هەرچی چەمچەماڵ و رانیەشە ئەوا دراوەتە کۆمپانیای تایبەت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ماددەکان بە شێوەیەکی جیاجیا کۆدەکرێنەوە بۆ ئەوەی بتواندرێت زبڵ و خاشاکەکە پۆڵین بکەن و گوتی: "بێگومان لەکاتی کۆکردنەوەدا، رەچاوی ئەوەکراوە کە شووشە بە جیا و کارتۆن بەجیا کۆبکرێتەوە و لەسەدا ٢٥ی دەبێتە پەیینی کیمیایی و دەدرێت بە پارک و باخچەکانی ئەو شوێنەی کە ریسایکڵینی لێ دەکرێت و بە دڵنیایییەوە لە ماوەیەکی نزیکدا، هەر شارێک کۆمپانیایەکی ریساکڵینی خۆی دەبێت".
زبڵ و خاشاک بریتییە لەو پاشماوە فڕێدراوانەی کە زیان بە تەندروستی و سەلامەتی مرۆڤ دەگەیەنێت، کە ئەوانیش بریتین لە خاشاکی ماڵان، کارگەکان، کێڵگەکان و پاشماوەی باڵەخانەکان.
پڕۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ زبڵ و خاشاکدا چەند هەنگاوێکی هەیە وەک چاودێریکردن، کۆکردنەوە، گواستنەوە و چارەسەرکردن کە ئەمەش خزمەت بە ژینگە و تەندروستی مرۆڤ دەکات لە هەمانکاتدا دەبێتە دەستخستنەوەی دەرامەت و دووبارە بەکارهێنانییان.