Zana Natık Kerem
07 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، لیوا روکن جەبار تائی رایگەیاند، ژمارەیەک زۆر لەو خێزانانەی کە ھەفتەی رابردوو بەھۆی گرژییە ئەمنییەکانەوە لە قەزای شنگال ئاوارەبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
لیوا روکن جەبار تائی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، گرژی ئەمنی لە قەزای شنگال روویدا کە دواتر لەلایەن ھێزەکانی سوپاوە کۆنترۆڵکراوە و گوتی: "لەئێستادا، رەوشی قەزای شنگال، ئارام و سەقامگیرە".
باسی لەوەش کردووە، ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانە ئێزدییانەی کە ھەفتەی رابردوو بەرەو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئاوارەبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، لیوا روکن جەبار تائی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ھێزەکانی سوپا بەشێوەیەکی باش مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو لە قەزای شنگال کردووە، بەڵگەش لەسەر ئەوەیە کە ھیچ کەسێکی مەدەنی بریندار نەبووەوە لە کاتێکدا لە میانی رووداوەکاندا، یەک سەرباز کوژراوە و نۆ سەربازی دیکەیش برینداربوون.
پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڤیان دەخیل رایگەیاندبوو کە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ھێزەکانی سوپای عێراق و چەکدارانی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە لە قەزای شنگال زیاتر لە چوار ھەزار مەدەنی بەرەو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئاوارەبوون.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە سەریھەڵدا و، لە پێکدادانەکاندا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.