Zana Natık Kerem
04 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2019
بەغدا ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح وەڵامی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی دایەوە و رایگەیاند کە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، مافی ئەوەیان نییە چاودێری ئێران بکەن و داواشی لە واشنتۆن کرد کە لەبارەی ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، روونکردنەوە بدات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ بە تۆڕی ھەواڵیی "CBS"ی ئەمریکی راگەیاند کە گرنگە بۆ چاودێکردنی ئێران، بنکەی ئەمریکا لە عێراق بمێنێتەوە.
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە میانی چالاکییەکانی دیداری نێودەوڵەتی رافیدەین بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە ئەمڕۆ لە بەغدا دەستیپێکرد، گوتارێکی پێشکەشیکرد.
بەرھەم ساڵح گوتی: "لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جێگەی سەرسوڕمانە، ھێزەکانی ئەمریکا تەنھا لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجیدا دەتوانن، ھەڵسوکەوت بکەن".
سەرکۆماری عێراق گوتیشی: "ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، مافی ئەوەیان نییە، چاودێری زۆر شت بکەن لەنێویاندا چاودێریکردنی ئێران".
بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی نایەوێت ببێت بە لایەنێک یان میحوەرێک لە ململانێی نێوان وڵاتان و باسی لەوەشکرد، لەئێستادا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە واشنتۆن روونکردنەوە لەبارەی ئەرک و ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بدات.
سەرکۆماری عێراق جەختیکردەوە کە کاری لەپێشنەیان، پەرەپێدانە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەنێویاندا ئێران.
پێشتریش ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاردانەوەیان لەسەر لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نیشاندا و داوایان کرد رێککەوتنی ستراتیجی نێوان ھەردوو وڵات ھەڵبوەشێندرێتەوە.