Sarmand Hameed
07 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2022
ھەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح، لە بەغدا پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی وڵات تاوتوێ کرا و دووپاتکرایەوە لە گرنگی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی و بەگژداچوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و رێگەگرتن لەھەر ھەوڵێک بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایشی ھاووڵاتییان، ھەروەھا جەختکرایەوە لە پێویستی پشتیوانیکردن لە ھێزە ئەمنییەکان، تاوەکو کارەکانی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی وڵات گفتوگۆکرا و جەختکرایەوە لە گرنگی سازان و یەکڕیزی و بەھێزکردنی بەرەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵینگارییە جۆراوجۆرەکان و پشتیوانیکردن لە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بە ئاڕاستەی ھێنانەئاراوەی داواکارییە نیشتمانییەکان، لە ھەمووشی گرنگتر ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵک لە رووی خزمەتگوزاریی و بژێوی ژیان و پێویستی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی عێراق.