Rawan Subhi Obaiullah
28 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2026
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە بەیانییەوە پلەکانی گەرما (٦ بۆ ٨) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و شەپۆلێکی بارانبارین دەست پێدەکات.
ڕاپۆرتی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە لە بەیانییەوە ناوچەکانی هەرێم دەکەونە ژێر کاریگەریی لاوازی بەرزەپاڵەپەستۆی دەریای سوور، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بە بڕی (٦ - ٨) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و ئەم ڕەوشەش تا کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، هەروەها لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەوە بەهۆی سەرهەڵدانی کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست، ئاسمانی ناوچەکە سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، و لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کاریگەرییەکەی زۆرتر دەبێت بە جۆرێک کە سەرەتای بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک بڕی (٢ - ٣) ملم دەست پێدەکات و بە ڕێژەیەکی کەمتریش لە سنووری پارێزگای هەولێر بە بڕی (١ - ٢) ملم و بە شێوەیەکی لاوازتریش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە بڕی (٠.٥ - ١) ملم درێژ دەبێتەوە.