تەندروستی

هۆكاره‌كانی پیسبوونی هه‌وا و چاره‌سه‌رییه‌كانی له‌ پانێڵێكدا

- ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵمه‌تی هه‌فته‌ی هۆشیاریی ژینگه‌یی ده‌ستپێكردووه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پانێڵێكی بۆ به‌رپرسانی چه‌ند وه‌زاره‌تێك رێكخست.

Hemn Baban  | 14.04.2019 - نوێکردنەوە : 16.04.2019
هۆكاره‌كانی پیسبوونی هه‌وا و چاره‌سه‌رییه‌كانی له‌ پانێڵێكدا

Arbil

ھەولێر - AA

ھەڵمەتەکە ھەفتەیەک دەخایەنێت و جەخت لەسەر ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان بە پیسبوونی ژینگە و ھۆکارەکانی دەکاتەوە.

بەبۆنەی ١٦ی نیسان رۆژی ژینگەی کوردستان لە چوارچێوەی ھەڵمەتی ھەفتەی ھۆشیاری بە دروشمی"لە پێناو ھەناسەیەکی پاک"، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان پانێڵی "پیسبوونی ھەوا، ھۆکار و چارەسەر" لە ھۆڵی بۆنەکانی ھۆتێل شیراتۆن لە شاری ھەولێر سازکرد.

لە پانێڵەکەدا کە بەرپرسانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی شارەوانی و چەند دامەزراوەیەکی دیکەش ئامادەی بوون تیایدا تیشک خرایە سەر پیسبوونی ھەوا، ھۆکارەکانی و کاریگەرییە خراپەکانی.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی ھەرێم، لیوا رزگار عەلی رایگەیاند لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار ئۆتۆمبیل ھەیە و ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ پیسکردنی ژینگە.

ھەروەھا باسی لە گرتنەبەری رێکار کرد بۆ زیادبوونی ئەو ژمارەیە و باسی لە ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەش کرد لە رێگەی ئۆتۆمبیلەوە.

ھاوکات بریکاری وەزیری شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خەسرەو کەمال رایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێم دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ سەوزکردنی زیاتری ژینگەی کوردستانی خەرجکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خالس قادر لەنێو پانێڵەکەدا باسی لەوەکرد کە پیسبوونی ھەوا و ژینگە ھۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

سەرپەرشتیاری ھەڵمەتی ھەفتەی ھۆشیاریی ژینگەیی، ئەحمەد محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە چوارچێوەی ھەڵمەتی ھەفتەی ھۆشیاریی بەبۆنەی ١٦ی چوار کە رۆژی ژینگەی کوردستانە، پانێڵەکەمان بریتییە لە پیسبوونی ھەوا، ھۆکار و چارەسەر، چەندین وەزارەتمان بانگھێشتکردووە بۆ ئەوەی بەشداربن لێرە و دەمانەوێت لەکۆتاییدا کۆمەڵێک پێشنیاز و راسپاردە گەڵاڵە بکەن و لە ئایندەدا بیدەین بە حکوومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان".

گوتیشی: "ھۆکارەکانی پیسبوونی ھەوا زۆرن، لەوانە بوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبیل، بوونی موەلیدەیەکی زۆر، ھەروەھا بوونی کارگە و پاڵاوگەیەکی زۆر کە لە بواری نەوت و گازدا کاردەکەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın